ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بومه‌له‌رزه‌، خێرا مرۆڤ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر ڕیشه‌ دێرینه‌ سرووشتییه‌كانی. شارستانیه‌ت و كه‌لتور، كۆمه‌ڵێك ڕووپۆش و ده‌مامكی ڕه‌مزی و كۆمه‌ڵایه‌تیین كه‌ مرۆڤ به‌سه‌ر ژیانی سرووشتییدا داویه‌تی. بومه‌له‌رزه‌، ئه‌م ڕووپۆشانه‌ ده‌خات و مرۆڤ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر غه‌ریزه‌ی مانه‌وه‌ و هه‌ڵهاتن له‌ ده‌سه‌ڵاتی سرووشت. به‌ڵام ئه‌مه‌ دیوه‌ دێرینه‌كه‌یه‌تی، دیوه‌كه‌ی تری په‌یوه‌ندیی به‌ سیسته‌م و ده‌ستێوه‌ردانی بێشه‌رمانه‌ی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ سرووشت و ژینگه و گۆڕینی كاركردی زه‌وی(گه‌رچی بومه‌له‌رزه‌ به‌شێكه‌ له‌ كاركردی زه‌وی خۆی، به‌ڵام ساڵانه‌ له‌ناو سیسته‌مدا و له‌ جیهاندا به‌پێی ئاماره‌كان 500 هه‌زار حاڵه‌تی بومه‌له‌رزه‌ ڕووده‌دات).

1) سیسته‌م ژیانێكی مه‌نگ و سستی بۆ مرۆڤه‌كان سازكردووه‌. ته‌نیا كاره‌ساته‌ سرووشتییه‌ ترسێنه‌ره‌كان ده‌توانێت له‌رزه‌یه‌ك بخاته‌ ئه‌م ڕیتمه‌ یه‌كڕه‌نگ و بێزاركه‌ره‌ی ژیانیانه‌وه‌. بومه‌له‌رزه‌، هه‌ژانێك له‌م خه‌مۆكی و سستییه‌ی شاردا درووستده‌كات. جۆرێك له‌ "ژویسانس" و چێژی ترسناك. بڵاوكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ریی بومه‌له‌رزه‌كان، و خستن و فڕێدانی شمه‌كه‌كانی ناوماڵ و چوارده‌ور نیشانه‌ی ئه‌م هه‌سته‌ن. وه‌ك‌بڵێی، ئه‌م چنین و ڕێكخستنه‌ی شته‌كان له‌ناو سیسته‌م و له‌ناو شاردا پێویستی به‌ تێكدان و جووڵاندن هه‌یه‌.

2) له‌ بومه‌له‌رزه‌دا، كه‌لێنه‌كانی ناو شارستانیه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت. مرۆڤ له‌و شتانه‌ هه‌ڵدێت كه‌ هه‌ر خۆی درووستی كردوون، له‌ بینا و خانوو و باڵاخانه‌كان هه‌ڵدێت. شتێكی هاوشێوه‌ی ئه‌و تێزه‌ ده‌روونشیكارییه‌ی كه‌ ده‌ڵێت: له‌ شه‌ڕی ئه‌و شته‌ ده‌ربازم بكه‌ن، كه‌ خۆم داوامكردووه‌.هه‌روه‌ها له‌ بومه‌له‌رزه‌دا بۆ ساتێكی كورت نمایشكردن نامێنێت، به‌ڵام نمایشی تر درووستده‌بێته‌وه.‌ هه‌روه‌ها، پاش بومه‌له‌رزه‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات: وای لێكردم و من وام كرد و من وام به‌سه‌رهات و هتد. خه‌ڵك حه‌زده‌كه‌ن ئه‌م نمایش و گێڕانه‌وانه ‌به‌رده‌وام بێت و له‌ كۆمیونیتی و مه‌جلیسی بچوك بچوكدا به‌ ده‌ره‌وه‌ بن.

3) بومه‌له‌رزه‌ بووه‌ته‌ میتافۆرێك بۆ كۆمه‌ڵێك ڕووداوی تری ناو ژیانی مرۆڤ و چووه‌ته‌ناو زۆرێك له‌ زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تییه‌كانیشه‌وه‌، وه‌ك: بومه‌له‌رزه‌ی سیاسی و بومه‌له‌رزه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و هتد. به‌ڵام هیچكام له‌مانه‌ ئه‌و بومه‌له‌رزه‌یه‌ نین كه‌ ژیانه‌ سسته‌كه‌ی مرۆڤی ئه‌مڕۆ و په‌یوه‌ندییه‌ كوشنده‌كانی بهه‌ژێنێت. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، پێده‌چێت له‌ ساتی بومه‌له‌رزه‌دا ساتی كۆنه‌پارێزی سه‌رهه‌ڵداته‌وه‌ و مرۆڤ خورافی ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ڕیشه‌یه‌كی چینایه‌تیی هه‌یه‌ و كه‌مینه‌یه‌ك له‌سه‌ر زه‌وی ئاگایان له‌ هۆشیارییه‌ زانستییه‌كانه‌ ده‌رباره‌ی سرووشت و زه‌وی و ته‌نانه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر زه‌وی.

4) سه‌باره‌ت به‌ مردنیش، ئایدیاكان له‌ سه‌رووی مردنه‌وه‌ن و مردن ده‌به‌زێنن. ئه‌وه‌ی ئایدیایه‌كی گه‌وره‌ی له‌ خۆیدا هه‌رسكردبێت، ده‌شتوانێت مردن ببه‌زێنێت. سیسته‌م هه‌م ژیانێكی وه‌ڕسكه‌رت پێده‌دات، هه‌م ئایدیا گه‌وره‌كانیشت لێ ده‌سێنێته‌وه‌ تاكو بتكات به‌م مرۆڤه‌ له‌رزۆكه‌ی ئه‌مڕۆ.