ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوێنێش گووتم ، ئەمرۆش دەڵێم : درۆ دەکەن ، درۆ ، ئێوە فرچکتان بە بەغدای کۆنە هەوارتان گرتووە ، دەنا کەستان بینیوە خاوەن هەق بێت و بەفیکەیەک رێگای ماڵی ستەمکارەکەی ، نەیارەکەی ، شەریکە ناشەریکەکەی بگرێت و بەمل شۆری لەدەرگای بدات و بڵێت : فەرموو شەریکە بەرێزەکەم ، وا هاتووم دانوستان و دیالۆگ لەسەر مافە زەوتکراوەکانم بکەم ؟! 

ئاخر لە کوێی دونیا شتی وا بەرباد رووی داوە بۆخاتری خوا ، هەتا لە عورف و عاداتی کۆمەڵایەتی و سولحی عەشائیریشدا ، هەمیشە ناهەق دەرگای خاوەن هەق لێدەدات و داوی سوڵح دەکات ...!! 

ئێ دەبڵێن وانییە...... ؟ 

ئاخر پێشتریش هەرواتان کرد ، کاتی ڕازی بوون لەسەر ماڵی خۆتان ، لەسەر خاکی دابرێندراو و تەعریب کراوی کوردستان راپرسی بکەن ، ئاخر هەی نەزانینە ، کەس لەسەر ماڵی خۆی ، ئەندامی خێزانی خۆی ، خاکی خۆی ، شەهیدی خۆی ، نەوتی خۆی ، (دل و قودس)ی خۆی ، راپرسی دەکات ؟ 

دوێنێش گووتم ، ئەمرۆش دەڵێم : درۆ دەکەن درۆ ، ئەوە ئێوەن فرچکتان بەبەغدا گرتووە ، دەنا دەبوایە لەبری ئێوە دەرگای بەغدا لێ بدەن و بەمل کەچی لەسەر مێزی گفتووگۆ بەرامبەر ( ئاغای مالکی ) دانیشن و قاوەو خورمای تاڵ سندان بکەن ، دەبوایە ( ئاغای مالکی ) لەسەرچۆک و بەسکە خشکێ لەبەردەمتان ئامادە بوایەو ئەمریکاو وڵاتانی ئیقلیمی و عەربیشتان وەک شایەد و ناوبژیوان ئامادە بکردبایە ، چونکە ئێوە ، یان باشتر بڵێم ، ئێمە خاوەن هەقین نەک ئەوان . 

لەبری ئەوەی شاندێکی کەشخەو پۆشتەی پێلاوقەڵتاغی رەونەقداروگیرفان پر دۆلاری دزراوتان بناردبایە بەغدا ، دەبوایە دایکێکی رەش پۆشی خێرلەخۆنەدیوی جەرگ سوتاوی ئەنفالی نوگرەسەڵمان و تۆپزاوەو عەرەعەرو ،هاوسەری پێشمەرگەیەکی شەهیدو ، خانەنشینێکی بێ پارەو داودەرمان و، پەککەوتەیەکی هەژاری بێ ناز و ، مامۆستایەکی بێ دەرامەتتان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا ئامادەبکردبوایە ، چونکە ئەوان زەرەرمەندەکانن ، نەک ئێوە ؟ چونکە ئەوانن هەق خوراوەکان ، نەک ئێوە ، چونکە ئەوان ،ماڵ وێرانەکانن نەک ئێوە ، چونکە ئەوان بێ کارەباو بێ ئاو و بێ هیواو کۆست کەوتوون ، نەک ئێوەی تێرو پۆشتە و کەشخە بەماڵی دزراوی میللەت . 

دوێنێش گووتم ، ئەمرۆش دەڵێم : درۆ دەکەن ، درۆ ، لەخۆشیان کەناوی بەغدا ، تاران ، ئەنکەرا دێت دەمتان ئاودەکات و خواخواتانە فیکەیەکتان بۆ لێ بدرێت ،خۆشتان نازانن دەست لە سەر سنگ و زەلیل و مل کەچ چۆن دەگەنە بەردەرگایان . دەک پیرۆزتان بێت ئەو زەلیلییە و، ئەو ھاوپەیمانییە جوانەی نێوانتان . 

دوێنێش گووتم ، ئەمرۆش دەڵێم : درۆ دەکەن درۆ ، ئەگەر سەربەخۆی کوردستانتان لا گرنگ بوایە ، ئەگەر ریفراندەمتان لا پیرۆز بوایە ، ئەگەر خوێنی شەهیدەکانتان لا بەنرخ بوایە ، دەبوایە ئێستا شاندی بەغدا لە هەولێر بوایە نەک بە پێچەوانە . 

لەکۆتایدا دەلێم : هەر کەسێک ڕەخنەی لە شاندی باڵای ریفراندۆم لە بەغدا لەسەر چاوپێکەوتنی لەگەڵ (نوری مالکی ) نەگرت ، هەرکەسێک سەرکۆنەی چونە بەغدای شاندی باڵای هەرێمی بەتەمای خودای نەکرد ، کە دەبوایە پێچەوانە بوایە ، ئەوا ئەو کەسە بێ سێ و دوو ، بەرژەوەندی حزبی لەپێش بەرژەوەنی گەل و نیشتیمانەکەی داناوە .

بەڵێ ، ئەو کەسانە رێک مل کەچی حزب و سەرۆکن ، ئەو حزب و سەرۆکەی ریفراندەمیشی حزباند .

وەسەلام