ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"سیخوڕه‌كان هه‌موو شتیان به‌ده‌سته‌.ئه‌م ده‌گرن وئه‌و ده‌ڕفێنن.هه‌ڕه‌شه‌ له‌وده‌كه‌ن و ئه‌وی دیكه‌یان داده‌پڵۆسن.ئه‌و شوێن بزرده‌كه‌ن و،ئه‌وی دیكه‌ ده‌كوژن. هیچ به‌ربه‌ستێكیان نیه‌ .ئه‌وان حاكمی ئه‌م وڵاته‌ن.وه‌زیر و مه‌زیر ،سوپا و سوپاسالار،هه‌ر هه‌موویان له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌واندان.ئه‌وان هه‌میشه‌ ده‌م به‌خه‌نده‌ ن وجوانترین پۆشاكه‌كانی وڵات وباشترین ئۆتۆمبێله‌كانی شاریان له‌به‌رده‌ستدایه‌!ئه‌وان خۆیان به‌ شۆڕشگێرترین وقارمانترین و دڵسۆزترین رۆڵه‌ی نیشتمان ده‌زانن.له‌لای ئه‌وان هاوڵاتیان هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن و تابوری پێنجه‌م و سیخوڕی وڵاتانن!كه‌ وڵات رووخا ئه‌مانه‌ له‌ پێكه‌نینی خۆیان نه‌كه‌وتن.ئه‌مانه‌ هه‌ر بوونه‌وه‌ به‌سیخوڕی ئاغا نوێیه‌كانیان،هه‌ر بوون به‌ به‌ڵا به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌!

ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌ له‌و دۆخه‌ رازی نین،كه‌ پێیان وایه‌ نابێت ئه‌و سیخوڕوجه‌لادانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بن.ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ ده‌بێت وڵات وڵاتی هه‌موان بێت.نابێت سه‌روه‌ت وسامانه‌كه‌ی به‌فیڕۆ بدرێت.نابێت توێژێك به‌رهه‌می وڵات بخوات و ئه‌وانی دیكه‌ش ریزبگرن بۆ نان وكار...تد.ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ توڕه‌و مڕو مۆچ و چاو به‌ئه‌سرین و قوڕگ پڕگریان بوون".ئه‌وان هه‌میشه‌ دۆسێیه‌كانیان له‌ ده‌زگا ئه‌منی و سیخوڕییه‌كان پڕبوون له‌ تۆمه‌ت.هه‌میشه‌ سزاده‌دران.هه‌میشه‌ په‌راوێزده‌خران،ده‌یانگرتن،شوێنبزرده‌كران و زیندان ده‌كران و...ت،له‌لایه‌ن سیخوڕه‌كانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌.كه‌ وڵات رووخا ،ئه‌مانه‌ گریان!گریان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیاندا.ئه‌وان ده‌یانویست باشتربێت نه‌ك بڕوخێت.ده‌یانویست شه‌رفه‌مه‌ندانه‌تر له‌وه‌بژین كه‌ هه‌یه‌.

ئه‌مه‌ به‌شێك بوو له‌دیمه‌نی ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو به‌ر له‌ رووخانی.وه‌ك ئه‌وه‌ی دۆستێكی چه‌پی ئه‌وروپایی بۆی گێڕامه‌وه‌!

ئه‌و دیمه‌نه‌ له‌لای خۆمانیش هه‌مان دیمه‌نه‌و بگره‌ خراپتریش.سیخوڕه‌كانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان،ژیانی خه‌ڵكیان ئاڵۆزكردووه‌.شه‌وورۆژ خه‌ریكی درۆوده‌له‌سه‌ن بۆ خاوه‌نه‌كانی ئه‌مڕۆیان.ئه‌وان ئه‌مڕۆ به‌قاقا پێده‌كه‌نن و،بوون به‌ به‌ڵا به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌.ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ناڕازین له‌وه‌ی وڵات به‌و شێوه‌ به‌ڕێوه‌ناچێت.نابێت پاره‌ی خه‌ڵك بدزرێت.نابێت ده‌سه‌ڵات به‌و شێوه‌یه‌ بێت و نابێت .... و نابێت و.....تد.ئه‌وان دژی وڵات نین.ئه‌وان باشتریان ده‌وێت.ئه‌وان دژی كه‌س نین،به‌ڵام خراپه‌ی كه‌س قبووڵ ناكه‌ن.سیخوڕه‌كان خراپه‌ ده‌كه‌ن ،ده‌كوژن،دیبڕن،خیانه‌ت ده‌كه‌ن ،وڵات ده‌ڕوخێنن،ئێستا و ئه‌وكاتیش هه‌رپێده‌كه‌ن.دڵسۆزانیش ئێستا و ئه‌و كاتیش هه‌ر گریانیان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا سیخوڕه‌كان ده‌یانگرێنن،ئه‌وكاتیش كه‌ سیخوڕه‌كان وڵات كاول و وێران ده‌كه‌ن،هه‌ر ئه‌مان ده‌گرین بۆ نیشتمان!