ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یه‌كێك له‌ به‌ربه‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ی كوردستان و ده‌ربازبوونی له‌ پاشكۆیه‌تی ئابووری و سیاسی عێراق، ئه‌و گرووپه‌ بازرگانه‌ سیاسییه‌ن كه‌ به‌سه‌ر حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵات و حزبه‌ سیاسییه‌كاندا دابه‌ش بوون.

ئه‌و گرووپه‌ بازرگانه‌ سیاسییه‌، پاش شكست هێنانیان به‌ ئابووری كوردستان، به‌ته‌واوه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییان له‌وه‌دایه‌ كوردستان تا موده‌تێكی زۆر دوورتر له‌ پاشكۆیه‌تی ئابووری و سیاسی عێراق ده‌ربازی نه‌بێت، پرۆژه‌ سه‌رمایه‌گوزارییه‌كانیان به‌ته‌واوه‌تی به‌ عێراقه‌وه‌ به‌ستراوه‌، ئه‌وه‌ وا ده‌كات به‌ ئاشكرا و به‌ نهێنی دژی پرۆسه‌ی ریفراندۆم-یش بوه‌ستنه‌وه‌، نه‌وه‌ك زیانێكی كاتی به‌ر پرۆژه‌كانیان بكه‌وێت!

له‌ناو ئه‌و بازرگانه‌ سیاسییانه‌دا كه‌سی وا هه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسییدا دانیشتووه‌ و به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ بڕیاری ریفراندۆم پێك دێنێت، به‌ڵام به‌ خواستی خۆی نییه‌ و به‌ ناچاری تێوه‌گلێنراوه‌، یان له‌ پێناو سه‌ودایه‌كی گه‌رمتر و گه‌وره‌تری ئابووری چووه‌ته‌ ناوییه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و سیاسی كوردستان نایه‌ته‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ژێره‌وه‌ بنكۆڵی هه‌ر بڕیار و هه‌نگاوێكی راسته‌قینه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كات.

ئه‌وان له‌كاتێكدا له‌ گوتاره‌كانیاندا بانگه‌شه‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، هه‌ر به‌ ئاشكراش خه‌ریكی بازرگانی و رێككه‌وتن و گرێبه‌ستنی ئابووری و سیاسیین له‌گه‌ڵ عێراق.

ئه‌وان له‌كاتێكدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌رچه‌ند عێراق به‌هێزتر بێت، ئه‌وه‌نده‌ زیاتر ده‌رفه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ی باشووری كوردستان له‌ كورتی ده‌دات، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا به‌خۆیان و كۆمپانیاكانیانه‌وه‌، چوونه‌ته‌ خزمه‌تی بنیاتنانه‌وه‌ی مووسڵ و سه‌لاحه‌دین و ئه‌نبار و دروستكردنه‌وه‌ی عێراقێكی نوێتر!

زۆرێك له‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی وێراندا به‌شدارن، خاوه‌ندارێتییان بۆ ئه‌و بازرگانه‌ سیاسییانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ بڕیاری ریفراندۆم پێك دێنن.

ئه‌و به‌شدارییه‌ی ئه‌وان له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی پارێزگا وێرانه‌كانی عێراق، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كۆمپانیاكانی بیانی به‌هۆی نه‌بوونی بانك و مه‌ترسی ئه‌منییه‌وه‌، تا ئێسته‌ش ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا نییه‌ پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ مووسڵ و سه‌لاحه‌دین و ناوچه‌كانی تر ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی كوردستان كه‌ روون و ئاشكرایه‌ خاوه‌ندارێتییان بۆ كام كاره‌كته‌ری سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، گرێبه‌ست له‌سه‌ر گرێبه‌ست بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقی عه‌زیم ئیمزا ده‌كه‌ن.

هه‌موو ئه‌و پرۆسه‌ بازرگانییه‌ سیاسییه‌ی له‌ نێوان كوردستان و عێراق ده‌گوزه‌رێ، بۆ هه‌موو لایه‌ك روون و ئاشكرایه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێت ته‌نیا هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر خاڵێكی بچووك بكه‌م له‌كۆی هه‌موو رێككه‌وتن و گرێبه‌سته‌كاندا.

ساڵی 1992-1993 پاش پێكهێنانی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێم، كاره‌بای كوردستان یه‌كه‌م سێكته‌ر بوو كه‌ له‌ مه‌نزومه‌ی كاره‌بای عێراق جیا كرایه‌وه‌، به‌ مانایه‌كی تر كاره‌بای كوردستان له‌ پاشكۆیه‌تی كاره‌بای عێراق ده‌رباز كرا، به‌ڵام ئێسته‌ له‌سه‌روه‌ختی ریفراندۆم و هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گرووپێكی بچووك له‌ بازرگانانی سیاسی، ته‌نانه‌ت كاره‌بای كوردستانیش جارێكی تر به‌ مه‌نزومه‌ی كاره‌بای عێراقه‌وه‌ گرێ ده‌درێت.

ئه‌وه‌ روونه‌، گرێدان و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنی هێڵه‌كانی كاره‌با زۆرجار له‌ نێوان دوو وڵاتدا رووده‌دات، به‌ڵام هه‌ردوو وڵات توانای به‌خشین و وه‌رگرتنیان هه‌یه‌، كاتێك وڵاتی یه‌كه‌م بڕی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای كه‌م ده‌بێته‌وه‌، له‌ رێگه‌ی وڵاتی دووه‌مه‌وه‌، قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌، كاتێكیش وڵاتی دووه‌م بڕی به‌رهه‌می كه‌م ده‌بێت، له‌ رێگه‌ی وڵاتی یه‌كه‌م بۆشاییه‌كه‌ پڕ ده‌كاته‌وه‌. كه‌واته‌ له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌خشین و وه‌رگرتن هه‌یه‌ و هه‌ردوو وڵات قازانجی لێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدانی كاره‌بای كوردستان به‌ عێراق، ته‌نیا به‌خشین هه‌یه‌ و وه‌رگرتنه‌وه‌ نییه‌، ئێمه‌ ته‌نیا كاره‌با به عێراق ده‌ده‌ین و له‌ عێراقه‌وه‌ هیچ بڕه‌ كاره‌بایه‌كمان بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌.

تێبینی بكه‌ن، ئه‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحانه‌ كه‌ له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی كوردستان سه‌رمایه‌كی گه‌وره‌یان پێكه‌وه‌ ناوه‌ و له‌لایه‌ن كاره‌كته‌رانی باڵاده‌ستی سیاسیشه‌وه‌ خاوه‌ندارێتی ده‌كرێن، هیچ كامێكیان نایه‌ته‌ ناو پرۆسه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، نایانه‌وێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌ عێراق له‌ده‌ست بده‌ن، چونكه‌ دڵنیان ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی كرده‌نی به ئاراسته‌ی جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق بنرێت و ئه‌وان پاڵپشتی بكه‌ن، له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ده‌خرێنه‌ لیستی ره‌شه‌وه‌ و ره‌نگه‌ چیتر ده‌رفه‌تی كاركردنیان له‌ بازاڕی عێراقدا پێ نه‌درێته‌وه‌.

به‌كورتی ئه‌و گرووپه‌ بازرگانه‌ سیاسییه‌، هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوون له‌وه‌ی له‌ پاش 2003ه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌توانێت خۆی له‌ پاشكۆیه‌تی ئابووری عێراق ده‌رباز بكات، به‌هۆی پاشكۆیه‌تی ئابووریشه‌وه‌، له‌رووی سیاسییه‌وه‌ وه‌ك پاشكۆی به‌غدا مایه‌وه‌.

من كه‌ هیچ باوه‌ڕێكم به‌ مانه‌وه‌ له‌پاڵ عێراق نییه‌، به‌وپه‌ڕی راشكاوییه‌وه‌ دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌و گرووپه‌ سیاسییه‌ بازرگانه‌ جڵه‌و نه‌كرێن، ئه‌گه‌ر ریفراندۆمیش بكرێت و زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ڵێ بن، به‌ رێگه‌ی جیاجیا ئاسته‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دروست ده‌كه‌ن، دڵنیاشم به‌هۆی سه‌رمایه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌توانن سه‌تان سیناریۆ له‌ بواری جیاجیادا بخولقێنن كه‌ ئه‌نجامی كۆتایی هه‌موو سیناریۆیه‌كان هێشتنه‌وه‌ی كوردستانه‌ له‌ زه‌لكاوی عێراقدا.

به‌ڵێ ئه‌وان له‌ زه‌لكاوی عێراقدا، ده‌توانن سه‌رمایه‌ی گه‌وره‌تر به‌یه‌كه‌وه‌ بنێنن، بازاڕی ره‌شتر دروست بكه‌ن. پاره‌ی زیاتر كۆبكه‌نه‌وه‌، پرۆژه‌ی زیاتریان ده‌ست بكه‌وێت. ئه‌وانه‌ ماری سڕ بوون له‌ باوه‌شی گه‌رمی سه‌ربه‌خۆییدا، یه‌كه‌م جوڵه‌، به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ ده‌ده‌ن.

كه‌واته‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌ربازبوون له‌ زه‌لكاوی عێراق هه‌یه‌، ده‌بێت وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و نیشتمانی، رووبه‌ڕووی ئه‌و گرووپه‌ له‌ بازرگانانی سیاسی ببنه‌وه‌.