ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێمه‌ به‌ ده‌نگی به‌ڵێ و نه‌خێر و بایكۆته‌وه‌ ده‌توانین كۆك و كۆده‌نگ بین له‌ دروست كردنی فشار له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌ ئاراسته‌ی كاركردن به‌ ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم له‌ پێناو كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و سیسته‌مێكی دیموكرات دا.

زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌وانه‌ی به‌ نه‌خێر ده‌نگیان داوه‌ یان بایكۆتی پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌هۆی نه‌بوونی متمانه‌ بوو به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان و ئامانجی ئه‌وان له‌ پشت ریفراندۆمه‌وه‌.

ئێسته‌ نه‌ ئه‌ركی ئه‌وان كۆتایی هاتووه‌ و نه‌ ئه‌ركی ئه‌وانه‌ش ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ دا، بگره‌ ده‌شێت لێره‌وه‌ ئه‌ركی نوێمان ده‌ست پێبكات، به‌ كۆده‌نگی ده‌توانین ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ به‌دی بێنین.

ئێمه‌ ده‌توانین له‌ ده‌وری ئه‌و خاڵه‌دا كۆببینه‌وه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی بخه‌ینه‌ ژێر گوشاره‌وه‌ له‌ پێناو كاركردن به‌ ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم، كاركردن بۆ ده‌وڵه‌ت و خاوه‌ندارێتی له‌ مۆدێلێكی دادپه‌روه‌ر و دیموكرات بۆ حوكمڕانی.

ئێسته‌ به‌شێك له‌ هاوڕێیان كه‌وتوونه‌ته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه‌، كه‌ له‌ جیاتی توندكردنی گوشاره‌كان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، خه‌ریكی دروستكردنی فشارن له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌وڕۆ به‌ زۆرینه‌ ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا.

ئه‌و كاركردنه‌ ئه‌نجامێكی نه‌رێنی دروست ده‌كات، وا ده‌كات ئه‌وانه‌ی ده‌نگییان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا، پاشه‌كشه‌ له‌ ئامانجی خۆیان بكه‌ن، له‌كاتێكیشدا سه‌ركردایه‌تییه‌ سیاسییه‌كه‌ بیه‌وێ پاشه‌كشه‌ بكات، ئه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ئامانجێكی پێچه‌وانه‌وه‌ و پڕ مه‌ترسی به‌ده‌ست دێ.

پێویست ده‌كات به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش و كۆده‌نگ روو له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی حزبه‌ سیاسییه‌كان دروست بكرێ، ئه‌نجامی ریفراندۆم وه‌ك كارتێكی به‌هێز له‌ دژیان به‌كار بهێنرێت بۆ ئامانجه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ نه‌ك به‌لاڕێدا بردنی.

له‌ به‌لاڕێدابردنی ئامانجه‌كه‌دا، هیچ كامێكمان قازانج ناكه‌ین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵك زیانمه‌ند ده‌بێت و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان كه‌ به‌رپرسن له‌ جێبه‌جێكردنی خواستی خه‌ڵك، وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رده‌چن.

كه‌واته‌ ئه‌ركی ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌ هاووڵاتییان بڵێ، ریفراندۆم سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌ بوو، ئه‌ركه‌ راسته‌قینه‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ دروستكردنی گوشاره‌ بۆ كاركردن به‌ره‌و ئامانجی راسته‌قینه‌ی ریفراندۆم.

سه‌ركۆنه‌كردنی هاووڵاتیان كه‌ ده‌نگییان به‌ به‌ڵێ یان نه‌خێر داوه‌ یان بایكۆتیان كردووه‌، وا ده‌كات له‌ كۆتاییدا هیچ فشارێك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست نه‌بێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵك خۆی له‌شه‌ڕدایه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانیش به‌ ئاسووده‌ییه‌وه‌ خه‌ریكی سه‌ودای خۆیانن.

ئێمه‌ ده‌بێت له‌وه‌ تێبگه‌ین، دوو جه‌مسه‌ری راسته‌قینه‌ هه‌بێ، جه‌مسه‌ری خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاته‌، جه‌مسه‌ری خه‌ڵك و خه‌ڵك و پێكدادانیان، یارییه‌كی شه‌یتانانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ پێناو لابردنی سه‌رنجی كۆی خه‌ڵك له‌سه‌ر خودی ده‌سه‌ڵات. لێره‌دا، ده‌سه‌ڵات بارودۆخێك ده‌ڕه‌خسێنێت، كه‌ خه‌ڵك له‌ناوخۆیاندا له‌ ململانێ بن، نه‌ك له‌ ململانێ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات.

ئه‌وه‌ ئه‌و خاڵه‌ ترسناكه‌یه‌، كه‌ به‌رده‌وام كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی تێیدا نقووم كراوه‌. ئێسته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ به‌ ئاگا هاتنه‌وه‌، بۆ تۆخكردنه‌وه‌ی جه‌مسه‌ره‌كانی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات دروست بووه‌.

خه‌ڵك نابێت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش له‌ كیس خۆی بدات. به‌رپرسیارێتییه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی بژارده‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئاراسته‌كردنی خه‌ڵك روو له‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ك دابه‌شبوون به‌سه‌ر جه‌مسه‌ره‌ دروستكراوه‌كانی نێوان خه‌ڵك و خه‌ڵك دا.

گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌ هاووڵاتیان بگوترێ، ریفراندۆم كۆتایی هات و ئه‌ركی ئێوه‌ ته‌واو. هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه‌، به‌ هاووڵاتیان بگوترێ، ئه‌ها كارتێكی دیكه‌تان دا به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ و ئه‌وانیش له‌ پێناو ئامانجی تایبه‌تی خۆیاندا به‌كاری دێنن. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ خه‌ڵك هان بدرێت فشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بكات بۆ پێكانی ئامانجه‌كه‌.

سه‌ركۆنه‌كردنی خه‌ڵك له‌و پرۆسه‌یه‌دا، له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاره‌كانی، له‌ كۆتاییدا ئامانجی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران به‌دی دێنێت، نه‌ك ئامانجی خه‌ڵك خۆی.

ئه‌وه‌ی ده‌بێ سه‌ركۆنه‌ بكرێ ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ ئه‌گه‌ری به‌لاڕێدانی بردنی دۆسیه‌كه‌، نه‌ك سه‌ركوت كردنی ئیراده‌ی خه‌ڵك، ئیراده‌یه‌ك كه‌ 26 ساڵه‌ له‌و پێناوه‌دا شكێنراوه‌ و ده‌شكێنرێت.

تكایه‌ مه‌بن به‌ به‌شێك له‌و هه‌ڵه‌یه‌.