ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"1"

له‌هه‌ناوی هه‌ر پڕۆسه‌یه‌كی ریفراندۆمدا له‌ هه‌موو دونیادا،"نا"یه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌.ته‌نانه‌ت خودی ریفراندۆم له‌زۆرێك له‌ زمانه‌ جیهانی و بگره‌ واتا كردارییه‌كه‌یدا شیكردنه‌وه‌ به‌لای "نا"دایه‌،زۆرێكیش به‌ بزوتنه‌وه‌ی"ره‌تكردنه‌وه‌"ناوی ده‌به‌ن،وه‌ك یه‌كێك له‌ شێوازه‌كانی دیموكراسی راسته‌وخۆ. زه‌وتكردنی ئه‌و مافه‌ له‌ هاوڵاتیان وپه‌ناردنه‌ به‌ر تۆقان و گرتن ولێدانی نه‌یارانی "نا"پڕۆسه‌كه‌ بێ مانا وبێ له‌زه‌ت ده‌كات.ده‌بێته‌ پڕۆسه‌یه‌كی ناكامڵ و یه‌كلایه‌نه‌ و له‌ "راپرسی"ه‌وه‌ ده‌یكاته‌ "به‌ڵێ پرسی"له‌ كاتێكدا،ریفراندۆم بۆ "ناپرسی "و "به‌ڵێ پرسی"یه‌ له‌ هه‌مان كاتدا! ئه‌وه‌ش پێشێلكارییه‌كی زه‌قی مافه‌كانی مرۆڤه‌.

"2"

ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌، ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ "نا "بدات، خاین وخۆفرۆشن.له‌راستیدا ده‌بوو رێگایه‌كی دیكه‌ هه‌ڵبژێرن بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌به‌سته‌كانیان،به‌نموونه‌ كوده‌تاو راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم،چونكه‌ رێگای ریفراندۆم واتا ده‌بێت رێز له‌ "به‌ڵێ" و "نه‌خێر"بگرێت له‌یه‌ك كاتدا و،پێت وابێت كه‌سیان له‌ كه‌سیان نیشتمان په‌روه‌رترنین،به‌ڵكو دواجار هه‌مووان هاوڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ن.

كه‌ بیر له‌ مێژووی بزوتنه‌وه‌ری رزگاریخوازی كورد ده‌كه‌یته‌وه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ كوشتن و شه‌ڕی ناوخۆو له‌نێوبردن،هه‌ست ده‌كه‌یت له‌راستیدا هه‌ڵبژاردنی ریفراندۆم ته‌نها رێگه‌یه‌كه‌ بۆ "رای گشتی ده‌ره‌وه‌" به‌كارده‌هێنرێت،نه‌ك بۆ رێزگرتن له‌ "رای گشتی ناوخۆ"! ئه‌و شانۆیه‌ی كه‌ ئێستا له ‌كاردایه‌ و لایه‌نگرانی "نا" ده‌گیرێن ولێده‌درێن و سوكایه‌تیان پێده‌كرێت،له‌راستیدا هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وانه‌ن كه‌ بڕیاری ریفراندۆمیان داوه‌.كه‌سێك كه‌ موحاسه‌به‌ بكرێت ده‌بێت ئه‌وانه‌ بن كه‌ بڕیاری ریفراندۆمیان داوه‌،چونكه‌ ئه‌وان بڕیاری راپرسیان داوه‌و ته‌حه‌موولی ده‌نگی "نا"ش ناكه‌ن!

"3"

ده‌ستگا گشتییه‌كانی هه‌رێم،په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادوه‌ری و...تد. به‌هه‌موو لق و پۆپه‌كانیه‌وه‌،ده‌بێت هاوسه‌نگی رابگرن له‌ نێوان به‌ڵی و نه‌خێردا.ئه‌وان ده‌بێت لایه‌نگیری نه‌كه‌ن ورێز له‌ هه‌مووان بگرن.چونكه‌ دواجار بڕیار بڕیاری ئه‌وان نیه‌،به‌ڵكو بڕیار بڕیاری هاوڵاتیانه‌ له‌ ریفراندۆمدا.به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌ستگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم په‌لاماری ئه‌م و ئه‌وده‌ده‌ن،ده‌یگرن و لێیده‌ده‌ن،ئه‌گه‌ر وا بڕوات ده‌شی كوژن! ده‌ستگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم،دواجار هه‌موو ده‌ستگا ئه‌منییه‌ حزبییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌،چونكه‌ دواجار مووچه‌كانیان له‌سامانی گشتی ده‌ڕوات،به‌شێك له‌ مووچه‌كه‌ی له‌پاره‌ی ئه‌و هاوڵأتییه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ده‌نگی نه‌خێره‌و لێی ده‌دات یان ده‌یگرت و ده‌یكوژێت!

بۆیه‌ تكایه‌ چۆن رێز له‌ "به‌ڵی "ده‌گرن وه‌ك ئه‌وه‌ی هاونیشتمانی ئه‌م هه‌رێمه‌ن،ئاوه‌هاش رێز له‌ "نا "بگرن وه‌ك هاونیشتمانی ئه‌م هه‌رێمه‌ و،هیچی دیكه‌ سوكایه‌تی به‌ "نا"مه‌كه‌ن!