ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

[بەیەکڕێزی ، ڕێز بۆخۆت پەیدا دەکەیت و هەم هێز]

لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان، وڵاتانی تورکیا ئیران، عیێراق {تاڕادەیەکیش سوریا}کەوتنە هەڕەشە لەو بەشەی کوردستان.

ئەو وڵاتانە کە تێکەڵەیەکن لە ناسیۆنالیزم و ئاین و مەزهەب [شیعەو سوونە] ، بەردەوام ناکۆک و ناتەباو دژ بە یەکبوون .تەنها شتێک کە بەردەوام لەسەری کۆک و تەبا بوون و پێکەوە کاریان بۆ کردوە ، داژایەتی کورد بووە. هەر جارێک و لەهەر زەمەندێکدا کورد نزیک بووبێتەوە لە دەسکەوتێک، ئەوانە [ ئیدی هەر حیزبێک لەسەر دەسەڵات بووبێت] ، پێکەوە کاریان بۆ لەبار بردنی ئەو دەسکەوتە کردوە و زۆر جاریش سەرکەوتووبوون.

لە بەرامبەردا کوردانی سێ پارەچە ،چ وەک خەلک و ڕێکخراو و حیزب هەڵوێستێکی جومێرانەیان دەربڕی بۆ پشتگیری لە باشووری کوردستان.

* هەر پاش کۆتاهاتنی پرۆسەی دەنگدان ،کوردانی ڕۆژهەڵات لە زۆرێک لە باژێرەکانی ئەوبەشە بۆخۆشی دەربڕین و پشتگیری ڕژانە سەرشەقامەکان،کە بە هەزارەها مەزەنە دەکران.

بێگومان ئەم هەڵوێستە خۆڕسکەی کوردانی ئەو بەشەی کوردستان دەسەڵاتدارانی سەرکووتکەری جمهوری ئێرانی تووشی شۆک کردبوو . حەشامەتەک هێندە زۆربوون ،بۆیە پیاوانی سەرکووتکەری ڕژێم نەیانتوانی هیچ پەرچەکردارێک بنوێنن وەک کردەی هەمیشەییان ئەو خەڵکە داپڵۆسن ،بەڵکە تەنها تەماشاکەر بوون .

بێگومان هێزە سایسی و چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتیش هەڵویستیان ئاشکرایە کە بەردەوام پاڵپشت بوون بۆ باشوور .

* کوردانی ڕۆژئاوا لەسەری هەموویانەوە بەڕیز ساڵح موسلیم و سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانی پەیەدە، جوانترین هەڵوێستیان نیشاندا ، ئەویش بە ئامادەگییان بۆ کردنەوەی سنورەکانیان بەڕووی باشووردا ،گەر بێت و تورکیا سنوورەکانی دابخات.

نەک هەر ئەمە بەڵکو ئامادەییان دەربڕی بۆ ناردنی هێزی شەڕڤانان بۆ پارێزگاری لە باشوور.

* کوردانی باکووریش لە حیزبی هەدەپە و کەسە تێکۆشەرە باڵاکانیان، وەک سەلاحەدین دەمرتاش و عوسمان بایدەمیر ، هەرەوها لەیلا زانای تێکۆشەر و هاوخەباتکارانیان، هەموو هاوسۆزی و پشتگیریان بۆ کوردانی باشوور دەربڕی.

لەولاشەوە سەرکردەکانی هێزی گەریلا، لەسەری هەموویانەوە بەڕێز جەمیل بایک بەتووندی ئیدانەی ئەو هەڕەشانەی کرد کە لە باشوور دەکرێن لەلایەن تورکیاوە.

وێرای ئەمە هێزەکانی پاراستی گەڵ {گەریلاکانی پێکاکا} ئامادەییان دەربڕی بۆ ناردنی هێز بۆ داکۆکی لە کەرکوک و ناوچە دابراوەکان لە حاڵەتی هێرشی سوپای تورکیاو عیراقدا.

نکولی لە ناکۆکی نێوان هێزە سیاسەکانی کوردستان ناکرێت، چ لەیەک پارچەدا یاخود لە نیوان کوردانی پارەچەکانی دیکەدا،ئەمەش بەهۆی بەرژەوەندی و تێروانین و پەیوەندیانەوەیە بە هێزە دەرەکیەکانەوە . لە حاڵەتی ئیستادا تا ڕادەیەکی باش تەباییەک لە ئارادا هەیەو هەستی پێدەکرێت و ئەو ساردیەی جاران کاڵ بووەتەوە .

جا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم دۆخە لەبارە دەبێتە هەوێنی ،کاری هاوبەش و یەکخستنی ماڵی کورد؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هەندێک لە حیزبە باڵادەستەکان لەکەلی شەیتان بێنەخوارەوە و دەستبەرداری بەرژەوەندی حیزبی و ئەقڵیەتی حیزبی گەورە وخۆسەپاندن کۆنترۆڵکردنی هەژمونی سیاسی و باڵادەستی ببن؟

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم هەوڵومەرجە وەگەڕ بخرێت بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە گەڵ یەکتردا لە باشوور، هەروەها لە نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و پارچەکانی دیکەدا.

گرنگە یەکیتی و پارتی کە زۆر جار زیادەڕۆییان کردوە لە مراعاتکردنی ئێران و تورکیادا ،لە ئێستادا مراجەعەیەکی سیاسەتی خۆیان بکەن و تا چەند پێیان دەکرێت ئەو پەیوەندیە بخەنە چوارچیوەیەکی لۆژیکانەوە ڕێگەنەدەن ئەودوو وڵاتە هەژموونی خۆیان بەسەریاندا فەرز بکەن . گرنگە ئەو دوو حیزبە بزانن تەنها هیزێک کە دەکرێ پشتی پێ ببەسترێت کوردانی بەشەکانی دیکەن ،کە بە کردەوەش سەلماندوویانە .

جا هیوادارم حیزبە سیاسیەکان ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن و ئەم هاوسۆزیە گەرمەی کوردانی بەشەکانی دیکە فەرامۆش نەکەن و سودی لێوەربگرن بۆ پتەوکردنی پێگەی کورد.