ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

داوام لە منداڵەکانم کردووە لەدوای مردنم لەسەرگلکۆکەم بنووسن : (بژی خائینان و مردنیش بۆ شۆرشگێران ) ، ئاخر منێکی زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین و شایەدحالێکی زیندووی قەتلوعامی ( ئەنفال ) ، قەت لەوبڕوایە دا نەبووم دوای روخانی ڕیژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ، پێشمەرگە و شۆرشگێرە دێرینەکان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان و خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکانمان لەپەراوێز بن ، فەرامۆش بکرێن و هیچ حسابێکیان بۆ نەکرێت ،رێک بەپێچەوانەی خائینان و موستەشارە ئەنفاڵچییەکان و پاڵەوانی مەفرەزەخاسەکان و بەعسییە سەدامییەکان، ئەوانەی ئەمرۆ لەسایەی دەسەڵاتی کوردی زۆر لەجاران پۆشتە تر و بەدەسەڵاتترو قەدرگرانتروخۆشەویستترن . 

بەڵێ ئەو ئەنفاڵچییانەی هەتا دوانەفەسی ( سەرۆکەکە قێزەوەنەکەیان ) خزمەتیان کردوو دەستیان هەتا بن هەنگڵیان بە خۆێنی کوردستانیان سور کرد ، ئەو ئەنفاڵچییانەی بەهەزاران خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی کوردستانیان ئەنفال کرد و دڵسۆزانە بۆ حزبی بەعسی فاشی دەجەنگان و ئێمەمانانیان بە ( موخەریب و عەمیل ) ناوزەد دەکرد ، ئێستایش لەسایەی دەسەڵاتی کوردی ، کوردێکی دلسۆزی عەیار ( ٢٤ ) ن ،و زۆر لە ئێمە پۆشتەترو تێروپرترو لەپێش ترن ، دیوەخانەکانیان ، ڤێلاکانیان ، مەزرەعەکانیان هەمیشەی جمەی دێت ، ئەوەی لەسەردەمی ( بابە سەددام ) نەیاندیبوو ئەمرۆ لەسایەی حزبە زەبەلاحەکانی هەرێمی بەتەمای خودا بینیان و دەیبینن ، رێک بەپێچەوانەی پێشمەرگە دێرینەکان و بنەماڵەی شەهیدو ئەنفالکراوەکان کە ئازیزانیان بەدەستی ( فرسانەکانی قادسییەی سەددام و شۆرشگێرەکانی ئەمرۆ ) لە عەرعەرو نووگرەسەلمان زیندەبەچالکران و ئەمرۆش لەنەهامەتیدا دەژین ، بەڵام چ ژیانێک ، سەد خۆزگە بە مردن دەخوازن ، تەماشاکەن چ کارەساتێکە ...!!

ئاخر کەس هەیە (قاسم ئاغا) ی کۆیە نەناسێت ؟ کەس هەیە نەزانێت ئەو ( فرسانە پاڵاوانە ، موستەشاری فەجی ٨٥ ی سوک ) چەندە دلسۆزی ( سەید رەئیسی گۆر بەگۆڕ بوو ) ؟ کەس هەیە گوێی لە گلەییەکەی نەبووبێت کاتی لەخزمەت ( سەرۆک سەددام ) لەدوای راپەرین لە کۆبوونەوەیەکدا پێ گوت : ( سەیدی ، من زۆر بەئازارم ، له‌ رۆژانی سه‌ره‌تای راپه‌ڕین له‌ 5 و 6 ی ئادار 1991 ، دوام لە ( رەفیقی فەرماندە عەلی شەلال ) کرد کە به‌ چه‌کی کیمیاویی لە ڕانیه‌ و چوارقوڕنه‌ بدات و ( موخەریبەکان لەناوببات ) ، بەڵام بەداخەوە بەقسەی منیان نەکرد). 

کەس هەیە ئەو گرتە ڤیدێۆیەی نەبینیبێت کە ( ئاغا ) لەسەر لاشەی پیرۆزی هەردوو هاوڕێیە نازدارەکانم ( شەپۆل و رێباز ) لە چیای کۆسرەت ڕاوەستاوە ، دوای ئەوەی لەشەرێکی دەستەو یەخەدا بەبرینداری دەکەونە دەستیان ، هەر لەو گرتە ڤیدێۆیەدا قاسم ئاغا دەڵێت : (من بەختەم تەنها لە ڕاوە شیوعی هەیە )...؟!

من لێرەدا نامەوێ تاوانەکانی ئەو ( شورشگێرە پالەوانەی ئەنفال و چیای کۆسرەت و قوڕە بەرازە ) باس بکەم چونکە لای هەمووان بەبەڵگەوە بینراوەو بیستراوە و هەر بۆیەش دادگای باڵای عیراق بریاری دەستگیرکردنی ( قاسم ئاغا )ی داوە ، بەڵکو ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بیڵێم ئەوەیە : دوای ئەوەی بۆ هەموومان ئاشکرا بوو کە ( قاسم ئاغا ) لە شاری هەولێر لە ژیانێکی شاهەنەدا دەژیت و باشترین چەک و سەیارەو کۆمەلێک ( بۆدیگاردی ) بەخیبرەو تەجرەبەی ساڵانی هەشتاکانی لەدووە و دەیپارێزن ، (داوا و تکاو و رەجا ) لە حزبی شیوعی کوردستانی دەکەم ، وەک وەفایەکی ئەخلاقی بۆ شەهیدە سەربەرزەکانی ، ئەوانەی بەدەستی ( قاسم ئاغا ) لە ئاداری ١٩٨٩ لە چیای کۆسرەت شەهیدکران ، داوا لە سەرکردایەتی حزبی شیوعی دەکەم کە هەرچی زووە سکالا لەسەر (پاڵەوانی ئەنفال ، بکوژی هاوڕێیانیان ) تۆمار بکەن ، و لەوەزیاتر بێدەنگ نەبن ، چونکە گەل و خانەوادەی شەهیدان و قوربانیان و مێژوو روحم بە هیچ کەس ناکات .

وەسەلام