ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شکستی سیاسەتی نەوتی هەرێم و فەشەل لە بەڕێوەبردنی داهاتەکەی، بەهێزترین فاکتەرە لە خۆبەدەستەوەدانی پارتی و یەکێتی بەرامبەر بەغدا.

سەرکردایەتی شکستخواردووی هەرێم دەیەوێ ئەو ڕاستییە بشارێتەوە، کە نەیتوانی لەلایەک پڕۆسەکانی نەوتی لە گرێبەستەکان و ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی نەوت بە قازانجی کوردستان ئاڕاستە بکات و لەلایەکی تر نەیتوانی لە ڕێگەی دەیان و سەتان ملیار دۆلارەوە لە پاش 2003ەوە بچووکترین پڕۆژەی ژێرخان بنیات بنێت.

داهاتی نەوت جگەلە بەهێزکردنی پێگەی کەسی و بنەماڵە، نە لە بەهێزکردنی پێگەی سیاسی کوردستان بەکارهاتووە و نە لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری.

کەواتە هەردوو بانگەشەی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری لە ڕێگەی داهاتی نەوت و پتەوکردنی پێگە و پێوەندییە سیاسییەکانی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆسەکانی نەوتییەوە، دوو گوتاری بەتاڵ بوون. لەکاتێکدا لە توانادا هەبوو هەردوو ئامانج لە ڕێگەی سیاسەتێکی ژیرانە و نیشتمانیانە بۆ نەوت، مسۆگەر بکرێت.

حکوومەتی هەرێم لە ساڵانی پاش 2003ەوە پارەیەکی زەبەلاحی هاتە دەست، لە واقیعدا ئەو پارەیە تاڵان کرا و بە وەهم ئابووری سەربەخۆ و پێگەی سیاسی کوردستانی پێ بەهێز کرا.

هەموو ئەوە وایکرد، سەرکردایەتی باڵای پارتی و یەکێتی سازشی گەورە بۆ بەغدا بکەن، بەتایبەت پاش ئەوەی تورکیا دەرگەی بەڕووی پارتی داخست و چەندان ڕاپۆرتیش ئاماژەیان بە بلۆک کردنی پارەی نەوت لە تورکیا کرد کە بەناوی سەرکردایەتی باڵای پارتییەوەیە، بەڵام پارتی بێدەنگی لێکرد، ئەو بێدەنگییە گومان و پرسیاری زۆر هەڵدەگرێ.

داخستنی دەرگەی تورکیا بەڕووی پارتیدا، دەستی بەغدا و تارانی واڵا کرد، هەر فشارێک بۆ سەر کوردستان بێنن کە دەیانەوێت. ئەوە لە ئەنجامی نەبوونی ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ نەوت ڕوویدا، لەکاتێکدا پارتی بە وەهمی ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیا، هەمووانی فریودا.

بەغدا دەخوازێت هەر ئەو سەرکردایەتییە فاشیل و گەندەڵە بمێننەوە، چونکە ئەوان ئێستە تەنیا لەبەرامبەر مانەوەی خۆیاندا ئامادەی هەموو دانێکن بەبێ ئەوەی هیچ بستێنن، ئەمریکاش لەو قۆناغەدا هەر ئەوەی دەوێ، کە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی وەک دوو کارەکتەری لەرزۆک و بەزیو بە پەڕ و باڵکراوی لەبەردەم بەغدا ئامادە بن.

دۆسیەی ڕێکخستنەوەی پێوەندییەکانی بەغدا و هەولێر گونجاو نییە بەدەست شکستخواردووانەوە بێت، چونکە ئەوان سازشی گەورە دەکەن لە پێناو تەنیا سەلامەت دەرچوونی خۆیان و داخستنی فایلەکانی گەندەڵی و شاردنەوەی فەشەلەکانیان. ئەو سازشە هەر لە ئێستەوە نێچیرڤان بارزانی لە پێش مایکەکاندا هاواری بۆ دەکات.

بەداخەوە هێز و کارەکتەرە سیاسییەکانی دیکە هێشتا بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەکە تەواو ئامادە نین، تێگەیشتن و بەرنامەیەکی روونیان نییە لەلایەک و لەلایەکی دیکەش بەغدا و ئەمریکاش بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ مانەوەی شکستخواردووەکانن تا ئەوکاتەی هەموو سازشێکیان پێ دەکەن.

ئەوە ئەرکی کوردستانیانە، فشار لەسەر کۆی هێزە سیاسییەکان دروست بکەن و ناچار بە پێکهێنانی دەستەیەکی نوێیان بکەن بۆ ڕێکخستنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ بەغدا. بە هەر شێوەیەک بێت، کوردستان لەسەر دەستی ئەو گرووپە فاشیل و گەندەڵەدا، زۆر بۆ پاشەوە گەڕاوەتەوە، بەڵام هیچ مەترسییەک لەسەر هەرێمی کوردستان نییە وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی کە دەستووری عێراق دانی پێداناوە. لەکاتێکدا ناچارین لەسەرەتاوە جارێکی تر تێهەڵچینەوە.