ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕه‌نگه‌ ڕوداوه‌كانی دوای 16 ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ ئێمه‌ كورد له‌باشوری كوردستاندا پرسیارگه‌لێك جیا له‌پرسیاره‌كانی ڕابردوو بخاته‌ ڕوو كه‌ پێویست ده‌كات به‌ دیدێكی نوێوه‌ وه‌لاممان بۆیان هه‌بێت .

ڕاسته‌ پرسیاره‌كانی ئێمه‌ ، هه‌روه‌ها وه‌ڵامه‌كانیشیان به‌رله‌ 16 ی ئۆكتۆبه‌ر جیاوازتر ده‌بن له‌و پرسیارانه‌ی قه‌راره‌ له‌ڕۆژانی دادێ پێویست به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ بكه‌ن . 

گرنگترین پرسیارێك كه‌ ده‌كرێت بكرێته‌ ده‌ستپێكی وه‌ڵامێك تا بتوانین وه‌ڵامی جدی تر وه‌ربگرینه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی ده‌خوازین ڕوبه‌ڕویان ببینه‌وه‌ .پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ ،16 ی ئۆكتۆبه‌ر بۆچی ڕویدا ؟ ئایا ڕودانی 16 ئۆكتۆبه‌ر چ ئامانجێك به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت ؟ ئێمه‌ وه‌ك به‌شێك له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیاتر له‌ 45 ملیۆن كه‌سی له‌باشوری كوردستان ده‌توانین چۆن وه‌ڵام به‌ 16 ی ئۆكتۆبه‌ر بده‌ینه‌وه‌ ؟ ئایا وه‌ڵامدانه‌وه‌مان ته‌نها بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانین بڵێین له‌به‌رامبه‌ر پرسیارێكی له‌م چه‌شنه‌دا ده‌توانین وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بین . 

نامه‌وێ زیاتر بڕۆم ، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌سڵی بابه‌ت .به‌رله‌هه‌رشتێ من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌یانتوانی به‌ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن ئه‌وه‌یه‌ بۆئه‌به‌د ناتوانرێت كورد له‌ ئامانج و په‌یامێكی له‌مێژینه‌ی دوربخرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت بڵێین ده‌ریایه‌ك خوێنی بۆ به‌خشییه‌وه‌ و ده‌یان ساڵ خۆی پێوه‌ ماندوو كردوه‌ و له‌م پێناوه‌شدا خه‌باتی كردوه‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی ڕزگاری وسه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ی خۆ نوسینی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سیاده‌ی ئازاد دا . كه‌واته‌ 16 ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌یتوانیوه‌ ئامانجی خۆی مسۆگه‌ر بكات .ده‌كرێت به‌هۆی ڕودانی ڕوداوێكی له‌م چه‌شنه‌ و خراپ مامه‌ڵه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورد له‌باشووری كوردستان له‌به‌رامبه‌ر دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی نه‌ته‌وه‌ییماندا كه‌ زۆر خۆشباوه‌ڕانه‌ له‌مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ بازنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ناوخۆییمان درێژه‌ پێده‌دا به‌جۆرێك كه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ سیاسیه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا نه‌ده‌چویه‌وه‌ نێو فه‌رهه‌نگی سیاسه‌تكردن .

ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین كه‌ڵك وه‌رنه‌گرتن له‌ سیاسه‌تی گفتوگۆ و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیه‌كان و شكست و نه‌كسه‌كانی ڕابردووی شۆڕشه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان هۆكارێكی تره‌ بۆ ڕودانی ڕوداوه‌كانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر .

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین هۆكارێكی تری ڕودانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر بۆئێمه‌ له‌بوونی كێشه‌ و قه‌یرانگه‌لێكی نێوخۆیی و چاوبڕینه‌ نێو هاوكێشه‌یی هێزی سیاسی و سه‌ربازی حیزبی له‌نێو هه‌رێمدا كه‌ دواجار ده‌بویه‌ هاوسه‌نگی سیاسی نێو هه‌ردوو حیزبی سیاسی كوردی (پدك و ینك ) كه‌ ده‌كرێ بڵێین شاری كه‌ركوكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌نه‌وت زیاتر جێ نفوزی هێزه‌كانی (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ) و شوێن ته‌ماعی سیاسی (پارتی دیموكراتی كوردستان ) بوو بۆئه‌وه‌ی بتوانێ شوێن به‌ هێزێكی وه‌ك (ینك ) چۆڵبكات به‌شكڵێك له‌ شكڵه‌كان یه‌كسانی هێزی سیاسی و سه‌ربازی له‌ناوچه‌كه‌دا به‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كیلاییببكاته‌وه‌ .ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم له‌ باشوری كوردستان هه‌لێكی گونجاو بوو بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی هه‌ردوو حیزب تا هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێ به‌رنامه‌ ڕێزی خۆی كار له‌سه‌ر پارسه‌نگی هێز له‌ناوچه‌كه‌دا بكاته‌وه‌ .

لێره‌وه‌ كێشه‌و گرفته‌كان زیاتر ته‌شه‌نه‌یان سه‌ند ،به‌جۆرێك ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و ئه‌مه‌ریكا و به‌شێك له‌وولاتانی ئه‌وروپا خۆیان هاوێشته‌ نێو كێشه‌كانه‌وه‌ ،كه‌ دواجار هه‌وڵ و میانگیری ده‌وڵه‌ته‌ دۆسته‌كانمان به‌بنبه‌ست گه‌شت و ناوه‌ندی بڕیاری حكومه‌تی عێراقیش به‌ووردی چاوی له‌سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌كانی (بای حه‌سه‌ن ) و(هاڤانا ) و كێلگه‌ نه‌وتیه‌كانی سنوری پارێزگای موسڵ به‌تایبه‌ت ناوچه‌كوردستانیه‌كانی پارێزگاكه‌ بوو بۆئه‌مه‌ش ڕۆژانه‌ به‌به‌رنامه‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ پاڵپشتی سوپا و چه‌كداره‌كانی (حشد الشعبی ) خۆی ئاماده‌ و ته‌یاركردبوو كه‌ توانی سود له‌و ململانیه‌ وه‌ربگرێت و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌متر له‌ 48 سه‌عاتدا %51 خاكی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێته‌وه‌ . 

وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌م سوپایه‌ی حكومه‌تی عێراقی ببێته‌ هاوكارێكی باش بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌ له‌مێژینه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چه‌سپاندنی هیلالی شیعی و بتوانێت ئاسانتر و باشتر له‌قوڵایی ئێرانه‌وه‌ باشتر و ئاسانتر و زوتر ده‌ستی بگات به‌ كۆڕه‌ تاقانه‌كه‌ی (جزب الله‌ ی لوبنانی ) له‌ باشووری لوبنان .ده‌كرێت ئه‌مه‌ش به‌شێكی دیكه‌ بێت له‌و پلانه‌ مێژینه‌یه‌ی هه‌ژموونی هێزی شیعه‌گرایی ئێران له‌عێراقدا .

له‌كۆتاییدا ده‌توانین ئه‌وه‌ بڵێین ڕوداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بوه‌ هۆكارێك بۆ دواخستنی خه‌ونێك كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌پێناوی به‌دیهێنانیدا نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌باشوری كوردستان خۆین و قوربانی بۆ به‌خشیوه‌ . وه‌ هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌وه‌مان له‌لاڕون بویه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سیاسیه‌كانمان مۆدیلی سیاسه‌تكردن به‌شكڵێكی دیكه‌ بگۆڕن به‌چه‌شنێك كه‌ بتوانین كه‌ڵك له‌وانه‌كانی ڕابردوومان وه‌ربگرین و ئیتر ئه‌م مۆدیلی سیاسه‌تكردنه‌ له‌ئێستاو ڕابردوودا ناتوانێت خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و دۆزه‌ ڕه‌واكه‌ی بكات بۆیه‌ پێویسته‌ و هه‌رچی زووتره‌ ده‌بێت جه‌سورانه‌ و وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و هه‌ست كردن به‌مه‌سئولیه‌ت ئه‌و هه‌ڵه‌ سیاسیانه‌ی بونه‌ هۆكاری ڕودانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ئه‌ستۆ بگرن و دان به‌هه‌ڵه‌كانیاندا بنێنن و ئاماده‌یی بنوێنن بۆهاتنه‌ پێشه‌وه‌یی مۆدیلێكی نوێی حوكمدارێتی و حوكمڕانیكردن بۆئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ چیاكان نه‌بنه‌وه‌ هاوڕێمان .