ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

له‌ دوای ته‌مه‌نێكی درێژی پڕ له‌ تێكۆشان و سه‌روه‌ری و بۆ دواجار له‌ تاراوگه‌و غه‌ریبیدا له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا ، دكتۆره‌ بوشرا برتۆ چاوه‌كانی لێكناو كۆچی دوایی كرد ، بوشرا برتۆ یه‌كێكه‌ له‌ سومبول و پێشه‌نگانی خه‌باتی ئازادی ژنان له‌ عێراق و تێكۆشان له‌ دژی كۆنه‌په‌رستی و دیكتاتۆریه‌ت .

دكتۆره‌ بوشرا برتۆ له‌ ساڵی 1933 له‌ شاری به‌غدا له‌ دایك بووه‌و قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ركه‌وتووانه‌ بڕیوه‌و تا دواجار له‌ ساڵی 1951 ده‌گاته‌ قۆناغی زانكۆو له‌ كۆلیژی پزیشكی به‌شی ده‌رمانسازی و كیمیا وه‌رده‌گیرێت .

هه‌ر له‌ قۆناغی ناوه‌ندیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی ئه‌وكاتی حزبی شیوعی عێراقه‌وه‌ ده‌كات و دهچێته‌ ناو كۆڕی تێكۆشان له‌پێناوی یه‌كسانی و مافی ره‌نجده‌ران .

له‌سه‌ر داوای دكتۆره‌ نه‌زیهه‌ دلێمی له‌ ساڵی 1952به‌شداری له‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی عێراق ده‌كات و ئه‌وكات ناوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ئافره‌تان بووه‌ ، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ چالاكترین رێكخراوه‌كانی داكۆكی كردن له‌ مافی ئافره‌تان له‌ عێراق و ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌سه‌رده‌می كاری نهێنی سه‌رده‌می پاشایه‌تی ژماره‌ی ئه‌ندامانی ده‌گاته‌ 40 هه‌زار ئافره‌ت .

له‌ ساڵی 2009 دا له‌ كاتی پێشوازی و میوانداری كردنی له‌لایه‌ن به‌ڕێز مام جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه‌ (یادی به‌خێر) له‌ هاوینه‌هه‌واری دوكان ، مام جه‌لال ئاماژه‌ی به‌ دۆستایه‌تی دێرینی له‌گه‌ڵ دكتۆره‌ بوشراو هاوڕێكانی كرد كه‌ بۆ ساڵانی په‌نجاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و وتی : گه‌ر خه‌بات و هه‌وڵی كۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تان و دكتۆره‌ بوشراو هاوڕێكانی نه‌بوونایه‌ زه‌حمه‌ت بوو ئافره‌تانمان ئێستا ئه‌و مافانه‌یان هه‌بوایه‌ كه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌ .

قۆناغه‌كانی تێكۆشانی دكتۆره‌ بوشراو خانه‌واده‌كه‌ی له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و به‌عسدا به‌ تایبه‌تی هه‌نا برتۆی هونه‌رمه‌ندی ناسراوی عێراقی و دكتۆر فاروقی برای و پاشان دكتۆر ره‌حیم عه‌جینه‌ی هاوسه‌ری ، پڕاوپڕبوو له‌ هه‌وراز و نشێوو زیندانی كردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و راوه‌دوونان .

له‌ دوای شاڵاوی دڕدانه‌ی به‌عس بۆ سه‌ر شیوعیه‌كان و پاكتاوكردنیان ، بوشرا برتۆ شاره‌كان جێده‌هێڵێت و روو ده‌كاته‌ شاخه‌كان و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌و له‌ زۆر بواردا رۆڵی گرنگی ده‌بێت و سه‌ره‌ڕای كاری پزیشكی له‌ شاخه‌كاندا ، له‌بواری راگه‌یاندنی حزب كارده‌كات و وه‌ك خۆی له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیدا باسی كردووه‌و وتویه‌تی خۆشترین كاتی ژیانم سه‌رده‌می كاركردنم بوو له‌ گۆڤاری ( رێبازی پێشمه‌رگه‌ - نهج الانصار) .

ئه‌ندامی چه‌ندین كۆمیته‌و گروپی جیاوازبووه‌ له‌ هه‌نده‌ران بۆ ناساندنی خه‌سڵه‌ت و ماهیه‌تی رژێمی به‌عس به‌ جیهان و كاری كردووه‌ بۆ به‌ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوان كردن له‌ خه‌باتی خه‌ڵكی عێراق و كوردستان له‌ دژی دیكتاتۆریه‌ت .

به‌داخه‌وه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ 13-11-2017 دوای ململانێ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا ، كۆچی هه‌میشه‌یی كرد .

سڵاو له‌ ژیان و قاره‌مانیه‌تی و خۆڕاگری ژنه‌ شیوعی و تێكۆشه‌ر و چالاكوانی مافی ئافره‌تان و خه‌باتی مه‌ده‌نی بوشرا برتۆ .