ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ساڵی 1962 شۆرشی ئه‌یلول په‌ره‌ی سه‌ند بوو، پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان له‌ شه‌رێكی دژوارو خوێناویدا بوون له‌ به‌رامبه‌ر سوپای عێراقی خوێنرێژ، حوكومه‌تی (عبدالكریم قاسم) به‌هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆرشی به‌ بئ به‌زه‌ییانه‌ ده‌كوتا ، گوندو دێهات و خاكی كوردستان ده‌سووتاو،ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌ بێ هیچ تاوانێك ده‌بوونه‌ قوربانی و،گوندنشینه‌كان ده‌سگیرده‌كران وله‌ به‌نیخانه‌كان به‌ند ده‌كران، حزبمان له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ توندی دژی شه‌رو وێرانكردنی كوردستان بوو، دروشمی (ئاشتی،ئاشتی بۆ كوردستان)ی به‌رز كردبۆوه‌و، جۆره‌ها چاڵاكی ده‌نواند، هه‌ر له‌ كۆردنه‌وه‌ی واژۆ و پێكهێنانی شاندی جه‌ماوه‌ری بۆ چوونه‌ لای به‌رپرسانی میری و، هه‌روا دروشمی ( ئاشتی ،ئاشتی بۆكوردستان ) له‌ سه‌ر دیواری شاره‌كان به‌ تاییبه‌تی له‌ شاری به‌غدای پاییته‌خی عێراق ده‌نووسرا، تا ده‌گاته‌ خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی كۆردنه‌وه‌ی فراوانترین جه‌ماوه‌ری عێراق و كوردستان له‌ ده‌وری دروشمه‌كه‌یدا ، له‌ شاری هه‌ولێریش رێكخراوه‌كانی حزب چاڵاكییه‌كانیان ئه‌نجام ده‌دا، له‌م ساڵه‌دا واته‌ ساڵی /1962 ، شتێكی ئه‌وتۆم له‌ جزبایه‌تی نه‌ده‌زانی و، قوتابی ناوه‌ندی بووم ... له‌ كۆتایی مانگی/ئه‌یلولی/1962 به‌رپرسی حزبیم كه‌ هاورئ (عزیز حداد) بووئاگاداری كردم كه‌ پێویسته‌ له‌ كاتژمێر سێی ئێواره‌ له‌ نزیك مزگه‌وتی (شێخ الله‌) بم ، به‌مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ گردبوونه‌وه‌ی حزبدا له‌ دژی شه‌ری ناره‌واو داسه‌پاوی سه‌ر گه‌لی كوردمان، له‌ كات و شوێنی دیاریكراو ئاماده‌ بووم ، له‌م سه‌رده‌مه‌دا دوو باغ له‌ نزیك مزگه‌وتی (شێخالله‌) هه‌بوو، یه‌كیان به‌ ناوی نادی (خلیله‌ فه‌ندی) بوو، ئێستاكه‌ شوێنی خانه‌نشینه‌كانه و، له‌ به‌رامبه‌ریدا "نادی" فه‌رمانبه‌ران هه‌بوو، گۆره‌پانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ ر ده‌رگای مزگه‌وت سه‌كۆیه‌كی پۆلیسی هاتوو و چۆی لێبوو، هه‌ستم كرد ئه‌و ناوه‌ خه‌لكێكی زۆری لێ یه‌و دوو دوو وسئ سئ دێن وده‌چن، له‌م كاته‌ی كه‌ نوێژكه‌ران له‌ مزگه‌وت هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌چوار پێنج هاورئ له‌ نزیك سه‌كۆكه‌ی پۆلیسی هاتوو چۆ ده‌ستییان به‌ چه‌پڵه‌ لێدان كرد و ، ده‌یان ووت ئاشتی ئاشتی سه‌ركه‌وێت، جه‌ماوه‌رێكی زۆرو هاورێیانیش له‌ ده‌ورییان كۆبوونه‌وه‌ و، به‌ چه‌ند هاورێیه‌ك هاورێیه‌كیان به‌رز كرده‌وه‌ و، ئه‌ویش ده‌ستی به‌ ووتار خوێندنه‌وه‌ كرد، هێرشی توندی بۆ سه‌ر سیاسه‌تی حكومه‌تی (كریم قاسم) ده‌ربری و سیاسه‌تی شه‌رخوازی و شۆفییه‌نی له‌ دژی گه‌لی كوردمانی ریسوا كرد و، شۆرشی كوردستان و داواكانی گه‌لی كوردمانی به‌ راست و ره‌وا هه‌ژمار كردو، داوای ئاشتی بۆ كوردستان كرد، هه‌ر له‌م كاته‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ هاورێیان به‌یاننامه‌یه‌كی حزبییان به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ره‌كه‌دا دابه‌ش ده‌كرد ، یه‌كێك له‌م هاهورێیانه‌ی ئه‌م ئه‌ركه‌ی جئ به‌ جئ ده‌كرد به‌رپرسه‌كه‌ی حزبیم بوو، به‌ڵام ئه‌و هاورێیه‌ی ووتره‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ نه‌مناسی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ده‌مامكی) دابوو، گردبوونه‌وه‌كه‌ نزیكه‌ی (20) خوله‌كی خایاند و به‌بئ گیرو گرفت كۆتایی هات و كه‌س ده‌سگیر نه‌كرا.....به‌شداریم له‌م گردبوونه‌وه‌یه‌ تاقیكردنه‌وه‌ و راهێنانێكی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ چاڵاكییه‌ حزبییه‌كاندا به‌شداربم (به‌ر له‌م گردبوونه‌وه‌یه‌ هیچ شتێكم ده‌رباره‌ی گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی حزبیم نه‌ده‌زانی)، به‌ پێویستی ده‌زانم كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م له‌ سه‌ر ئه‌م چاڵاكییانه‌ له‌ هه‌موو شارو لادێیه‌كانی عێراق و كوردستان به‌ هه‌زاران له‌ تێكۆشه‌رانی شیوعی ئاشتیخوازان ده‌سگیر كران و،به‌ بریاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ئه‌و كات (قاسم) له‌ گرتووخانه‌كانی عێراق به‌ند كران وئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌دران، له‌ دوای كوده‌تاكه‌ی به‌عسییه‌كان له‌ ساڵی /1963 به‌شێكیان شه‌هید كران ، به‌رپرس و گوناهباری پله‌ یه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌ی به‌ سه‌ر گه‌لی عێراق و كوردستان وته‌واوی تێكۆشه‌راندا داهات ، سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق (كریم قاسم) بوو،