ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرەنجام ئەوەی لە ٢٥\٩\٢٠١٧ روویدا سەرکەوتنە گەورەکەی دەنگی سەروەخۆیی بوو.. ئەو دەستکەوتە بەرەنجامی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بوو دژ وە چەوسانەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نەک دەستکەوتی سێ حیزبە ملهوڕ و چەوسێنەر و پاشدامایەکە (پارتی و یەکێتیی و گۆڕان)* بەڵکە وە پێجەوانەوە ئەوان زۆر کات دەنگی سەروەخۆخوازییان سەرکوت کردیە یان وە پێی پڕوپاگەندەی سووک و چرووکی رامیارییبازانەیان خەڵکیان لەخشتەبردیە و لە دۆزە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان دوورخستینەوە.. دوا نموونەش گۆڕان و هێندەک لە یەکێتییەکان لە کاتی بانگەشەی گشتپرسیی ملهوڕانە وە پێچەوانەی خواستی گەل سەریان لە هێندەک خەڵک شێواند ئەگەر نا ئەوە رێژەی بەشدارییکردن لە گشتپرسیی و دەنگی (بەڵێ)یەکان هەردووکی لە ١٠٠٪ نێزیک دەبۆوە.. هەڵبەتە ئەو هەڵوێستە نابەرپرسەشیان لەسەر دوو تەوەر کاری دەکرد کە وە هیچ جۆر و شێوەیەک پەیوەندیی بەوەوە نەبوو کە ئەوان رێیەکی باشتریان لە پێناو سەروەخۆیی گرتیتەبەر یان لە خەمی بژێوی ژیانی خەڵک و ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان و ئازادییەکانی میللەتەوەن؛ تەوەری یەکەم بەرژەوەندیی حیزبیی و نیازی خۆسەپێنەرانەی بەرپرسەکانیان بوو کە لەوە دەترسان پارتی وەهێزتر دەبی و ئەوان لاواتر دەبن و پێگەکانیان لەدەستدەچی و کارکەنار دەخرێن. تەوەری دووەمیش شارچیێتیی بوو.. یەکێتیی لەوەتەی هەیە نیوەیان خەریکی شارچیێتیین و ویستیتیان وە پێچەوانەی خەڵکە وڵاتپارێزەکەی سلێمانی هەرچی لە سلێمانی دەگوزەرێ وە چاک و خراپیەوە وەسەر شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانی دابسەپێنن، زۆربەی زۆری ئەو نیوەیەی یەکێتیی جودابوونەوە و (گۆڕان)یان دروستکرد.. ئیدی پاشماوە کەمەکەی ئەو نیوەیەی مابوونەوە لە نێو یەکێتیی دەگەڵ سەرجەمی گۆڕان بێجگە لە سلێمانیچیێتیی ناوچەگەریی (دەڤەری کەسک)یشان لە بەرانبەر (دەڤەری زەرد) قوتکردەوە - دیارە پێویست ناکا لەو کەسە تاکوتەرایانەی خەڵکی (هەولێر و بادینان)یش بدوێین کە لە نێو (گۆڕان)ن چونکێ ئەوانیش سەرسامن وە ناوچەگەرییەکەی دەڤەری کەسک و دواییش هێندە کەمن لە ئەژمارکردن بەهایەکی ئەوتۆیان نییە -، وە کورتییەکەی خۆدەرخستن و دەسەڵاتخوازیی و شارچیێتیی ئەوەی پێکردن کە کردیان!

شایەنی لێداونە؛ بێجگە لە چەند کەسەکی زۆرگۆی بێ کردار کە لە رێی پارە و کەناڵی ئاسمانیی (ئێن ئاڕ تی)** دژ وە گشتپرسیی و سەروەخۆیی هاندران و رۆڵەکی نەرێنییان گێڕا کە ئەوانیش هەر کلکی گۆڕان و یەکێتیین و لە ساتوسەودای پشکپشکێنەی کۆمپانیایە سەرمایەدارییە چەرچییەکانیان پەیدابوونە و لە لایەن بەرپرسە نابەرپرسەکان وەک ئەندام پەرلەمان و میدیاکار و رۆناکبیر وەسەر خەڵک داسەپێندران.. کۆمەڵە رۆشنبیرەکی ناڕامیارییش کە ئاگایان لە هووردەکارییەکان نییە و لە بابەتە رامیارییەکان هڕی لە بڕی ناکەنەوە دەگەڵ کۆمەڵە رامیارییبازەکی ئاژاوەگێڕ و تاکپەرست کە وە هۆکاری جودا جودا دەسەڵات و حیزبەکان وە کۆیلەی خۆیانیان وەرناگرن.. ئەوانە هەموویان وە ناوی هەڵوێست وەرگرتن لە بەرانبەر کەونەپەرستیی پارتی و دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانی دیکە بەرانگژی گشتپرسیی بوونەوە و وە ئارەزووی خۆیان و هەر وە پێی ئەوەی لە بەرکی خۆیاندا هەیە لێکۆڵینەوە و شیکارییان دەکرد و هەر جارەو بڕوبیانوویەکیان دەخستەڕوو؛ لە سەرەتادا دەیانگۆت: ''پارتی راست ناکا و هەر لە پێناو رەواندنەوەی ناڕەزاییەکانی خەڵک و پاراستنی دەسەڵاتی خۆی و سەپاندنی سەرۆکایەتییە ماوە وەسەرچووەکەی بارزانی ئەو قسەیە دەکا'' پاشان دەیانگۆت: ''بارازنی بەکرێگیرای تورکیایە و هەرگیز گشتپرسیی ئەنجام نادا!'' جارەکی دیکە دەیانگۆت: ''گشتپرسیی کوو دەکرێ لە کاتەکدا لە نێو ئەو هەمووە داگیرکەرەی کوردستان گیرت خواردبی و وڵاتە زلهێزەکانی جیهانیش دەگەڵت نەبن.. لە دوایەمین رۆژیشدا بی هەر پەژێوانیان دەکەنەوە و هەرگیز ئەو گشتپرسییە ئەنجام نادرێ و کەرکووکیشی دەگەڵ نابی!'' جارەکی دیکە دەیانگۆت: ''پەرلەمان پەکخرایە.. پێویستە سازانی نیشتمانیی هەبی و پایەکانی دەوڵەت دابمەزرێنین ئەوجا گشتپرسیی بکەین!'' لە هەمووشی عەنتیکەتر هێندەک جار خۆیان لێدەکردینە ئازادییخواز و یەکسانییخواز و دەیانگۆت: ''لەبەرئەوەی ئازادییەکان قەدەغەن و ئێستا خەڵک برسیینە و مووچەیان نییە هەرگیز لە گشتپرسییەکی ئەوها دەنگ نادەن!'' و زۆر قسەی دیکەی لەو بابەتانە.

دەگەڵ هەموو ئەوانەش ئەو خەڵکانە (گۆڕان و بەشەکی کەمی نێو یەکێتیی و ئەو کەسانەی دەگەڵ کەناڵە تەلەفزیۆنییەکە و دەنگی نەخێربوون و رۆشنبیرە ناڕامیارییەکان و رامیارییبازە ئاژاوەگێڕ و تاکپەرستەکان و هەر کەسەکی دیکەی دەنگی نەخێر) خۆیان ئازادن هەر تێڕوانینەکیان هەبی و هەر خۆشیان لێی بەرپرسن.. ئەوەش واتای ئەوە ناگەیەنی هەموو ئەو کەسانەی ئاماژەمان پێدان کەسانی نەزان و دژ وە میللەتەکەی خۆیانن یان لە پێناو پارووە نانەکی نێو حیزب و لایەنەکان و ناوبانگ پەیداکردنەک ئەو هەڵوێستەیان نواند.. وەک نموونە؛ بزووتنەوەی گۆڕان بەرپرسەکی لە هەولێر هەیە وە ناوی (....... .....) کە لە نێزیکەوە دەیناسم و دەزانم هەموو تەمەنی خۆی لە پێشمەرگایەتیی و نێو کاری رامیاریی وەسەربردیە و لە هەشتایەکان وە شێوەیەک بریندار بوو لە لێوی مەرگ گەڕایەوە و تا ئێستاش یەک لەکەی گەندەڵیی پێوە نییە و کەسەکی زیرەک و وریایە و یەکەکە لە باشترین لێکۆلەری رووداو و بابەتە رامیارییەکان لە نێو گۆڕان.. کەچی لەوەیان پێشبینییەکەی هەڵە درەرچوو.. ماوەیەک پێش گشتپرسییەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی وە منی گۆت: ''ئەو راپرسییە ناکرێ و ناکرێ و ناکرێ!''.. لێ کەسی لەو جۆرە زۆر کەمن لە نێو ئەوانەی دژی گشتپرسییەکە بوون.. وە کورتییەکەی قسە و رەفتاری ئەو کەس و لایەنانە وە شێوەیەکی گشتیی کە دژی گشتپرسیی و سەروەخۆیی نواندیان و دەینوێنن زۆر دوژمنکارانەترن لە دژایەتییەکانی رەگەزپەرستان و بەکرێگیرایەکانی نێو دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا.. لەبەرئەوە پێویستە زۆر وە فراوانی لێکدانەوە و شیکاریی و پێشبینییە سادە و ساکار و هەڵەکانیان بخرێنە پێش جەماوەر تا جاری دیکە چیدی هەر لەو گۆڕەی دەو لە تشتان نەکوتن.. ئاخەر ئەوە بەرپرسیارییەکی گەورەیە و ناکرێ هەر لە خۆوە و بێ ئەوەی دوو سەرە داوی رامیارییت لە هەناو بی یان هەر وە ئەنقەست و لە ژێر گوشاری تەسکبینیی حیزبایەتیی یان لە رقی ستەمگەرییەکانی پارتی وە را و تێڕوانینە چرووکەکانت چارەنووسی سەرجەمی خەڵکی کوردستان بخەیە بەر مەترسیی!

بێ گومان پێویستە دان بەو راستییەشدا بنێین کە ئێمەی خەڵکی کوردستان وە هەموو نەتەوەکانەوە وە هۆی چەوسانەوە و ئەو داگیرکارییە لەمێژینە نەتەوەیی و نیشتیمانییەی هەمانە لە هەموو روویەکەوە زۆر لە میللەتان وەدواکەتینە.. ئێستاش گیانی رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن لە ئاستەکی زۆر لاواز دایە لە نێومان، هەڵبەتە ئەو کەس و لایەنانەش کە لە سەرێ ئاماژەمان پێدان هێشتا لە پاش ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی گشتپرسییەکەش کە کەرکووک و نێوچە دابڕێندرایەکانیشی گرتەوە هەر ناتوانن دان وە تێڕوانین و هەڵوێستە هەڵەکانیان بنێن و داوای بووردن لە خەڵکی کوردستان بکەن.. ئێستاش هەر بڕوبیانووان دەدۆزنەوە و دەبێژن 'گشتپرسییەکە سوودی نییە و وڵاتان دانی پێدا نانێن و ئەو دەسەڵاتدارانەش ئەوە نین بتوانن وە پێی ئەنجامەکە سەروەخۆیی رابگەیەنن بەڵکە تەنێ لە پێناو دەسەڵاتەکەی خۆیان سازشی پێ دەکەن'.. واتە خۆیان لەوە گێل دەکەن کە ئەوە خەباتی دوور و درێژی خەڵک بوو حیزبەکانی ناچار کرد گشتپرسیی ئەنجام بدەن و وڵاتانیش نەتوانن رێگریی لێبکەن هەروا خەڵک هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە لە وڵاتان و دەسەڵاتدارانی نێوخۆش ناکەن تا سەروەخۆیی لەسەر سێنییەکی زێڕ پێشکەش وە میللەت بکەن.. بەڵکە قۆناغی دووەمی گشتپرسییەکەش کە راگەیاندنی سەروەخۆییە هەر لە رێی خەبات و گوشاری خەڵکەوە ئەنجام دەدرێ چونکێ دەسەڵاتداران چ دەرەکیی چ نێوخۆیی هەرگیز دان وە ماف و ئازادییەکان نانێن ئەگەر ناچار نەکرێن!

ئیدی ئێستا دەمی راگەیاندنی سەروەخۆییە.. لێ چەندەی خەڵکی کوردستان دەرفەتی پتر بدەنە دەسەڵاتدارانی کوردستان تا دانوستان دەگەڵ رەگەزپەرستە شیعە و سونەکانی بەغدا بکەن کە هەمان فەرهەنگی داگیرکاریی رژێمەکەی سەدامیان هەیە ئەوە سەربەخۆییەکە دوور و دوورتر دەکەویتەوە و سەرەنجام دەستوەردانی داگیرکەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتە زلهێزەکانیشی دێتە سەر و هووردە هووردە ئەنجامی گشتپرسییەکە پووچەڵ دەکەنەوە.. لەبەرئەوە راگەیاندنی هەر ئێستای سەروەخۆیی - نەک کۆنفیدراڵیی! - پتر لە قازانجی خەڵکی کوردستانە ئەگەر قوربانییدانی پتریشی گەرەک بی و دامودەزگە نێودەوڵەتییەکانیش زوو دان وە دەوڵەتەکەدا نەنێن، رامیاریی نێودەوڵەتییش هەمیشە تەماشای هێز دەکا واتە ئەگەر خەڵکی کوردستان ئازایانە دەسەڵاتدارانی نێوخۆ ناچار بکەن سەروەخۆییەکە رابگەیەنن ئەوە ناچار دەبن دانی پێدا بنێن و پشتگیریشی لێبکەن. 

__________________________

* دیارە پێویست ناکا باسی لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان (بزووتنەوە، یەکگرتوو، کۆمەڵ، دەستەگەلی دیکە) بکەین چونکێ ئەوان کرێگرتەی بزووتنەوە ئیسلامییەکانی جیهانن و نەک هەر رێگرن لە وەدەستهینانی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بەڵکە لە راستییدا لە پێناو ئەوە دروستکرانە تا خەڵکی کوردستان بەرە دوایێ بگێڕنەوە.. ئێستا لەو بێ هێزییەیان وەک مۆرانە لە جەستەی کوردستانیان دایە.. خۆ ئەگەر هێز پەیدا بکەن ئەوە لە داعشییەکان (دەوڵەتی ئیسلامیی) پیستر دەبن وەک ئەوەی هەموومان دیتمان لە سەرەتایەکەیاندا کە هەڵەبجەیان داگیرکردبوو هیچ نەما وە خەڵکی نەکەن!؟ 

** هیچ گومانی تێدا نییە یەک لە هۆیە هەرە کاریگەرەکانی نەگەیشتنی خەڵکی کوردستان وە ئامانجەکانی هەبوونی هزر و خولیای خێڵەکیی و ناوچەگەریی و شارچیێتییە لە کوردستان، وەک دەیبینین (ئێن ئاڕ تی)ش پڕوپاگەندەی ئەوە دەکا کە دژ وە دەسەڵاتی بنەماڵەیی پارتی و بارزانییە کەچی خۆشی وەک هەردوو میدیایە هاوکارەکەی سەر وە (گۆڕان و یەکێتیی) هەر لەسەر بنچینەی شارچیێتیی و ناوچەگەریی دروستبووە و ئێستاش هەر وەدەزانن لە سەردەمی میرنشینەکانی بابان و سۆران دەژین!