ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەمو ئەوانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم ئەکەن دۆستی کوردبن یان دوژمن. یان کەسانێکی نێو خۆیشمان بێ. ئەوە وا دیارە لە مانای ئەو ڕاپرسیە تێنەگەیشتون. ئێمە بیستومانە بڕیار یان یاسا دەسکاری ئەکرێ و هەڵئەوەشێتەوە چونکە:- اـ بۆ کاتێکی دیاریکراو بڕیار دراوە. ب ـ لەلایەن دەسگا یان کەسێکەوە دەرچوە.

ڕاپرسی گشتی بڕیاری کەسێک یان دەسگایەک نیە کە بە پێی ڕۆژگار و بەرژەوەندی خۆی (سەدام) ئاسا هەڵیبوەشێنێتەوە. ئەمە بڕیاری زۆرینەی خەڵکی کوردوستانی عێراقە. دەنگی بۆ سەربەخۆیی خۆی داوە. هیچ کەس و لایەن و حزب و حکومەتی هەرێمی کوردوستان/ یش نەک هەر هەقی ئەوەیان نیە بەڵکو ناتوانن و بۆیان نیە ئەو بڕیارەی گەلی کورد بە هیچ شێوەیەک دەستکاری بکەن...

تەنها یەک حاڵەت هەیە ئەویش مەحاڵە واتە جارێکی تر ڕاپرسی گشتی لە کوردوستان دا بکرێت و ئەو خەڵکە دەنگ بدات بە پەشیمان بونەوە لە بڕیاری پێشویان. بە زۆرینەیەک کە زیاتر بێت لە دەنگی ڕاپرسی پێشوو!! کە ئەمە رووی نەداوە و ڕویش نادات...

تەنانەت بۆ ((سڕ)) تجمیدکردنیشی ئەوە بڕیارێکی ناڕەوایە. چونکە پرس بەو جەماوەرە نەکراوە کە بڕیاری داوە بەڵکو تەجاوزی خواستی کراوە!! ڕای میلەتێک تەنها ئەو میلەتە ئەو جەماوەرە دەنگدەرە بۆی هەیە بیسڕێتەوە یان ((سڕی)) بکات..

ئەم بارو دۆخەی دوای ڕیفراندۆم ڕوی دا. داگیرکردنەوەی کەرکوک و شوێنەکانی تر!! یان ئەو پیلان و تەگبیرو ڕایەی دوژمنان کە بەڕێوەیە هەرگیز ناتوانێ گەلی کورد لە مافی ڕەوای خۆی پەشیمان بکاتەوە زیاد لە سەد ساڵ وێرانکاری و کوشتن و ئاوارەکردن و کیمیاباران.. ئەو ڕاپرسیە گشتی یە دەنگ و بانگەوازی جەماوەری کوردوستانە. هەرگیز ناسڕرێتەوەو هەڵناوەشێتەوە. ئەوە باشترین بەڵگەیە کە ئاگرو ئاسن و کیمیایی و ئاوارەکردن نەیتوانیەوە ئەو مافەی لەبیر بەرێتەوە!!

ئەوە بڕیارێکە لە مێژوی خەباتی کوردی عیراق هەر گەش زیندو ئەبێت و مایەی شانازی سەرجەم گەلی کورد ئەبێ. سەرەڕای ئەوەی کە کاتەکەی چ لەناوخۆ و چ لە ئاستی نێو دەوڵەتی گونجاو و لەبار نەبوو پەلەی تیا کرا.