ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سڵێمانی موعینی (فایەق)

( بەشێکە لە بیرەوەرییەکانی جەلال دەباغ بەناوی (چەمکێک لە بیرەوەرییەکانم) کەهێشتا بڵاونەکراوەتەوە)

سلێمانی محمەد ئەمینی موعینی (فایەق)

١٥ی گوڵانی ١٩٦٨گیراو گولەبارانکرا

رۆژێکیان لە ساڵی ١٩٦٧دا، لەوکاتەدا کە بەرپرسی کۆمیتەی ناوخۆیی (محلی) سلێمانی حیزبی شیوعی عێراق بووم، نامەیەکمان لە مەکتەبی هەرێمی کوردستانی حیزبەوە بۆ هات کە دوو هاوڕێی حیزبی دیموکراتی کوردستان- ئێران نێردراون بۆ سلێمانی و ماوەیەک لای ئێمە دەمێننەوەو دەبێ بایەخیان پێبدەین و، داواکارییەکانیان جێبەجێبکەین، هەر خۆشیان نامەکەیان هێنابو بەڕێگەی دیاریکراو گەیاندبوویان.

ئەودووهاوڕێیەش: سڵێمانی موعینی(فایەق)دەبیری یەکەمی (سکرتێری) حیزبی دیموکراتی کوردستان- ئێران و محەمەد ئەمینی سیراجی(حسێن) ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب بوون.(١)

لەگەڵ گەیشتنیان هاورێیان پاش بەخێرهاتنی گەرم بردبویاننە ماڵی شێخ حەسەنی مارگر (باوکی هاوڕێی شەهید شێخ باقر) کە ماڵێکی باش و زۆر بەڕێزو میوان دۆستبوون.

پاش مانەوەیان پتر لە مانگێک لەوماڵە نامەیەکیان گەیشتەدەستم کە تێیدا نووسیبوویان "ماڵی کاک شێخ حەسەن ماڵێکی زۆرباش وبەڕێزن و زور خزمەتیانکردوین و کەمتەرخەمییان نەبووە، بەڵام داوادەکەین ئەگەر دەکرێ بمانگوێزنەوە بۆ ماڵێکیتر چونکە ئەوماڵە میوانیان زۆردێت و ئێمەش بواری ئەوەمان نییە بەتەنیا لەژوورێکدا بمێنینەوەو خەریکی خوێندنەوەو نووسینی خۆمانبین، جائەگەر دەکرێ و دەتواندری بمانبەنە 

ماڵێک کەژووری تایبەتیمان هەبێت و تێکەڵ بە میوانی ماڵەکە نەبین و بواری خوێندنەوەو نووسینمان هەبێت..."

منیش مشوری جیگەیەکی وام بۆ خواردن بەپێی داواکەیان و گواستماننەوە بۆ ماڵی هاوڕێ مامۆستا حەمە سادق لە نوریئاوای گەرەکی کانێسکان کە لەوێ ژووری تایبەتی خۆشیان هەبوو، وەک پێویست خزمەتیان دەکراو، ماوەیەکی زۆر لەوێ مانەوە، بۆ خوێندنەوە، رۆژنامەو گۆڤارو کتێبیان بۆ دابین دەکران. منیش زوو زوو سەردانم دەکردن.

ئەو ژوورە تایبەتیبوو بۆئەوان و هەمیشە هەموو پەردەی پەنجەرەکانی دادەدرانەوەو، زۆرجار کەخوشکە ئەختەری خوشکەزای شەهید سەلاح و دواتر هاوسەری هاوڕێ سەعدوڵا کاکەیی دەهاتە سەردانی ماڵەکە لە هاوڕی تانیای دەپرسی : "من تێناگەم بۆچی هەمیشە پەردەکانی ئەو ژوورەتان دادراونەتەوە؟" هەرچەندە خوشکە ئەختەر هاوڕێمانبوو، جێگەی متمانەو باوەڕبوو بەڵام هاوڕێ تەنیا لە وەڵامدا پێیدەگوت :چونکە ئەو ژوورە داخراوەو پێوستمان پێینییە".!

کەیبانوی ماڵ هاوڕێ ( وحیدە حەمید- تەنیا) ومامۆستا سادقی هاوسەری زۆر ئاگاداریانبوون و زۆر خزمەتی هاوڕێیانەیان دەکردن و ئێمەش هاوڕێ (تەنیا) مان راسپاردبوو کە ئەگەر نامەیان بۆ هاوڕێیانی خۆیان لە بەغداو رانیەو قەڵادزێ و هەر شوێنێکیتر هەبوو بۆیان بگەیەنێت، لەراستیشدا وابوو چەند جارێک هاوڕێ (تەنیا)هاتوچۆی بەغدای کرد بۆ لای هاوڕێ (عەبدوڵای شلێر- یوسفی رەزوانی) کە بەهۆی ئەویشەوە نامەی دەگەیاند بە هاوڕێکانیان لە دەفتەری سیاسی کە لەبەغدا دەبینرانەوە وەک هاوڕێ عەبدوڵای حەیاکی و کەریمی حیسامی و ئەوانیتر.

هەردوو هاوڕێ جاروبار بۆ پیاسەکردن یان بۆ پەیوەندی و کاری تایبەتی حیزبی خۆیان بەئێواران یان شەوان لەماڵ دەردەچوون وپاشان دەهاتنەوە.

ئێمە دەمانزانی کە لە باڵەکەوە بەزویری هاتوون و تێکچونێکیان لەگەڵ بارزانی مستەفا روویدابوو، کە باسی ئەورووداوە هاتەپێشەوە هاوڕێ موعینی نامەیەکی پێشاندام کە لە ئیدریس بارزانیەوە بۆی هاتبوو کە خوێندمەوە کورتەکەی ئەمەبوو کە نووسرابوو" باوکم دەڵێ سڵێمان وەک کوڕی خۆموایەوهیچم بەرانبەری نییەو کەی بخوازێ بابێتەوە ئێرە...تاد".

جارێکیان هاوڕێیەکیان بەناوی (خەلیل شەوباش) لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبو داوای دیداریانیکرد، بەڵام بۆئەوەی شوێنەکەیان ئاشکرانەبێ، هاوڕێ خەلیلم بردە ماڵی خۆمان کە نزیكبوو، کاک سڵێمانی موعینیم هێنا بۆلای، لەوێ تادرەنگ پێکەوە مانەوەو نانی ژەمێکیان پێکەوەخواردو دوای تەواوبوونی دیدارەکەیان هاوڕێ سلێمانم بردەوە جێگەی خۆی.

لە ماڵی هاوڕێ حەمە سادق زۆرمانەوە کە لە ساڵێک زیاتربوو. هاوڕێ حەمەدەمینی سیراجی پاشان ویستی لە سلێمانی هاوسەرگیری بکات، بەیارمەتی هاوڕێ (تەنیا) لەگەڵ روناک خانم بوونە هاوسەری یەکتر.

جارێکیان کاک فایەق داوای لە هاوڕێ (تەنیا) کرد هاوسەرەکەی (واتە دایکی سیامەند) کە لای حەسۆمیرخان و ئەوان لە رانیە دەستبەسەربوو بۆ بگەیەنێتە لای خۆی لە سلێمانی. هاوڕێ تەنیا پاش ئاگاداربوون و بڕیاری حیزب بۆ ئەو مەبەستە دەستبەکاربوو. 

بەئۆتۆمبیلێکەوە گەیشتە رانیەو توانی بگاتە ماڵی ئەوبەرپرسەی کەتێیدا دەستبەسەربوو، چاوی بە دایکی سیامەند دەکەوێت و ئاگاداری دەکات کە 

هەموو شتێک ئامادەیە بۆ بردنی و گەیاندنی بۆلای هاوڕێ سڵێمان. بەڵام دایکی سیامەند زۆرداوای لێبوردن دەکات و دەەڵێ ناتوانم بێم چونکە هەموو خشڵەکانم بارمتەن لای حەسۆ میرخان و ئەگەربێم ئەوهەموو زێڕەم لەدەستدەچێت، بۆیە هاوڕێ تەنیا گەڕایەوەو ئەم راستیەی بە کاک سڵێمانی موعینی راگەیاند. ئەویش بەم هەواڵە زۆر خەفەتباربوو.

بەڵام هاوڕێ تەنیا پاش ماوەیەکیتر رۆیشتەوە بۆ ئەو ناوچەیەو هەرچۆنبوو توانی دایکی سیامەندو کچە گچکەکەی بهێنێتەوە بۆ ماڵی خۆیان، بەڵام بەداخەوە دوای شەهیدبوونی هاوڕێ موعینی بوو، هەروا سیامەند گەێشتە ماڵی هاوڕێ حەمەسادق و ماوەیەک لەوێ مانەوە پاشان لەماڵی کاک حاجی قادری زاوای کاک حەمە سادق ژوورێکیان دانێ و، ماوەیەک لەگەڵ کچە بچکۆلەکەی تێیدا ژیان و، سیامەندیش کە ئەوکاتە منداڵبوو هات بۆلایان.

رۆژێکیان لەسەر داوای هەردوکیان( واتە موعینی و سیراجی) لەگەڵیان کۆبوومەوە تا تەواوی داخوازییەکانیان بخەنە پێش چاوی حیزبمان بۆ جێبەجێکردنیان. هاوڕێ موعینی گوتی: "ئێمە پێویستمان بەم یارمەتییانەی ئێوەهەیە. کڕینی چەند هەزار فیشەک و لە سەرەتادا ٣هەزار فیشەکمان پێویستە. ئامادەکردنی هەزاردەست جلی خاکیی پێشمەرگە. هەزارجووت پێڵاو، هەزار دانە کڵاوو جامەدانی. 

یارمەتیدانمان بە گەیاندنمان بۆ سەر سنووری دەستکرد تا بگەڕێینەوە بۆ لای پێشمەرگەکانمان. بۆ لای هاوڕێ مەلا ئاوارەو ئەوان"- کە زۆرجار ناوی دەبرد- ئەگەر جگە لەمانە شتێکیترمان خواست لەکاتی خۆیدا ئاگادارتان دەکەین".

بە وردی گوێم لە داخوازییەکانیانگرت و لەسەر پارچە کاغەزێک تۆمارمکردن. بیرم لە چۆنیەتی جێبەجێکردنیانکردەوە. شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفید دۆستی دڵسۆزی حیزبمانبوو، پیتاکیشی بەحیزبدەدا، داوامانلێکرد کە یارمەتیمان بدا بۆ گەیاندنیان بۆ سەرسنوور، لەوەڵامدا گوتی: " ئەوە زۆر ئاسانەو ئامادەم بۆ کوێ بخوازن لەگەڵ پێشمەرگەی خۆمدا بەسەلامەتی رەوانەیان بکەم و هەرکارێکیتریشتان بەمن هەبێت من ئامادەم".

پەیوەندیم لەگەڵ کاکە حەمەی وڵاخلویی هاورێی خۆمانکرد کە ناسیاوی قاچاخچی زۆربوون بۆ کڕینی فیشەکی کڵاشینکۆف، ئەویش بەڵێنی دا کە هەرچەندمان بوێ بۆمان پەیدابکات. هەروا لەبازاڕدا کڕینی پێڵاوو جامەدانی زۆر ئاسانە بەمەرجێک لەناسیاوو کەسانێکی بکڕین و بەجۆرێک بەو ژمارە زۆرە سەرنج رانەکێشێت. هەروا ئاگاداری چەند بەرگدرووی سەربەخۆمانکرد کە قوماش بکڕین و چەند دەست جلمان بوێ بەخیرایی بۆمان بدروون.

پاشان چومەوەلایان و ئاگادارمکردن کە هەنگاومانناوە بۆ بەجێگەیاندنی گشت داخوازییەکانیان و بۆگەڕانەوەشتان بەیارمەتی کاک شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفید کە ئامادەیی پیشانداوە بۆ یارمەتیدانتان.

کاک سڵێمانی موعینی گوتی ئێمە زۆر سوپاستاندەکەین بۆ گەیاندنمانە سەرسنوور بەڵام بە یارمەتیی دۆستێکی خۆمان دەڕۆین، کە پرسیاری دۆستەکەمانکرد پێیڕاگەیاندین کە ( قادر تەگەرانی) یە!گوتم ئێمە ئەوپیاوە دەناسین"سەرێکی هەیەو هەزار سەودا" پێمانباشنییە 

لەگەڵ ناوبراوبڕۆن.

موعینی گوتی ئێمە باوەڕی تەواومان بە ناوبراوهەیەو لەمەوبەریش کاری بۆ کردوین و ئێمەش چاکەمان بەسەریەوەهەیەو خۆی بەقەرزداربارمان دەزانێ، بۆیە باوەڕمان پێیەتی.!

گوتم: " کاکە ئێمە ناوبراو باشدەناسین، هاوپەیوەندە لەگەڵ میتی تورکی و ساواکی ئێرانی و دەزگای هەواڵگری عێراق وخۆشی بەدۆستی بارزانی مستەفاو بە دۆستی تاڵەبانی و بەدۆستی ئێمەش دەزانێت!.

لەبەرئەوە پێمان باشترە بەهاوکاریی شێخ لەتیفی حەفید بتاننێرین.

من لەو رۆژانەدا دەبوو بەئەرکی حیزبی بچمە بەغدا کە پتر لەمانگێکم پێدەچو، بۆیە داوام لە هاوڕێ فەتاح تۆفیق (مەلا حەسەن) کرد هەتا دێمەوە سەردانیان بکات و کاروداوایان بۆ راپەڕێنێ. هاوڕێ مەلا حەسەن ئەوکاتە ئەندامی مەکتەبی کۆمیتەی ناوخۆی سلێمانی بوو، بردم بۆلایان و هەموو شتێکم تێگەیاند کە نابێ لەگەڵ قادرتەگەرانی بڕۆن، بەڵام هاوڕێ موعینی لەگەڵ ناوبراو رۆێشتبوو، لەکاتێکدا هاوڕێ حەمەدەمینی سیراجی نەرۆیشتبوو. 

کاتێک دوای مانگ و نیوێک لە بەغدا گەڕامەوەو هاورێ مەلاحەسەن بۆی گێڕامەوە کە هاوڕێ موعینی سووربووە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ناوبراو بڕوات و رۆیشتووەو کارەسات قەوماوە.

لە زمانی تەگەرانییەوە دەرکەوتووە کە بەسواری ئۆتۆمبیلە جێبەکەی خۆی بردویەتی و بەڕێگەی دووکانیاندا رۆیشتوون، لەرێگە مەفرەزەیەک بەسەرکردەیی سەدیقەفەندی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پدک رایانگرتون و پێشمەرگەکان تەماشای ناو ئۆتۆمبیلەکەیانکردووەو یەکێکیان گوتوویە "ئای ئەوە سڵێمانی موعینییە، دابەزە خوارەوە..."! کلاشێنکۆفێک و هەشت هەزار دیناری پێبووە لێیانسەندووەو بردویانە.

کە ئەم هەواڵە گەیشتووە هاوڕێ تەنیا چەند جارێک چۆتە سەر قادر تەگەرانی و قسەی پێگوتوەو لۆمەی توندی کردووە کە ناپاکی لەگەڵ کاک سڵێمانی موعینی کردووەو، ئەویش بەرگری لەخۆی کردووە کەبەبێ ئاگاداری ئەو مەفرەزەکەی پێشمەرگەی پارتی لەڕێگەیاندابوون و دەبێ زەرفێکی پڕ لە نامەی حیزبی لە موعینی وەرگرتبێ و لای خۆی مابێتەوە، دواتر قادر تەگەرانی زەرفە پڕ لە نامەکەی گەیاندبووە هاورێ تەنیا کە ئەویش گەیاندییەوە من و بەدەستی خۆم گەیاندم بە کاک کەریمی حیسامی.

پاشان زاندرا کە بەکوژراوی لاشەکەی موعینی لەسەردەشت و مەهابادو هەندێ شاروچکەی ئەوناوە بۆ چاوترساندنی خەڵک پیشاندراوە. بەمجۆرە ئەو سەرکردە ئازایە شەهیدکراو چووە کاروانی نەمرانەوە.

-------------------

(١) لێرەدا دەمەوێ ئاماژەبەوەبکەم کە لە پەڕاوی - مام جەلال - دیداری تەمەن – چاوپێکەوتن، ئامادەکردنی سەلاح رەشید چاپی یەکەم ٢٠١٧ بەرگی (١) ل٣٨٢) نووراوە: "کاتێک سڵێمانی موعینی دەگاتە سلێمانی

ئەکەوێتەدەست شیوعییەکان(!!)، ئەوان پێیان ئەڵێن کە نەیەن بۆ لای ئێمەو خۆتان توشی ئەوان مەکەن، ئەوان یارمەتیتان نادەن، وەرن ئێمە ئەتانبەین بۆ بەغدا، بۆ سەفارەتی میسری"...تاد.!! 

ئەمە بەهیچ جۆرێک راستنییەو پێدەچێ ئەم هەواڵە بەهەڵە گەیەندرابێتە مام جەلال.. چونکە ئەگەر داوایەکی وایان بکردایە دەبوو من ئاگاداربم، بۆیە دەڵێم ئەمەو ئەوەی لەو پەڕانەدا لەسەر حیزبی ئێمە نووسراوە لەڕاستیەوە دوورە.