ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یه‌كێك له‌و ره‌خنه‌ جدییانه‌ی ده‌بێت رووبه‌ڕووی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم و خودی مه‌سعوود بارزانی (وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌) بكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌، تا ئێسته‌، ناوه‌ڕۆكی دانوستان و گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نه‌خستووه‌ته‌ڕوو، به‌ خودی ئه‌و پێشنیازه‌شه‌وه‌ كه‌ نێرده‌ی ئه‌مریكا وه‌ك (به‌دیل)ێك بۆ پیاده‌كردنی ریفراندۆم پێشكه‌شی كردووه‌.

ئه‌و پێشنیاز و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌، ته‌واو له‌ تاریكیدا هێشتراونه‌ته‌وه‌.

گوتاره‌كانی مه‌سعوود بارزانی زیاتر بۆ جۆشدانی رای گشتی ناوخۆییه‌، به‌بێ هه‌ڵوه‌سته‌ كردن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌كته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌و بیرۆكانه‌ی له‌به‌رده‌ست ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌دان بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشنیاز و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان.

ئه‌و شاراوه‌ییه‌ له‌ كرۆكی بابه‌ته‌كه‌، هۆكارێكی كاریگه‌ره‌ له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ناوخۆیی كوردستان به‌رچاوڕوونییه‌كی نه‌بێت، هه‌روه‌ها دوودڵ و دڕدۆنگ بێت له‌ به‌رامبه‌ر كۆی پڕۆسه‌كه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم، ئه‌و گره‌نتی یان بیرۆكه‌یه‌ی وه‌ك به‌دیلی پیاده‌كردنی ریفراندۆم خراوه‌ته‌ڕوو، ره‌ت كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ناگوترێت ئه‌و به‌دیله‌ چییه‌، ئه‌وه‌ هۆكارێكه‌ له‌وه‌ی ته‌نانه‌ت پسپۆڕ و ئه‌كادیمییه‌كانیش، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ پشتیوانی له‌ ریفراندۆم ده‌كه‌ن، تووشی سه‌رلێشێوان بن، یان خۆیان له‌ چاوپێكه‌وتن و لێدوانی میدیایی بدزنه‌وه‌، چونكه‌ هیچ زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ نییه‌. یان هه‌ر به‌ گشتی نه‌توانن به‌شدارییه‌كی كارا له‌ پرۆسه‌كه‌دا بكه‌ن.

رای گشتی ناوخۆی كوردستان، مافی گه‌یشتن به‌ هه‌ر بیرۆكه‌ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی له‌و رووه‌وه‌ هه‌یه‌، تا زانیاریی له‌وڕووه‌وه‌ نه‌درێت، كه‌واته‌ ده‌رفه‌ت به‌ رای گشتی نادرێت به‌شداری له‌ دروستكردنی بڕیاره‌كه‌دا بكات له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تر، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی رای گشتی به‌بێ هه‌بوونی زانیارییه‌ بنچینه‌یی و پێویسته‌كان ناتوانێت متمانه‌یه‌كی پته‌و له‌لای خۆیه‌وه‌ دروست بكات.

ئه‌و ناڕوونییانه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ به‌هۆی بڕیاری ریفراندۆمه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئاستی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا رووبه‌ڕووی هه‌موو گه‌لی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵك ئاگه‌دار نه‌بێت، واته‌ متمانه‌ی بۆ دروست نابێت، ئه‌گه‌ر متمانه‌ی پته‌وی نه‌بێت، چۆن ئاماده‌یی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشهاته‌كان له‌ پشت هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانه‌وه‌ دروست ده‌بێ؟ له‌و تاریكاییه‌دا، پێویست به‌ رووناكییه‌ك هه‌یه‌.