ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 ( سوێند بێت بە خوای گەورە و مەزن، ئەرک و بەرپرسیاریەتی یاساییم بە لێبڕاوانەو دڵسۆزانە جێبەجێبکەم و پارێزگاری لە سەربەخۆییو سەروەری عێراق بکەم و بەرژەوەندی گەلەکەی لەبەرچاوبگرم و شەونخونی بکەم بۆ سەلامەتی زەوی و ئاسمان و ئاوو سامان و ڕژێمە دیموکراتی و فیدرالیەکەی و کار بکەم بۆ پارێزگاری لە ئازادیە گشتی و تایبەتیەکان و سەربەخۆیی دادگاو پابەند بوون بە جێبەجێکردنی یاساکان بە ئەمانەت و بێلایەنیەوە، خواش شایەتی ئەوەیە کە دەیڵێم ) . 

ئەو پارەگرافەی سەرەوە مادەی ( ٥٠ ) ی دەستوری عێراقییە ، ئەو دەستورەی ٨٠% خەڵکی عێراق دەنگی پێداوە، و هەردوو حزب ( پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ) نەک تەنها زۆرترین بانگەشەو بەرنامەو ریکلامیان بۆ پەسند کردنی پرۆژەی دەستوری عێراق کرد ، بەڵکو خۆیان ئەو عێراقەیان بە پینەو پەڕۆ درووست کردەوە ، لەوکاتەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵ بوو ، بەئازادی ولەسایەی حوکمەتی هەرێم و پەرلەمان خۆی ( بەهەمو سەقەتی و کەموو کوڕییەکانییەوە ) نیمچە سەربەخۆ دەژیا . 

لێرەدا من نامەوێ باسی ڕۆڵی سەرکردەکانی هەرێمی بەتەمای خودا لە دروست کردنەوەی عێراق بکەم ، نامەوێ ئاماژە بە رۆڵی سەرکردەکانی کورد بکەم کە چۆن خەڵکی هەرێمی بەتەمای خودایان بۆ دەنگدان بەو پرۆژەیە ( پرۆژەی دەستووری عێراق ) هان دەدا و دەیان گووت : ئەو دەستوورە ڕەچەتەی زامنکردنی مافەکانمانە بە ناوچە دابڕێنراوەکانیشمانەوە ، هەروەها نامەوێ باسی پشتگیری پێشوازی سەرکردەکانی کورد لە مانەوەو بەردەوام بوونی (نوری مالیکی) لە دەسەڵاتەبەربادەکەی بکەم ، بەڵکو ئەوەی مەبەستمە زۆر بەکوردی و بەکورتی باسی بکەم ئەوەیە : 

٤٢ رۆژی رەبەق ماوە بۆ ئەنجام دانی ریفراندەمی سەربەخۆیی کوردستان ، کەچی ئەندامەکانی ( پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لەبەغدای نەیارن و وەک ئەوەی (نەبایان دیبێت نەباران ) ، بە بەرێز ( فواد مەعسوم ) ی سەرۆک کۆمارەوە ، ( کە بەرێزیان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە ) ، ئەو حزبەی لە هەرێمی بەتەمای خودا بانگەشە بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات و کادیرێکی دیارو پێشکەوتووی وەک ( فەرهاد سەنگاوی ) کە لەبەرەی ( نەخێر بۆ ریفراندەم لە ئێستادا ) دایە ، توندترین سزای دەدات و لەریزی حزبەکەی دەری دەکات ، لەهەمان کاتیشدا ئەندامەکانی لە بەغدا بە سەرۆک کۆمارەوە ناکشێنێتەوەو خۆی لێیان بێدەنگ کردووە ، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە هەمان شێوە ، ئەندامەکانی لەبەغدان ولە ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەییان هەیە و ، لە هەرێمی بەتەمای خوداش دەهۆڵی سەربەخۆی دەکوتن هۆرا بۆ بارزانی دەکێشن و بە ( ئەندازیاری ریفراندەم و سەربەخۆیی ) ناوزەدی دەکەن .

لێرەدا دەپرسم : نوێنەرە بەرێزەکانی کوردستان لەبەغدا ، هەر بۆ پاراستی مسداقییەتتان و پیرۆزی ریفرەندەم ، کەی لە بەغدا دەکشێنەوە ؟ هەر نەبێ ، خۆ دەتوانن ئەندامییەتیتان هەلپەسێرن و هێزوو وزەو تواناتان بۆ سەرخستنی سەربەخۆیی تەرخان بکەن ، ئاخر چۆن دەبێت لەلایەک داوای سەربەخۆیی کوردستان بکەن و لەلایەکی دیکەش پارێزگاری لە سەربەخۆیی و سەروەری عێراق بکەن ؟ چۆن دەبێت دژی دەستوری وڵات بن ، کە خۆتان نەک تەنها داتان ڕشتووە و دەنگتان پێ داوە ، بەڵکو ئەوانەشتان بە نەیار لەقەڵەم داوە کە دەنگیان بۆی نەداوە ؟ 

کەی خۆتان یەک لایی دەکەنەوە و لەخۆتان دەپرسن ، ئایا سەربەخۆییتان دەوێ یان مانەوە لە عێراقدا ؟ ئاخر ناکرێ و نابێت ، لە دوای چەند رۆژێکی دیکە ، رێک لە ( ٢٥ ) ی ئەیلولی ئەم ساڵ ، دەنگ بۆ کوردستانی سەربەخۆ بدەن و لە بەغداش بۆ عیراقێکی یەکگرتوی سەربەخۆ کاربکەن و پابەندی دەستوورکەی بن ، ئەو دەستوورەی کە خۆتان لە سالی 2003 داتا ڕشتووە وئەندازیاری سەرەکی بوون لە نووسینەوەو پەسەندکردنی ؟