ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

برێت مەکگۆرک بە پەلە هات ، قاسم سلێمانی گەرایەوە ، هاکان فیدان هات ، ئەحمەد ئەبو غێت بە دڵشکاوی گەرایەوە ، عەلاوی بەراکردن هات ، ماتیس گەرایەوە ، بارزانی گەیشتە کەرکوک ، پەرلەمانی عیراق دکتۆر نەجمەدین ی لە پۆستەکەی لادا ، ئەبو عزرائیل هەرەشەی روح کێشانمان دەکات ، حەنان فەتلاوی دەست خۆشی لێ دەکات ،وەزیری دەرەوەی عێراق ئاغای جەعفەری لە قاهیرەی ( دایکی دنیا) دەنگ بەرزدەکاتەوەو دەڵێت : دەبێت سەركردەكانی كورد ئامادەی روبەڕوبونەوەی هەر سزایەك بن ، دەبزانن ئەوجا ریفراندەم چۆن ئەو دەڤەرە بێ نازەی ئێمەی کردۆتە بازاڕ، بەڵام چ بازارێک ، بیلبتوون نەیارەکانمانی لەسەر مێزێک کۆکردۆتەوە و هەموو دوژمنەسەرسەختەکانیشی (بارش) کردۆتەوە، بەڵام ئەوەی نەیتوانی هەتا ئێستا بیکات ، یەکخستنەوەی دەنگی حزبە کوردستانییەکانە . 

تەماشاکەن چ کارەساتێکە ، دوژمنان لە هەموو سەنگەرێکەوە تفەنگیان لێ سوار کردووین و خەریکە لەناومان دەبەن و زمانمان دەبەست ، کەچی ئێمە هەر بەدوای کڵاوی بابردوو کەوتووین و کەس بۆ کەس نایسەلمێنێت ، کۆبوونەوە لەدوای کۆبوونەوە بەبێ هیچ بریارێک کۆتایی پێ دێت و دەشڵێن ( پاشەکشەو دواخستنی ریفراندەم چارەسەر نییە ) ؟ 

ئاخر ئەو ناتفاقی و خۆخۆریە، هۆی سەرەکی شکستەکانمانە ، نەک تەنها لە ئیستا دا ، بەڵکو لەدێرزەمانەوەش هەروا بووە ، ئەو بەربادیەو ناکۆکیانەیە دوژمنانمانی بەهێز کردووە ، ئاخر لەرۆژێکی رەشی وەک ئەمرۆ یەک نەگرین ، پێم ناڵێن کەی تەبا و یەکپارچە دەبین ؟ 

دەبگەرێنەوە ، بگەرێنەوە لەو بەغدایەی کە ئێوەی ناوێت ، ئێ خۆ بەزۆری نییە ، ئێوەیان ناوێت ، بۆ خۆتان پێیان هەڵواسیووە و ئەو پێکوتانەتان لەپای چی ؟ ئەو نانەی بەغدا پێتانی دەدات ، ئەو نازونیعمەتەی لەوێ بەدەستی دەهێنن ، لە هەولێریش بۆ ئێوە و خزم و کەس وقەوموو قیلەتان مەیسەر دەبێت و بەزیادەوەش ، سەرەرای ئەوەش ،چەندین ساڵە راست و چەپ لۆ خۆتان بەناوکەوتوون و لە تەڕی دەخۆن و لەهیشکیش دەنوون ، ئەوەندەش ( گەڵا) تان لەسەر یەک داناوە ، زامنی ژیانێکی شاهانەتان بۆ نەوەی نەوەی نەوەکانیشتان کردووە . خۆ ئێوە مامۆستا و پێشمەرگەو خانەنشینی خێرلەخۆنەدیوی هەرێمی بەتەمای خودا نین ، هەتا چەند مانگێک جارێک ( روبعە مووچەیەکتان ) وەک خێر پێ بدرێت ، دەبگەرێنەوە ، ئەوە ئێوەن ئێمەتان بەم رۆژە ( ڕەشە ) گەیاند و هیچ نەما لەسایەی ئێوە نەیبینین و لەدەستی نەدەین ؟!