ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەسەروبەندی جەنگی جیهانی دووەمدا، لیبراڵەکان، شیوعیەکان، فاشی و نازیەکان ، سێ هێزی سەرەکی گۆڕەپانی سیاسی رۆژئاوابوون. هەرسێکیان لەیەکتری لەفێڵبوون، بەڵام بۆ مانەوەیان یان بۆ لەنێوبردنی یەکتری پێوویستیان بەیەکتریش بوو. بۆیە دوو دوو بەنهێنی پێک دەهاتن تا یەکتری بکەن بەگژی یەکتریدا و بۆخۆیان سەیر بکەن و پاشان ئەو لایەنە سەرکەوتووە شڕەی دەمێنێتەوە لە دوو لایەنی شەڕکەردا، بدەنە بەر هێز و گورزی خۆیان و تەواوی بکەن و خۆیان ببنە لایەنی براوە و سەرەکی و زاڵی رۆژئاوا. ئەوەبوو جەنگی جیهانی دووەم دروست بوو، هەرسێکیان نیەتی یەکتریان باش دەخوێندەوە و لەیەکتری دڵنیانەبوون، بۆیە بەیەکیانداداو کەسیان لەدەرەوەی شەڕەکەدا نەمایەوە. ووردە ووردە هاوپەمانیی نێوان لیبراڵەکان و کۆمۆنیستەکان لەبەرامبەر هاوپەمانی نازی و فاشیەکان جێگیربوو، و نەوەستان تا سەرکەوتن بەسەریاندا.

بەڵام هێشتا جەنگی دووەمی جیهانی بەکۆتا نەهاتبوو، کە لیبراڵەکان و کۆمۆنیستەکان سەنگەری شەڕی ساردیان لەیەکتری گرت، هەریەکیان دەیەویست جێ پێی خۆی لەو خاک و ووڵاتانە جێگیربکات کە لەدەستی نازیەکان و فاشیەکانی دەردەهێنا، تا گەیشتنە بەرلین و کردیان بەدووکەرتەوە (بگرە چوار کەرتیش)، ئیتر لەورۆژەوە شەڕی سارد لەنێوان کۆمۆنیست و لیبراڵەکاندا دەستی پێکرد، هەربەناو سارد بوو ئەگەر نا شەڕێکی گەرموگوڕبوو، دونیایەک خەڵکی لەسەرتاسەری جیهاندا تێدا بووە قوربانی. ئەو شەڕەش نەوەستا تا بلۆکی کۆمۆنیستەکان تێکشکان و لەبەریەکهەڵوەشان، لیبرالەکانیش بوونە براوەی کۆتایی.

ئەوە خەسڵەتی شەڕە ئایدیۆلۆژیەکانە، هاوپەیمانی تا سەری تێدا نیە، بەڵکو شەڕی تا سەرە. هەر کاتێک دووانیان لەسێیەم دەبەنەوە، بگرە هێشتا سێیەم لە گیانەڵاشدایە، دەکەونە وێزەی یەکتری و شەڕی یەکتری دەکەن.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەڕی نێوان سێ هێزی سەرەکی لە گۆڕدایە، ئەوانیش سوننەی توندڕەو و سوننەی میانڕەو و شیعەی توندڕەوە. هەرچەندە هەرسێکیان لەگەڵ یەکتریدا لەڕووی ئایدیۆلۆژیەوە ناتەبان و بەخوێنی سەری یەکتری تینوون، بەڵام هەریەکیان بەهیوای سەرکەوتنی خۆی، وویستوویەتی و هەوڵی داوە دوانەکەی تر بەگژیەکدا بکات و خۆشی داناوە بۆ لایەنی سەرکەوتووی شەڕی نێوانیان تا کۆتایی پێ بێنێت و خۆی ببێتە سەرکەوتووی کۆتایی.

هەرسێکیان بەئاشکرا و بەنهێنی، بەفەرمی و بەواقیعی، پەیوەندی و ڕێکەوتنیان لەنێواندا بوو، تا ئەوەی هەرسێکیان کەوتنە شەڕی یەکتری و دووانیان (شیعەی توندڕە و سوننەی میانڕەو) ساغ بوونەوە لەسەر پێوویستی لەنێوبردنی سوننەی توندڕەو (داعش و قاعیدە و هاوشێوەکانیان)، ئەوەی دەیبینین هێشتا سوننەی توندڕە و لەگیانەڵادایە، کە شیعەی توندڕە و سوننەی میانڕەو کەوتونەتە بەرامبەری یەکتری و دان لەیەکتری گڕدەکەنەوە. ئەمەش بەداخەوە هەواڵی شەڕێکی دیکەی ئایدیۆلۆژی، لەداهاتوویەکی نزیکدا، دەگەیەنێت.

بەنەمانی داعش، سەنگەر بەندیەکانی شەڕە ئایدیۆلۆژیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕوونتر دەبنەوە، کە بەشەڕی سوننەو شیعە دەناسرێت. هەرچەندە لەوانەیە زۆربەمان پێشبینی شەڕێکی گەرمی نێوان ئەمریکا و ئێران، یان سعودیە و ئێران بکەین، بەڵام بەڕای من پتر جەنگێکی بەناو ساردی بەناوەرۆک گەرم دەبێت.

لەم چەند رۆژەی رابردووشدا، دەستێوەردانی ئێران بە موبارەکەی تورکیا لەهەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی کەرکوک بەناوی لەباربردنی دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی باشوور، پاشان تا ڕاددەیەک پەشیمان بوونەوەی تورکیا لەو هەڵوێستەیە، هەروەها توندکردنی ناوەندە فەرمی ونافەرمیەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و حزب الله ی لوبنانی و حەشدی شەعبی لەعێراق، بارودۆخی گرژی نێوان سعودیە و حوسیەکانی یەمەن، حزبوڵڵاو و سوننەی لوبنان و ئیسرائل تا راددەی دەست لەکارکێشانەوەی سعد حەریری لە دەسەڵات بەناوی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر هەژموونی ئێران لە لوبنان، پێمان دەڵێن هاوپەیماننیەکی نوێی ڕوون و ئاشکرا لەناوچەکەدا دێتە ئاراوە، و پێشبینی پێکدادانی توندیشیان لەنێواندا دەکرێت، ناتانیاهۆش لەم چەند رۆژەدا ئاماژەیەکی لەوشێوەی دا، ئەو هاوپەیمانییەش بریتین لە:

ئەمریکا- ئیسرائیل- سعودیە - سوننەی لوبنان و عێراق (ئەگەر هێزیان لەبەربێت) و یەمەن

ئێران - بەشار اسد - حزب الله لوبنانی - حوسیەکانی یەمەن - حشدی شەعبی عێراقی

کوردیش لەم نێوەدا لەبەری رۆژئاوا و بەشێکی باشوریش (پارتی و یەکگرتوو و لەوانەیە بەشێکی یەکێتی) لەبەرەی سوننەدا دەبن. بەشەکەی تری یەکێتیش لەبەرەی ئێراندا دەبن.

هەرچەندە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سعودیە بەهیوان کە بەشێک لەشیعەی میانڕەوی عێراق لەبەرەی ئێراندا نەبن، بەڵام ئایا دەتوانن ئەوە بکەن یان تازە هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا تەواو بووە، بەتایبەتی لەبەشە شیعیەکەیدا، و ماوە نەماوە کە عەبادی و هاوشێوەکانیان بتوانن خۆیان لەدەست ئێران رابپسکێون؟

لێرەدا پێموایە پتر شەڕکە بەم شێوەیە بێت:

ئەمریکا - ئیحتوای ئێران بکات و فشاری بخاتە سەر لەڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازیەوە.

ئیسرائیل - ئیحتوا، بگرە لە حزب الله ی لوبنانی بدات.

سعودیە- حوسیەکانی یەمەن کۆنترۆڵ بکات.

پارتی و عەبادی یان پارتی بەتەنیا ئەگەر عەبادی نەتوانێت رۆڵ بگێڕێت - شەڕی حەشدی شەعبی عێراقی بکەن، ئەگەر حەشد خۆی هەڵنەوەشێنێتەوە.

دەست لەکارکێشانەوەی سعد حەریریش تەنها بۆ ئەوەیە کە دەرگای هێرش و فشاری ئیسرائیل لەسەر حزب الله کراوەبێت، بەتایبەتی کە لەووتاری دەست لەکارکێشانەوەکەیدا پتر جەختی لەسەر ئەوە کردوە کە ئێمە لەرۆژگارەکانی پێش شەهید کردنی حەرەیری باوکدا دەژین، ئاشکراشە بەنەمانی حەریری باوک، ئیتر ئیسرائل هێرشی کردە سەر لوبنان.

هیوادارم هیچ لەمانە نەیەنەدی و ئەم بابەتە تەنها شیکارێکی خراپم بن بۆ دۆخەکە، چونکە ئێمە باسی جەنگ دەکەین، ئەوەی کە تەنها ماڵوێرانیە.