ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"1"

كورد نابێت بڵێت "نا".رسته‌یه‌كه‌ تا سه‌ر ئێسك شیزۆفینیای پێوه‌دیاره‌.تا ئه‌و ئاسته‌ خۆبچووككردنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌یبه‌ت وشان وشه‌وكه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و كوردایه‌تی داده‌به‌زێنێت.لایه‌نگرانی ئه‌و رایه‌ پێیان وایه‌ ده‌بێت كه‌س نه‌ڵێت"نا"!ئه‌وه‌شی گوتی ده‌بێت سزابدرێت"ئه‌گه‌ر یاسا هه‌بێت ده‌بێت دادگایی بكرێن"وه‌ك ئه‌وه‌ی باڵاده‌سته‌كانیان ده‌ڵێن.به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسا نیه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڕفێندرێن و لێده‌درێن!

ئه‌وان پێیان وایه‌ گوتنی "نا" په‌یوه‌ندی به‌ ئازادی راده‌ربڕینه‌وه‌ نیه‌!به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وان به‌ زه‌قی ئازادی راده‌ربڕین پێشێل ده‌كه‌ن ومافه‌كانی مرۆڤ له‌بن پێ ده‌نێن.ئه‌دی ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئازاد نه‌بێت بڵێت "نا" وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌مانان ئازادی له‌ گوتنی "به‌ڵێ"،ئیدی ئه‌وه‌ ئازادی راده‌ربڕین نه‌بێت چی دیكه‌ ئازادی راده‌ربِرینه‌؟ ئه‌دی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ پێشێلكاری نه‌بێت،چ پێشێلكارییه‌؟! كورد له‌ پێشێلكارییه‌كان له‌ عێراق هه‌ڵدێت.وڵاتانی جیهان ئه‌گه‌ر به‌داواكه‌ی كورد رازیبن ،له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد مافه‌كانی پێشێل ده‌كرێت له‌ چوارچێوه‌ی مافه‌كانی مرۆڤدا.به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد خۆی مافه‌كان پێشێل بكات،پێم وانیه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ئاسانی جێگه‌ی وڵاتی سه‌ركوتكار ببێته‌وه‌!

"2"

خه‌باتی ناتوندوتیژی،خه‌باتێكه‌ له‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و چونه‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ به‌هێزترو كاریگه‌رتر و بگره‌ مرۆڤانه‌تره‌.ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی له‌ تێكۆشاندا ده‌توانن په‌نانه‌به‌نه‌ به‌ر چه‌ك و كوشتن وخوێن رشتن له‌دونیادا.كه‌من رێبه‌رانی ناتوندوتیژی له‌دونیادا.بۆی هه‌یه‌ ده‌یان سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی له‌ مێژوودا دووباره‌ ببنه‌وه‌.به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی ناتوندوتیژی زۆر ده‌گمه‌نن.ئه‌وان،گاندی و لۆسه‌ر و ماندێلا هێمای تێكۆشانی ناتوندوتیژین و به‌راورد ناكرێن به‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ كوشتن و شه‌ڕ هه‌یه‌.

له‌م رۆژانه‌دا رێبه‌رانی ناسیۆنالیزمی كورد شه‌لم كوێرم له‌بن كاریگه‌ری ریفراندۆمێكی ناوخۆییدا په‌لاماری ماندێلا ده‌ده‌ن و سوكایه‌تی به‌ ئه‌زموونی گه‌لان ده‌كه‌ن.كه‌ ئه‌وه‌ش ناره‌واترین په‌لاماردانه‌ ،پێم وابوو ناسیۆنالیزمی كوردی ده‌بوو په‌نا بۆ ماندیلا و هاوشێوه‌كانی ببات بۆ ئه‌وه‌ی له‌جیهاندا پشتگیری سه‌ربه‌خۆیی بكات،نه‌ك له‌سه‌ر مێزێ كه‌لام فرۆشیه‌وه‌ پاساوی شكسته‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی بده‌یت له‌رێگه‌ی په‌لاماردانی ماندێلاوه‌.

رێبه‌رانی خه‌باتی توندوتیژی له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی خه‌باتی ناتوندوتیژی به‌راوردناكرێن،ئه‌وه‌ی بیكات هه‌ڵه‌ ده‌كات.ناكرێت"گیڤارا" وگاندی"به‌راورد بكه‌ین !ئه‌وان هه‌ریه‌كه‌و له‌ روانین و رێبازێكه‌وه‌ خه‌باتیان كردووه‌،ئامرازی تێكۆشانه‌كه‌شیان جیاواز بووه‌.

مێژووی كوردایه‌تی پڕیه‌تی له‌ ئه‌زموونی خه‌باتی چه‌كداری و شه‌ڕو به‌ره‌نگاری و كوشتن،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ یه‌ك تاقه‌ ئه‌زموونی ناتوندوتیژیشمان نیه‌ له‌و مێژووه‌دا.بۆیه‌ تكایه‌ به‌راورد به‌ ماندێلا مه‌كه‌ن،چونكه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی سووكایه‌تی پێكردن !