ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قسەیەکی نەستەقی پێشینانی کورد هەیە ئەڵێ: " قولی رەش و سپی لە بواردا دەرئەکەوێ" واتە دۆستی ڕاست و ناڕاست لە ڕۆژی خۆی دا دەرئەکەوێ.

ئەو دەوڵەت و کۆمپانیانەی کە کورد دوێنێ و ئەمڕۆیش بە دۆستیان ئەزانی بە واتایەکی تر ئێمە پشتمان پێ بەستون ـ ئەوانەی کە پەیتا پەیتا بە شان و باڵ و ئازایەتی و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەیان هەڵئەدا و چەپڵەیان بۆ دڵسۆزی کورد لێ ئەدا. لە شەری ـ داعش ـ دا ئەو ماف پەروەر و دیموکراسی و دادپەرەوەری خوازانە!! لەم ڕۆژانەدا کە ئێمە پێویستمان بە یارمەتی و هاوکاریان هەیە زۆر بە ئاشکرا و بێ شەرمانە دژی خواستی گەلەکەمان ڕاوەستان و بریاریان دا کە پشتگیریمان ناکەن.

ئەم هەڵوێستەی دەولەتە ئیمپریالیەکان حەقیقەتی خواست و مەبەستی تایبەتی ئەوان چەندبارە ئەکاتەوە. کە بێجگە لە بەرژەوەندی خۆیان هیچ شتێکی تریان لەبەر چاو نیە و حسابی بۆ ناکەن نەک تەنها ئێمەی کورد بەڵکو دەستی دەیان گەل و نەتەوەی تریان بڕیوە و پشتیان تێ کردون.

ئەگەڕێمەوە بۆ باوک و بابپرانمان کە وتویانە: "بەخەنینی زاڵم باوەر مەکەن". ئەو کاتێک بەڕومان دا ئەخەنێ کە بەرژەوەندیەکانی بێتەدی.. بەڵام سەیر لە وەدایە ئێمە لە مێژوی خەباتی گەلەکەمان هیچ فێر نەبوین. ئەی ڕێکەوتن نامەی ئازاری ٩٧٥/ ی نێوان (سەدام و شای ئێران) بە ڕەزامەندی ئەمریکا نەبو ؟؟ کە هەرەسی بە شۆرشەکەمان هێنا؟! 

من لە نوسینێکی ترم دا وتوومە: ئەگەر ئەمریکا عیراق / ی بۆ ساغ ببێتەوە کورد ئەفرۆشێ!! ئەمریکا ئەمڕۆ سەرگەرمی ئەوەیە عێراق بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. بۆیە پشتیوانی هەڵوێستی ئەو ئەکات سەبارەت بە ڕاپرسی گشتی کورد.

ئەگەر زانستانە بڕوانینە ئەم دۆخە نێو دەوڵەتیە بۆمان دەرئەکەوێ کە گەمارۆ دراوین و بەتەنها ماوینەتەوە. چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە و چ لە جیهان دا. ئەمەیش بۆمان دەرئەخات. پێشینان واتەنی کە " هەق ئەسەنرێ نادرێ", ئەوەتا ئەو ((دۆستانەی پشتمان پێ بەستون ئەم هەقەمان نەک پێ ڕەوا نابینن بەڵکو بە ((ئیسفزازی)) ئەدەنە قەڵەم!!

لەم حالەتەدا کوردی عێراق تەنها ڕیگایەکی لە پێشە ئەویش ئەو مافەی خۆی بەزۆر بسێنێ. جا ئاخۆ ئەم توانایەی لەبەر دەست دایە؟ ئایا بارودۆخی خودی هەرێم و دەوروبەر و جیهان لەبارن بۆ ئەم هەنگاوە؟ بەمانایەکی تر ئاخۆ کاتەکە گونجاوە؟

ئەم واقعە. ئەم بارو دۆخە ئەبێ زۆر زانستانە و ژیرانە و سیاسیانە و هێمنانە لێ بکۆڵرێتەوە. ئەنجامەکانی تاو تو بکرێ ئەبێ ئەوەمان لە بیر بێ کە پاش سالی ٩٩٣. دەولەتە دراوسێکان و سەدام سودیان لەناکۆکی ناو خۆمان وەرگرت و حکومەتەکەیان بەشەری ناوخۆ هەڵوەشاندەوە!! ئەو دراوسێیانە و ئەو زلهێزانە هەرماون و هەر دوژمنەکەی جارانن ... هە ئەقڵە لە خەسارێک.