ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(2)

ڕه‌نگه‌ شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ر له‌ هه‌ر شتێك پرسێكی فه‌لسه‌فی بێت‌. پرسی ئه‌وه‌ی ئاخۆ ژیان به‌بێ شۆڕش وێناده‌كرێت؟ ئایا گه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی یۆتۆپی و یه‌كسانیش بێته‌دی، ده‌توانین بیرۆكه‌ی شۆڕش بكه‌ینه‌ده‌رێ له‌ ژیان؟ ئایا له‌گه‌ڵ كزبوونی بیرۆكه‌ی شۆڕشدا، نه‌خۆشیی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد زیادناكه‌ن؟

شۆڕش به‌ر له‌ هه‌رشت خۆی ئامانجی خۆیه‌تی. زۆرینه‌ وا وێنای شۆڕش ده‌كه‌ن كه‌ ئامرازه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌ندێ ئامانجی مادی و بژێوی و هتد. به‌ڵام شۆڕش خۆی ته‌نیا وێستگه‌یه‌كه‌ و ده‌بێت نه‌وه‌ستێت. شۆڕش، له‌قووڵاییدا له‌پێناوی ئه‌وه‌دایه‌ بوار به‌ مرۆڤ نه‌درێت بوه‌ستێت و ژیانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی بۆگه‌ن بكات. له‌ ماركسیزمدا كه‌ باسی شۆڕش ده‌كرێت، ده‌یانه‌وێت به‌جۆرێك فراوانی بكه‌نه‌وه‌ و گه‌ردوونی و ئه‌نته‌رناسیۆنالی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ كۆی جیهان بگرێته‌وه‌. واته‌ شۆڕش له‌ شوێندا فراوانده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌ك له‌ كاتدا. ئه‌وه‌نده‌ی به‌رچاوم كه‌وتبێت، به‌وردی باسی ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌ی كات نه‌كراوه‌. واته‌ باسی ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ ده‌بێت به‌پێی زه‌مه‌ن، شۆڕشیش تازه‌بكرێته‌وه. ‌شۆڕش ئه‌كتێكی یه‌كجاره‌كی نیه‌ موعجیزه‌ له‌گه‌ڵ خۆی بێنێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ تێپه‌ڕینی كات و قۆناغ ئه‌م موعجیزه‌یه‌ بلكێنیت به‌یه‌كه‌وه‌. كاتێك ده‌وترێت شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر موعجیزه‌ی خوڵقاند، مه‌به‌ست له‌وه‌ نیه‌ له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا كواڵێتیی ژیانی گۆڕی؛ به‌ڵكو ده‌رگای له‌سه‌ر زۆر گۆڕانكاری كرده‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵگادا. لێره‌شه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشێك فاسد نه‌بێت، ده‌بێت جۆره‌ها ته‌عدیل و پینه‌ و شۆڕشی تری تیا بكرێت. ئه‌زموونی خراپی شۆڕشی كوردی له‌وێوه‌ هات كه‌ پرۆسه‌ی شۆڕشی له‌ یه‌ك چركه‌ساتدا كورتكرده‌وه‌ و لێگه‌ڕا شۆڕش بۆگه‌نبكات و درنج درووستبكات. ئه‌وه‌ خودی شۆڕش نیه‌ كه‌سی فاسد درووستده‌كات، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ ده‌ستبه‌ردانه‌ له‌ پرۆسه‌ی شۆڕش كه‌ پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌ و به‌ناو كاتدا درێژده‌بێته‌وه‌، و ناچاریت هه‌رجاره‌ی جومگه‌یه‌كی مێژوو بگۆڕیت. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نا،

غه‌یبانیه‌ت و میتافیزیك دزه‌ی كردووه‌ته‌ ناو زه‌ینمانه‌وه‌، ناو پێناسه‌كانمانه‌وه‌ بۆ شۆڕش. هه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێمانوایه‌ شۆڕش ته‌قینه‌وه‌یه‌كی كاتییه‌ و ده‌بێت دنیا بگۆڕێت، ڕوانینێكی میتافیزیكییه‌ و ژیانی كۆمه‌ڵگاكان له‌گه‌ڵ ژیانی خواوه‌نده‌كاندا تێكه‌ڵده‌كات. شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ریش ئه‌مه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌: شۆڕش هه‌ر ئه‌و شه‌و و ڕۆژه‌ نیه‌ كه‌ تیایدا ڕووده‌دات، هه‌روه‌ها گه‌ر به‌رده‌وام خزمه‌تی شۆڕش نه‌كه‌ین ئه‌وا باجی گه‌وره‌ و تۆقێنه‌ر ده‌ده‌ین.