ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عەزیز ڕەئووف / دەرگای مەكتەب كرایەوە

جوانیەكانی تەمەڵی

وا جارێكی تریش خوێندكاران دەچنەوە قوتابخانە، دەزانم ئەمساڵیش وەك ساڵانی پێشوو وانەكان لەبەر دەكەن و وەك توتیەكی باش ڕستەكان دەڵێنەوە، ڕەنگە هەندێ جار دڵخۆش بم بەوەی كە منداڵەكانم یەكەمی پۆل بوون، بەڵام بەڕاستی ئەوە بۆ من گرنگ نیە. ڕەنگە لە تەنیشت منداڵەكانمەوە منداڵێك هەبێت خەمێكی هەبێت و وەك ئەوان نەبێتە توتی. ڕەنگە بەهرەیەك لای ئەوانی تر هەبن و مامۆستاكان بەهۆی خەمەكانی خۆیانەوە بەهرەكان نەدۆزنەوە. بۆیە شتێك بەناوی تەمەڵ و زیرەك بوونی نیە. 

یەك شت بۆ خوێندكار گرنگە لەبیری نەكەین ئەویش مرۆڤبوونە، ئەوەی تر هیچ نیە و ڕۆژێك دەتوانی زانیاری فێر بیت. جارێك ئەدۆنیسی شاعیر وتی: (شێوەی مرۆڤت هەبێ بەس نیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بیت). مرۆڤبوون هونەرە، خوێندكار تەنها فێر بێت مرۆڤ بێت زانیاری گرنگ نیە، ڕۆژێك هەر فێر دەبن، هەندێ جار زانیاری دوادەخرێ، بەڵام كارەساتە مرۆڤبوون دوابخرێ. بۆ نمونە من لە وانەیەكدا لە زانكۆ تەمەڵ بووم، مامۆستاكەم دەووری دووەم دەریچاندم، بەڵام دوای دە ساڵ لەسەر هەمان بابەت دیراسەیەكم نوسی و لە ڤیستیڤاڵێكدا خەڵاتم وەرگرت، ئایا بەڕاستی من تەمەڵ بووم؟ نەخێر، بەڵكو من تەنها زانیاریم دواخستبوو لەپێناو دۆزینەوەی خۆم وەك مرۆڤ. 

خەیاڵ گرنگترە لە زانیاری، ژنە شاعیری ئەمریكی سیلڤیا پلات جارێك وتی: "خەیاڵ زۆر گرنگترە لە مەعریفە". بۆ من ئەوە گرنگە خوێندكار خۆی خاوەنی خەیاڵ و ڕوئیای خۆی بێت، هەڵگری خەونی خۆی بێت زانیاری لەبەركراو و مەعریفەی توتی ئاسا كۆمەكی كەس ناكا. ئەوە بزانن مامۆستا ناتوانێ كەس فێر بكا ئەگەر خوێندكار خۆی كار لەسەر خەون و خولیای خۆی نەكات. مامۆستا تەنها دەتوانێ مەعریفەیەكی نوسراویان پێ لەبەر بكات، بەڵام ئەگەر خەون لە قوتابخانە مرد، ئەوە نەوەیەك دەمرێت، ئایندەیەك دەمرێت . 

گرنگە خوێندكار لە شكست نەترسێت؟ جارێك ماندێلا وتی: (من هەرگیز شكست ناهێنم، یان سەردەكەوم یان ئەزموون لە شكست وەردەگرم) ، بۆ خوێندكار گرنگە لەسەر شكستەكان بوەستن و ئەزموونی لێ وەرگرن، بۆ قوتابخانەی لەم فۆرمەی دنیای ئێمە سەركەوتن واتە لەبەركردن وەك توتی، ڕەنگە جوانیەك لە شكستی كەسێكی بەهرەداردا هەبێت و سەختیەكانی ژیان نەتوانێت باش وانەكان لەبەر بكات. بۆ نمونە من لە قوتابخانە زیرەك نەبووم، لەبەر ئەوەی سەركێش بووم كتێبی دەرەوەی قوتابخانەم دەخوێندەوە. باشە با بپرسین: زیرەكەكانی هاوڕێم لە كوێن؟ بەڕاستی ئەوان زیرەك بوون؟ من دەزانم هەموو دەتوانین سەردەمێك زیرەك بین و سەردەمێكیش تەمەڵ، ئەوەش دەزانم خەون و خەیاڵ زۆر گرنگترن لە زانیاری. مرۆڤبوون گرنگترە لە قسەی ناو مەنهەجەكان.

جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان بەخێوكردن و پەروەردە كردن. زۆرینەی خێزانەكانی ئێمە منداڵ بەخێو دەكەن نەك پەروەردەیان بكەن. مرۆڤ تاكە بونەوەرە دەبێت پەروەردە بكرێت، مرۆڤ یان دەبێت بە مرۆڤ یان بە فریشتە. تاكە زیندەوەر لەسەر زەوی مرۆڤە كە دەتوانێت لەیەك كاتدا مرۆڤ بێت و دەتوانێت دەموچاوی بگۆڕێت بۆ دڕندەیەكی دوو پێ. بەڵام كۆتر هەر كۆترە و پەرەوەردەی ناوێ، ئەسپ ڕەسەنە و مەنهەجی پێویست نیە، شێر بەهێزە و نابێتە پەپولە، وەلێ بەڵاكە لە ئاژەڵدا نیە، بەڵای گەورە مرۆڤە كە یان دەبێت بە مرۆڤ یان بە دڕندە. ئەوە مرۆڤە سەرزەوی ناشرین كردوە نەك كۆتر و ئەسپ و شێر و پڵنەگان. 

دەرگای مەكتەب كرایەوە، گرنگە دەرگاكانی خەیاڵ و خەون دانەخرێن و كاری لەسەر بكرێت. لەم عەسرەدا تەنها مرۆڤ بوون بەسە. هەموو منداڵێك تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەگەر هەموو منداڵەكان وەك یەك زیرەك بوون ئەمە پەروەردە نیە، ئەمە دەواجنە. پێنچ پەنجەی جیاواز دەستێك دروست دەكەن و هەریەكەیان لەوی تر جیاوازە.

دەرگای مەكتەب كرایەوە. گرنگە جوانیەكانی تەمەڵی ببینین.