ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەشی (2+3)

لەدوای جەنگەوە بە خێراییەکی سەرسووڕ هینەر دەستکرا بە ئاودان کردنەوەی وڵات .یەکێتی ئەوروپا ڕۆڵی سەرەکی بینی لەم ڕوەوە.

ئاوەدانکردنەوەکە هەموو ئەو شوێنانەی گرتەوە کە زیانیان بەرکەوتبوو.

بەوەی کە لەکاتی جەنگدا لە تێڤێکانەوە ئەو وێرانکریانەمان بەرچاو دەکەوت کە بەسەر ئەو ولاتەدا هاتبوو ، بەبەراورد بەو کاتە ئێستا مرۆڤ هەست بە بووژاندنەوە دەکات ،بزاوتێکی بونیاتنان لەزۆر لاوە هەیە،خەڵکەکە دەیەوێت ڕابروو لە دوای خۆی جێ بهێڵێت.

بۆسنیە موسوڵمانەکان کە ئەوانیش پتر لە ٥٠ ساڵ لە بۆتەی دەسەڵاتێکی عەلمانیدا ژیانیان بەڕێکرد ،ئەوانیش وەک ئەلبانیەکان دەقیان بەو شیوە ژیانەوە گرتوە و لەسەری بەردەوامن .بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کەسانی تووندرەو لە نیویاندا بوونی نیە.

تێیاندا هەیە هەوداری هێزە توندڕەوەکانە، تەنانەت داعیشن هەواداری خۆی هەیە لە نێو بۆسنیە موسوڵمانەکاندا. لەدوای کۆتایی جەنگ یکێک لەو کێشانەی ئاستەنگی بۆ دەسەڵات درووست کرد ،ئەو عەرەبە مجاهیدانە بوون کە کاتی خۆی هاتبوون بۆ هاوکاری بۆسنیە موسوڵمانەکان و کەتیبەیەکیان بە نێوی (کەتیبەی مجاهدین) پێک هێنا. پاش کۆتایی جەنگ زۆریک لەوانە مانەوە ،چونکە هاوسەرگیریان لەگەڵ کچە بۆسنیەکان کردبوو ،ئەمانە جگە لە خۆیان نەوەکانیشیان لەسەر هەمان ڕەوتی تووندڕوەی پەروەردەکردوە.

وێرای ئەمە وڵاتانی سعودیە و قەتەر و تورکیا و ڕێکخراوە تەرۆریستیەکان هەوڵی بەئیسلامکردنی بەشە موسوڵمانەکە دەدەن ،خەریکی پەیداکردنی هەودراو لایەنگرن لە وڵاتدا .بەڵام تائێستا ئەم هەوڵانە کە گچکە و کەمن ،نەبوونەتە مەترسی گەورە چونکە دەسەڵات چاوێری تووندیان دەکات .

تا ئێستاش ڕیش و حیجاب نەبوونەتە عادەت لە بۆسنیادا ، پۆشینی جلوبەرگی مۆدێرن سیمای سەرەکی هاوڵاتیانە .زۆربەی موسوڵمانەکان پەیڕەوی ئەرکەکانی ئیسلام ناکەن ، ئەوەشی دەیکات وەک ئەرکێکی ئاینی ئیمانداری دەکات ،بێ ئەوەی قوڵببنەوە تێیدا.

(مۆستار ) باژێڕیێکی سەربەخۆ

مۆستار دەکەوێتە باشوری وڵاتەوە ،ئەم باژێڕە لە ئێستادا بووەتە قەرەباڵەغترین باژێڕی گەشتیاری لە بۆسنیادا.

پێدەچێت هەندێک فاکتەر وایان کردبێت ئەو باژێڕە ئەو ڕۆڵە ببینێت:

١.باژێڕێکی زۆر جوانەو ڕووبارێکی گچکە بەنیوی (نەرەتڤا )دەیکات بە دوو بەشەوە.

٢.بوونی پردێکی زۆر کۆن کە سەرنجی گەشتیار ڕادەکێشێت..

٣. بەهۆی ئەوەی لەکاتی جەنگی بەلکاندا ئەم باژێڕە جەنگی قورسی بەخۆوە دی و پردە بەناوبانگەکەشی ڕوخێنرا ،دەشێ ئەمەش هۆکاریکی دیکە بۆت بۆ ڕاکێشانی گەشتیار.

٤. هەر لە دەوروبەری موستار چەندین هاوینەهەواری جوان و سەرنجڕاکێش هەن کە ئەمانەش دیسان فاکتەرێکن بۆ ناوبانگی ئەم باژێڕە.

لە موستاردا دوو نەتەوە دەژین .بەری ڕۆژئاوای بۆسنیە کراوتیەکان دەژین و بەشی ڕۆژهەڵاتی بۆسنیە موسوڵمانەکان دەژین.

ئەو پردە دێرین و جوانە کە عوسمانیەکان لە (١٦٠٠)کاندا درووستیان کردبوو ،لە دەمی جەنگی ناوخۆدا سالی ١٩٩٣ لەلایەن کراوتەکانەوە تەقێنرایەوە .لەگەڵ ئەوەی کروات و بۆسنیەکان لە جەنگی بەلکاندا هاوپەیمان بوون دژ بە سەربەکان، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو کە ئەوانیش جاروبار لولەی تفەنگەکانیان ڕووبکەنە یەکتری ،جا ڕوخاندی ئەو پردەش یەکێک بوو لە ئاکامەکانی ئەو جەنگەی نیوان کروات و بۆسنیە موسوڵمانەکان.

ساڵی ٢٠٠٤ یۆنسکۆ دەستی کرد بە درووستکردنەوەی پردەکە ،بە سوود وەرگرتن لە و پارچانەی کە کەوتبوونەوە خوارەوە .واتە بە کەرەستە کۆنەکە بینایان کردەوە ،هەر بۆیەش ئێستا پێیی دەڵین( پردە کۆنە نوێکە)

(مۆست )بە زمانی بەلکان یانی پرد ،وە (ستارە )ش بەو کەسە دەگوترێت کە خەڵک دەپەڕێنێتەوە ،جا لە کۆتیدا ناوی باژێڕەکە بووەتە (مۆستار)

لە هەمووی ناوازەتر یاسای ئەو شارەیە کە تاڕادەیەک جیاوازە لەیاسای گشت وڵات .مۆستار بەهۆی ئەوەی باژاڕێکی گەشتیاریە بە ئاسانی مرۆڤ دەتوانێت یۆرۆ و دۆلار بەکار بهێنێت ،بەڵام لە بەشەکانی دیکەی بۆسنیا تەنها دراوی خۆیان بەکاردێت.

لەو باژێڕەدا لە گازینۆی قومارخانەوە بگرە تا جۆرەها باڕو (یانەی شەوانە) بۆ ڕابواردن بە زۆری هەن ، بەڵام لە باژێڕەکانی دیکە بوونیان بەو شیوەیە نیە .

مۆستار باژێڕێکی زۆر دێرینە ،بەشێکی کۆنی هەیە کەبووەتە چەقی گەشتیاران ،لەو بەشە کۆنەدا کە پردەکەیش هەر لەو لەوێیە ،چەندین دووکان و بازری دیاری فرۆشتن هەن ،هەر وەها ئەشکەوتێکی لێیە کە کراوەتە کافیتریا ،شوێنێکی زۆر فینک و دڵگیرە.

 

بەشی (٣) و کۆتایی

بە پێچەوانەی ئەلبانیاوە کە زۆربەی گەشتیارەکان ئەورپین ،لە بۆسنیا تکێەڵەیەک لە گەشتیار هەن ، هەم ئەروپی و هەم عەرەبی کەنداو و عەرەبی دیکە و تورک . ژنە عەرەبە کەنداویەکان بەهەمان جلو بەرگە ڕەشەکانیانەوە بەناو بازاەکانای (سەرایڤۆدا )دەسوڕێنەوە. ئیدی نازانم چۆن لە پلەی گەرمای سەروو چلەوە بێزار نابن؟بۆسنیەکانیش هەموو شتێکیان بۆ مەیسەر کردوون کە بەدڵی ئەوان بێت لە گۆشتی حەڵالەوە بگرە تا وەرگێری عەرەب لە هۆتێلەکاندا ،هەروەها تاکسی تایبەت کە زمانی عرەبی دەزانن.

لە بازاڕی کۆنی سەرایڤۆ ،بەدزیەوە وێنەی هەندێکیانم گرت.لە شوێنکی دیکەش چەند ڕیشدرێژێک هاتنە خاڵێکی گەشتیاری بەڵام جەوەکەیان بەدڵ نەبوو دەرچوون ،من توانیم لە دوورەوە وێنیان بگرم.

لەو عەرەبانەی کاتی خۆی بۆ بەشداری جەنگ هاتبوونە بۆسنیا ئێستا بڕێکیان دوکانی گچکەیان داناوە ،بەتیابەت دوکانی خواردنی خێرا ،دیاری ، ئاڵتوون و مافوری گچکە.

کارێکی زۆر مەزنی دەسەڵاتدارانی بۆسنیا ئە بڕیارە بوو کە لە دوای کۆتایهاتنی جەنگەوە دەریان کر ،ئەوەیش بڕیاری قەدەغەکردنی پڕوپاگەندەی ئاینی بوو بە هەمووجۆرەکانیەوە ،بەتایبەتی لە شوینە گشتی و گەشتیاریەکاندا.ئەمەش هاوکار بووە بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێی و جەنگی ئاینی و تایفەگەری.

+ لە زۆر شوێن بە زمانی ئینگلیزی لەسەر دیوارو بەردەکان نووسراوە (DON´T FORGET ) واتە لە بیری مەکەن ،مەبەست فەرامۆش نەکردنی ئەو جەنگە خوێناویەیە کە ڕوویدا (جەنگی بەلکان). بەڵێ زۆر گرنگە مرۆڤ ئەو کارەساتانە هەرگیز لە یاد نەکات کە نەهامەتی و ماڵوێرانیان بۆ بەشەریەت هێناوە.هاوکات گرنگە ئەو مرۆڤانە بۆ پێشەوە بڕوانن و بینای ژیانێکی نوێ بکەن ،وەک بۆسنیەکان لە ئێستادا ئەو کارە دەکەن...

+ لە ئەلبانیا ، مۆنتەنگرۆ ، بۆسنیا لەسەر ڕیگاکانی دەروە هەر مەسافیەک و دوکانیکی سەفەری دانراوە بۆ فرۆشتنی میوە و بەرهەمە خۆماڵیەکان ،ئیمە زۆر جار دەوستاین و لە میوانەمان دەکڕی.کە بەتام و فریشو هەرزان بوون.

+ تەکێی (بلاجای) لە نزیک مۆستار کاتی خۆی ساڵی ١٥٢٠ دروستکراوە .شوێنی زکرو تەلیلەی دەروێش و مووریدەکان بووە .ئەو کەسەی درووستی کردوە زۆر زیرەک بووە بەوەی جوانترین ودڵڕفێنترین شوینی هەڵبژاردوە . لە ئێستادا تەکێکە مووزەخانەیە و دەڤەرەکەش کراوەتە خاڵێکی گەشتیاری کە ڕۆژانە جمەی دێت لە گەشتیار.

+ ئاسەواری جەنگ هیشتا بە هەندێک بیناوە ماوە .

لە کۆتیادا دەتوانم بێژم کە بۆسنیا هەرسەگۆڤینە پاش ئەوەی بە جەنگێکی کاولکاری و خوێناویدا گووزەری کرد ،بەڵام توانی هەڵسێتەوەو خۆی درووستبکاتەوەو و بۆپێشەو هەنگاو بنێت و تا ڕاەیەکی زۆریش سەرنجی گەشتیاران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت . بۆسنیا لە زۆر ڕوەوە لە کوردستانی خاوەن نەوت باشترو پێشکەوتووترە .خەڵکەکەی خۆشگوزەرانترە .مافی مرڤ تا ڕادەیەکی باش پارێزراوە . کەس لەسەر بیروڕای جیاواز نەڕفێنراوەو تەرۆر نەکراوە.بەمانی وشە وڵاتێکی سەقامگیرە و لە ڕووی ئابووریشەوە بە زۆر فرسەق لە پێش کوردستانەوەیە.

دەی سەرکردەى کورد ، بۆ لەمانەوە شتێک فێر نابن.؟