ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گیڤارا، له‌ 9ی ئۆكتۆبه‌ری 1967 ده‌كوژرێت. مردنی ئه‌ویش وه‌ك مردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مه‌ترسی بۆ سیسته‌م درووستده‌كه‌ن، سه‌ره‌تا به‌گومانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌. ئه‌وانه‌شی هه‌واڵه‌كه‌ ده‌بیستن، زۆر دڵنیا نین. به‌ر له‌ كوشتنیشی، نزیكه‌ی دووساڵێك بوو هه‌واڵێكی ده‌قیق له‌سه‌ر گیڤارا نه‌بوو. پاش په‌نجا ساڵ، گیڤارا هه‌مان گیڤارا نیه‌، به‌ڵكو له‌ناو كات و شوێنێكی تردا قابیلی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌یه. تێكڕا خۆشه‌ویستییه‌ك بۆ گیڤارا هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت سیسته‌م به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان گیڤارای قبوڵكردووه‌. هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌كان یه‌كێك نین و بۆ یه‌ك مه‌به‌ستیش نین. بۆیه چه‌ند خاڵێك جێی تێڕامانه‌‌:

‌1) گه‌ر له‌ سیاقدا بیخوێنینه‌وه‌، ئه‌وا به‌شێك له‌ خۆشه‌ویستی(یان نمایشی خۆشه‌ویستیی) سیسته‌م بۆ گیڤارا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕق له‌ كاسترۆ. گه‌ر كاسترۆ نه‌بوایه، یان گیڤارا هاوخه‌باتی كاسترۆ نه‌بوایه‌ ئه‌وا پێده‌چوو مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ فیگه‌ری گیڤارادا جۆرێكی تر بێت. كاسترۆ هه‌ڵگری ئایدیای ڕزگاری بوو، له‌ ئه‌رزی واقیعدا كاری ده‌كرد، مه‌ترسیی جدی و ڕاسته‌قینه‌ بوو بۆ سه‌ر سیسته‌م و ئیمپریالیزم‌، به‌ڵام گیڤارا هێشتا ئه‌و مه‌ترسییه‌ جدی و یه‌خه‌گیره‌ نه‌بوو، خه‌ون و ئایدیاڵی گیڤارا هێشتا دوورتر ده‌رده‌كه‌وت كه‌ شۆڕشی جیهانی بوو. سیسته‌م له‌م ڕووه‌وه‌ ده‌یه‌وێت بڵێت ئایدیای ڕزگاری(و چه‌پگه‌رایی) ته‌نیا له‌ خه‌وندا جوانه‌ و كه‌ هاته‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع، كابووس درووستده‌كات. لێره‌وه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی گیڤارا له‌سه‌ر حیسابی نزمكردنه‌وه‌ و به‌دێوكردنی كاسترۆیه‌.

2) گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی سیاقیش بیخوێنینه‌وه‌ و گیڤارا له‌ شوێن‌كاتی خۆی ده‌ركه‌ین، ئه‌وا سیسته‌م تاكتیكی خۆی هه‌یه‌ بۆ ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه‌. سیسته‌م هه‌ركات نه‌یتوانی فیگه‌رێك بشێوێنێت و نكۆڵی له‌ حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی بكات، ئه‌وا هه‌وڵده‌دات هه‌زمی بكات، له‌خۆیدا بیتوێنێته‌وه‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا، گیڤارا به‌هۆی پرۆسه‌ی به‌كاڵابوونه‌وه‌ هه‌رسكراوه‌ و كراوه‌ به‌ ماركه‌. واته‌ ڕه‌هه‌نده‌ شۆڕشگێڕییه‌كه‌، له‌ ڕه‌هه‌نده‌ نمایشی و ئابورییه‌كه‌یدا توێنراوه‌ته‌وه‌. 

3) گیڤارا تیۆریستێكی گه‌وره‌ نه‌بوو تا تیۆر به‌رهه‌مبێنێت، به‌ڵام پارتیزان و ئه‌كتیڤیستێك بوو كه‌ ده‌كرێت تیۆری له‌سه‌ر داڕێژرێت. گیڤارا ناوه‌ بۆ سه‌رده‌مانێك كه‌ "ژیانی شاخ" ده‌كه‌وته‌ به‌رامبه‌ر "ژیانی شار"ه‌وه. شاخ به‌م جۆره‌ی ئێستا مه‌جازی نه‌ببووه‌وه‌، له‌ سیسته‌مدانه‌توابووه‌وه‌، نه‌ببووه‌ پاشكۆی شار و ستاندارده‌كانی شار. شاخ، ڕووبه‌رێك بوو ده‌كه‌وته‌ ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌مه‌وه‌. ‌ئێستا شاخ ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ به‌ره‌نگاره‌ی له‌ده‌ستداوه‌. سیاسه‌ت كه‌وتووه‌ته‌ ناو شاره‌وه‌، شاریش به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ڕووبه‌ری سیسته‌مه‌. مرۆڤی شاخ خۆی له‌ خه‌سڵه‌ته‌ ڕۆژانه‌ییه‌كانی ژیانی شار دابڕیبوو. خه‌می كرێی شوێنی نه‌بوو، قه‌رزار نه‌بوو، به‌رخۆر و كاڵاپه‌رست نه‌بوو، ژیانی به‌ پۆڕنۆ نه‌كرابوو، كاته‌كانی به‌كاڵایی نه‌كرابوو(چونكه‌ كات به‌پێی شۆڕش، كاتێكی ئیستیسنایی و ئاوارته‌یه‌ و له‌پێناوی كار و بژێویدا نیه‌). گیڤارا ناوێك بوو بۆ ئه‌و جۆره‌ مرۆڤه‌ كه‌ سیسته‌م به‌ ئیمكانه‌ بێشوماره‌كانی خۆی پڕی نه‌كردبووه‌وه‌.

4) له‌ مێژووی ئێمه‌دا، گیڤارا به‌ر قیاسێكی تر ده‌كه‌وێت. گیڤارا له‌ وێنه‌ كلاسیكییه‌كه‌ی "پێشمه‌رگه‌"وه‌ نزیككراوه‌ته‌وه‌. وێنه‌ی كه‌سێك كه‌ گوایا گیانی خۆی به‌ختده‌كات و له‌ مه‌رگ ناترسێت. به‌ڵام له‌ڕاستیدا گیڤارا فیگه‌رێكی سه‌روو-نه‌ته‌وه‌ییه‌ و جیایه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌. ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی وڵاتی خۆی خه‌باتی ده‌كرد، له‌كاتێكدا پێشمه‌رگه‌ سه‌ر به‌ سنوره‌ ناوه‌كییه‌كانی میله‌تێكی ژێرده‌سته‌ بووه‌. گیڤارا چه‌په‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ پتر ناسیۆنالیستییه‌. گیڤارا، پاش شۆڕش ده‌بێته‌ گیڤارا، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ پاش شۆڕش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ "ژیانی شار" و ململانێكانی شار. 

5) ئێستا سه‌دان و هه‌زاران ئه‌كاونت ده‌بینین كه‌ گه‌نجه‌كان و هه‌رزه‌كاره‌كان وێنه‌ی گیڤارایان له‌سه‌ر داناوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن گیڤارا سه‌ر به‌ چی نه‌ریتێكه‌. خودی زانینه‌كه‌ كێشه‌ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌و ئایدۆلۆژیا باڵاده‌سته‌ كێشه‌یه‌ كه‌ گیڤارا له‌ نه‌ریته‌كه‌ی ڕووتده‌كاته‌وه‌ و ناهێڵێت له‌زگه‌ی چه‌پبوونی پێوه‌ بلكێت و مه‌رامی تایبه‌تیی خۆی پێوه‌ ده‌لكێنێت. به‌م مانایه‌ گیڤارا ده‌كاته‌ یاده‌وه‌رییه‌كی ڕووت. لانیكه‌م دوو جۆر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ فیگه‌ره‌ مێژووییه‌كاندا هه‌یه‌. یان ده‌كرێن به‌ سه‌رچاوه‌ی ئیلهام، یان وه‌ك یاده‌وه‌ریی ڕووت بیرده‌خرێنه‌وه‌. گیڤارا كراوه‌ به‌ دووه‌میان، به‌ ڕووداوێك كه‌ ده‌بێت یه‌كجار ڕووبدات و دووباره‌نه‌بێته‌وه‌.

6) گرنگیی گیڤارا له‌و وێنه‌ ڕۆمانسییه‌دا نیه‌ كه‌ بۆی درووستكراوه‌ و گوایا مادام له‌ سیاسه‌ته واقیعییه‌كه‌ دووركه‌وتۆته‌وه‌ ئیتر پاكه‌. گرنگیی گیڤارا بۆ ئه‌مڕۆ كه‌مێك له‌ودیوی گیڤاراوه‌یه‌، واته‌: به‌ره‌نگاری مێژووی نیه‌، به‌رواری نیه‌، ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رده‌می گیڤارا خۆی زیاتر پێویستمان به‌ به‌ره‌نگارییه‌.