ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێم وایە ڕاستیەکی بەڵگە نەویست هەیە. کە هەر کەسێک هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی هەر سەرکردایەتیەک مادەم لە کایەی کارکردن دابێ بێگومان هەڵەئەکات. ئەمەیش شورەیی نیە. شورەیی لەوەدایە کە بەچاوێکی ڕەخنەگرانە نەڕوانێتە ئەو هەڵەیە و ئاوڕی لێ نەداتەوە و دەرز و پەندی لێ وەرنەگرێ. هەر بۆیە پێشینانی کورد وتویانە:- ((هەر ئەقڵە لە خەسارێک)).

بێگومان بەرنامەی رێفراندۆم لە پێناو سەربەخۆی کوردوستانی عیراق دا بەرنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئیداری و جوگرافیە. نەک هەر لەسەر ئاستی عێراق بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و نێو دەوڵەتی تا ئەگاتە نەتەوە یەکگرتوەکان !!

ئالێرەوە پێویست بو لەپێناو بە ئەنجام گەیاندنی دابە شێوەیەکی ئاسایی بیر لە هەمو هۆکار و بارودۆخ و هەل و مەرجە بنەڕەتیەکان بکرێتەوە لە ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا.

لەناو خۆدا یەکێتی و یەک هەڵوێستی هێزو لایەنە سیاسیەکانی هەرێم. توانای جەماوەریمان کە لەکاتی پێویست دا بێتە مەیدانەوە. توانای ئابوریمان ئەگەر هاتو گەمارۆی ئابوری دراین. توانای شەڕکردن ئەگەر تووشی شەڕکراین..

لەئاستی دەوروبەر, هەڵسەنگاندنی هەڵوێست و ڕۆڵی یەکەیەکەی دەوڵەتەکان. ئاخۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کورد چ کاریگەریەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لەسەریان ئەبێ؟

ئەم پڕۆسەیە تا چ ئەندازەیەک بە باش و خراپ کارئەکاتە سەر ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست؟ لەکاتیکدا کە هێشتا شەڕ لەگەڵ رێکخراو گروپە تیرۆریستەکان کۆتایی نەهاتوە و ململانێی زلهێزەکان لەسەر کۆنترۆڵ کردنی نەوت بەردەوامە؟

ئایە لە خزمەتی ئەو ململانێیەدایە. ئاسانکاری بۆ ئەکات یان دژی ئەبێ سەبارەت بە (نەوت و گاز و بازاڕی ) ناوچەکە؟

ئایە هیچ کام لەو دەوڵەتە زلهێزانە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بو لەکاتی پێویست دا پشتیوانیمان بکەن و لەسەرمان هەڵبدەنێ؟

لە کۆتاییدا ئاخۆ لێک درایەوە, سەنگی ئابوری و سیاسی و سەربازی هەرێم بەلای زلهێزەکانەوە زیاتر و پەسەندترە یان هی عێراق؟

پرسیارەکە لێرەدایە ئایە کاربەدەستانی هەرێم پێش وەخت زانستانە و واقعیانە بیریان لەو وردکاریانە کردۆتەوە, حسابیان بۆ کردوە؟

یەکە یەکە هەڵیان سەنگاندون؟ تا بزانین کامەیان لەگەڵ ئێمەن و کامەیان دژی بەرنامەکەمانن؟؟

ـ ئەگەر ئەوانە ئەنجام دراون. بۆچی یەکێتی هێزە سیاسیەکان هەرێم کەلەبەری تێکەوت؟!

ـ بۆچی دەوڵەتانی دەوروبەر بوون بە هاوکاری حکومەتی عێراق و دژی ئێمە و گەلە کۆمەکیان لێ کردین؟!

ـ بۆچی سەرجەم دەولەتە زلهێزەکان بە ئەمریکای دۆستمانەوە بوون بە پاڵ پشتی بەغداد و بەرانبەر لەشکرکێشیەکانی بێ دەنگ بوون.

ـ بۆچی جەماوەری هەرێمی کوردوستان, نایەنە سەرشەقام بۆ داکۆکی کردن لە مافی ڕەوای خۆیان؟

ـ ئەگەر ئەوانە کرابان بۆچی حاڵمان بەم شێوە شپرزەیە ئەبو؟؟ ئێمە بەبەزێنراو و شکست خواردو دائەنرێ؟!

پێشینانی کورد وتویانە (( قسیەک بکە کەڵک بگرێ, کارێک بکە سەربگرێ, بەربگرێ))