ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەند رۆژێکە لێرەو لەوێ چەند دەنگێکی ژەنگاویی و بەڵغ گرتووی قێزەوەن و بەرباد ، بێ ویژدانانە کەوتوونەتە گیانی هەڵەبجەی خێرلەخۆنەدیوو ، بە بیانووی ئەوەی گوایە دەنگی (نەخێر)یان زوڵالتر بووە لەدەنگی (بەڵێ)یان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ، `هەر بەم بۆنەیەش هێرشێکی ناڕەوایان دژی هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان بەرپاکردووە و وەک گورگی هار کەوتونەتە گیانیان ، لەوەش بەربادتر پاکانە بۆ (سەددام)ی دیکتاتۆر دەکەن و خەڵکی بەش مەینەتی هەڵەبجە تاوانبار دەکەن و دەڵێن : ئەوە خۆتان بوون پاسدارتان هێنایە هەلەبجە ، بۆیە (سەددام )ژەهربارانی کردن . 

لێرە لەو دۆڵەنگێوە حزبیانە دە پرسم ، گریمان خەلکی هەڵەبجە چاوساغی بۆ پاسداری ئێران کردووە، بۆیە (سەددام)ی گۆربەگۆر ژەهربارانی کردن ،ئەدی پێمان ناڵێن ( سەددام ) ی بەدێۆم بۆ : بالیسان ،شێخ وەسانان ، مەلەکان ، بارزان ، بادینان ، گەرمیان ، قەرەداغ ، گۆپتەپە ، سماقوولی و سەدان گوندو شاری دیکەی کوردستانی بەکیمیاوی سوتاند ؟ ، ئەدی بۆ دەیان مزگەوت و کانی و پەرستگاکانی بە تی ئێن تی تەقاندەوە ، بۆ هەزاران گوند و باخ و بیستانی لەئەنفالدا سووتاند ؟ بۆ هەشت هەزار بارزانی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو بەبریارێکی ئیرتجالی ئەنفال کرد ؟ بۆ ١٨٢ هەزار خەڵکی خێرلەخۆنەیوی هەرێمی بەتەمای خودا لە ئەنفاڵدا زیندەبەچاڵ کرد ؟ ئایا ئەوەش خەتای هەڵەبجەییەکان بوو ؟ 

بەراستی شەرمەزارییە ، مردنە ، داڕمانە ، لەبری ئەوەی بپرسن و بڵێن : بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان تۆراون ، بۆ زامەکانیان سارێژنەکراوە وهەتا ئێستا ژەهری لێ دەتکێت ، بۆ هەتا ئێستاش هەرچوار وەرزیان خەزانە ؟ 

لەبری ئەوەی بەدوای ڕاستییەکان بگەرێن ، لێرەو لەوێ بێ شەرمانە ، وەک گورگی هار کەوتوونەتە گیانی هەڵەبجە و خەڵکە خێرلەخۆنەدیوەکەیشی بە تیرۆریست و کۆنەپەرست ناوزەد دەکەن و دەڵێن : (هەڵەبجە مەڵبەندی تیرۆرو تۆقاندن و کورد فرۆشتنە) ، لەوەش بەربادتر ، دەنگ بەرزدەکەنەوەو داوا لە بارزانی دەکەن کە : ئابلوقە بخاتە سەر خەڵکی هەڵەبجە و قڕیان بکات چونکە ( خۆفرۆش و حەرامزادەن) ، تەماشاکەن ، چەندە قێزەوەنە ئەو وشانەی لە هەناوی ئەو قەلەمە حزبیانە هەڵدەقوولێت . 

قەڵەمێک زۆر بێ شەرمانە دەڵێت : ( بەپێی ئامارە نافەرمییەکان دەنگی نەخێری جاشەکانی مالیکی و ئێران لە هەڵەبجە زۆر زیاتر بووە لە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ، ئاسان نییە لەوە تێبگەیت گەلێک کیمیابارانکرابێت ئەمڕۆ جارێکی تر بیەوێت دەست بخاتە ناو دەستی جەلادەکەیەوە ، ئەمە ئەگەر دەلیل نەبێت لەسەر هیچ دەلیلە لەسەر ئەوەی هەڵەبجە شایەنی ئەوەیە جارێکی تر بەر کیمیایی بکەوێت، چونکە ئەم شارۆچکەیە بەخیانەت گۆشکراوە ، یان شایەنی حوکمی ئیسلامی توندڕەوی وەک جوندلئیسلامە کە ڕێگا نەدات پیاوو ژنیان سەر بێننەدەرەوە لەماڵ و کەسیان خاوەنی ناموس و شەرەفی خۆیان نەبن ، بەڕێزان خەفەت لەیەک شت دەخۆم کە جەنابی سەرۆک چۆن، بە پەنجەی موبارەکی واژۆی لەسەر بەپارێزگابوونی ئەو شارۆچکەیە یان ئەو گوندە کردووە، ئەوەش وەفای ئەوانە بۆ سەرۆک و سەربەخۆیی، ئەگەر ئەمجارە کیمیاباران بکرێتەوە و ١٠٠ هەزارتان لێ بکوژرێت هەر پێدەکەنین، چونکە دیارە ئەوە بژاردەی خۆتانە ) ....

بەراستی نازانم چی بڵێم لەئاست نزمی و بێ ویژدانی ئەو قەڵەمەی کە ژەهری لێ دەتکێت ، نازانم چۆن وەڵامی ئەو بەربادییەی ئەو کەسانە بدەمەوە کە هەموو راستییەکان چەواشە دەکەن و کوردایەتی بە هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان دەفرۆشنەوە ؟ 

ئێ خۆ ئێمە هێندە بێ زاکیرە نیین هەتا خیانەتەکانی حزبە کوردستانییەکانمان لەبیر چووبێتەوە، بەڵێ ، ئەو خیانەتانەی کە باس کردنیان تەواو نابێت . 

بۆئەوەی لەئەسلی باسەکەم دەرنەچم ، دەپرسم و دەڵێم : ئایا کێ هەڵەبجەی ژەهر باران کرد ، سەرۆک کۆماری ئێستای عیراق ، یان عەبادی ، یان مالکی ، یان ( سەددام )ی دۆستە دێرینەکەی هەردوو حزبی زەبەلاحی هەرێمی بەتەمای خودا ؟ ئایا کێ( تاریق رەمەزان)ی ئازاد کرد ؟ کێ جاشە ئەنفاڵچییەکانی داڵدە داوە ؟ 

بەراستی لەوەزیاتر نامەوێ قسە بکەم ، ئەوەندە دەڵێم ، ئەوە هەردوو حزبی زەبەلاحی کوردستان بوون ، هەمیشە لەرێگای بەغدا و لەبەردەرگای( سەددام ) دەست لەیەخە رادەوەستان و نەک تەنها بە دووژمنی خۆیانیان نەدەزانی بەڵکو لەهەموو شکستەکانیان هانایان بۆدەبرد و لێی دەپارانەوەو بە دۆست ناوزەدیان دەکرد .

ئەوە حزبە زەبەلاحەکانی هەرێمی بەتەمای خودایە ، هەتا ئێستا نەیانویستووە زامەکانی هەڵەبجەو گەرمیان و بادینان سارێژ بکەن ، ئەوە ئەوانن لەبەردزی و فەرهودوو حزب حزبانێ میللەتیان فەرامۆش کردووە ، ئەوە ئەوانن تاوانبارن نەک خەڵکی هەڵبجەی خێرلەخۆنەدیوو ، ئەوە ئەوانن پاساو بۆ ژەهرباران کردنی ( سەددام ) دەهێننەوە و دەڵێن : ئەمجارە هەڵەبجە کیمیاباران بکرێنەوە و ١٠٠ هەزاریان لێ بکوژرێت هەر پێدەکەنین ؟ 

لەکۆتاییدا هەر ئەوندە ماوە بڵێم : شەرمەزارییە ، مردنە ، خەجاڵەتییە ، بێ ویژدانییە ، خۆت بە کوردێکی عەیار ( ٢٤ ) بزانیت و ، نەک تەنها زەرەیەک وەفای( هادی عەلەوی )ت بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان نەبێت ، بەڵکو پاکانە بۆ ( سەددام)ی گۆڕبەگۆڕ بکەیت و بڵێت : (هەڵەبجە شایەنی ئەوەیە جارێکی تر بەر کیمیایی بکەوێت ) ....؟!