ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بوومەلەرزەی کوردستان بوو بە هۆی زەرەر و زیانێکی بەرفراوان بۆ نەتەوەی کورد و گشت دانیشتووانی کوردستان. ئامارەکانی بڵاوکراوەی رژێمی ئێران نەک جێگای باوەر نین بەڵکوو گۆمانی ئەوەش هەیە پتر لە دەقات کەم کرابنەوە. ورد بوونەوە لە هۆکاری بەرفراوانیی ئەو زیانانە، بەڕوونی سووچی داگیرکەران و داگیرکەری و زیانەکانی بۆ کۆمەڵی مرۆڤ دەخاتە بەر چاو. 

ئەوەی کە لە پلەی یەکەم جێگای سەرنجە، نەبوونی سیستێمێکی زانستیی کەشناسیە بۆ هۆشداریدانی سەرەتایی بە مەبەستی پێشگیری لە زیانەکان و پاراستنی گیانی شاروەندەکانە. هەروەک لە کۆی راپۆرتی مێدیاکانەوە دەردەکەوێ، تەنانەت پاش بوومەلەرزەکەش، زۆربەی زانیاریە ڕاستەقینەکان لەلایەن ناوەندە زانستیەکانی ڕۆژئاواییەوە ئاشکرا بوون. کۆماری ئیسلامی کە تەنیا بۆ شەڕی ناوخۆی سوریە و پاراستنی دەسەڵاتی ئەسەدی شیعە پەنجا میلیارد دۆڵاری سەرف کردووە و ساڵانە ٨ میلیارد دۆڵار دەدا بە پیاوکوژە لوبنانیەکانی شیعە و بە میلیاردان پارە سەرفی دەزگای پیاوکوژی و شۆڤاری لەناوخۆی ئێران دەکا، ئامادە نەبووە و نابێ بۆ کەشناسی و پێشگیریی لە کارەساتە سروشتیەکان سامانی خەڵکی ئێران سەرف کا. 

مەلا بیچاو و ڕووەکانی دەسەڵاتدار و خوێنمژ، بۆ شاردنەوەی تاوانکارییەکان و بەرپرسایەتی خۆیان، بەو پەڕی بێشەرمیەوە بوختان بە خواش هەڵدەبەستن و لەسەر شاشەی مێدیاکانیان بە شێوازی هەمیشەیی، ئەو کارەساتە بە غەزەبی خوا بە هۆی عیبادەت نەکردن و نەدانی سەدەقە و خێرات لەلایەن خەڵکەوە دەنوێنن. گۆیا خوای ئەوانیش وەک خۆیان تەنیا غەزەب و تاوان و ئەشکەنجەدانی کردۆتە پیشە. لەکاتێکدا لەڕووی زانستیەوە، ئێستا بە پێچەوانەی سەردەمی جادووگەری و نەفامی، هۆکاری کارەساتە سروشتیەکان و ڕیگای بەربەرەکانی لەگەڵیان، بۆ مرۆڤ ناسراون. لەهەرشوێنیکیش کە ئەو کارەساتانە قوربانیی زۆر وەردەگرن، شوین پەنجەی گەندەڵکاری و ئاکاری ڕژدی دەسەڵاتدارەکان وەدیار دەکەوێ. 

بەچاو لێکردن و دیراسەی وێنەی بینا ڕووخاوەکان بە هاسانی دەردەکەوەێ کە ساختەچێتی لە شێوازی بیناسازکردندا هەتا چ ڕادەیەک بەربڵاوە. دیارە شەریکەکانی بیناسازی زۆربەیان دەوڵەتی نین. لەوانەشە زۆری بەرهەمەکان بەدەست ئەندازیاران و پەیمانکارەکانی کوردیش سازکرابن. بەڵام وەک خانووی کارتۆنی بەلاداهاتوون و تێکقمراون. ئەو وێنانەش دوو لایەن ڕوون دەکەنەوە:

یەکەم – نەبوونی سیستێمێکی پاکی چاوەدێری بەسەر بیناسازی و ڕیگاوبان سازیدا،

دووهەم- دزی و گەندەڵکاری بۆ خۆ دەوڵەمەند کردنی پەیمانکار و ئەندازیاران. 

سیستێمی پاکی چاوەدێرێ لە دەوڵەتێکی داعەشی شیعە و داگیرکەردا ناتوانی هەبێ. بنەمای ئەو دەوڵەتە لەسەر هەڵخەڵەتاندن و فریودان و تاڵانکەری دامەزراوە. مانەوەی دەسەڵاتدارەکانی ئەو رژێمە بەهۆی درۆ و دزی و پیاوکوژیەوە یە. 

بەڵام دزی و گەندەڵکاری لەناو کۆمەڵدا بە تەنیا سووچی داگیرکەران نییە. لایەنێکی ئاشکرای دابەزینی مۆڕالی کۆمەڵگا و خۆبەدەستەوەدانیانە بە سیستێمی گەندەڵکارانەی رژێم. دیارە لەماوەی چل ساڵدا، دوو وەچە بەو ئەخلاقە پەروەردە کراوە کە دەسەڵاتداران بە رەشەکوژی و تۆقاندن و ئەشکەنجە دایان سەپاندووە. درۆ کردن لە منداڵیڕا بەسەر زارۆکان داسەپاوە هەتا بەگێڕانەوەی کەڵتوری ناوماڵیان لەدەرەوە، دایک و بابیان تووشی کێشەی دەزگا سەرکوتکەرەکان نەکەن. پەروەردە کردنی خەڵک بەو شێوازەی ئەخلاقی دووانە، لەناو خێزان شێوەیەک و لەدەرەوە شێوەیەکی تر، بۆتە هۆی پەرەگرتنی وەچەیەک کە بە هاسانی ساختەجێتی و درۆزنی بکاتە پیشە. 

سیاسەتی شیرینی و گۆپاڵی کۆماری پەت و سێدارە، کۆمەڵگای کردۆتە دوو بەشی کەمینەی هەنگڕاوی ساماندار و زۆربەی کۆیلە. مووچەخۆران لە دەزگاکانی شارەداریەکان، قوتابخانەکان، دایرەکان بە مووچەی مەمرە بژی ناتوانن خێزانیشیان ئیدارە بکەن و سیستێمی دزی و فزیی بەنێو ئیسلامیش ڕیگای بۆ ئاواڵە کردوون. بەمجۆرە ریشوەدان و ریشوە وەرگرتن بۆتە پێکهاتەیەکی ئاسایی کۆمەڵگە. تەنانەت لەباری ئایینیشەوە مەلاکانی جەردە، ڕیگایان بۆ خۆشکردووە. بەپێی شەریعەت تۆ هەر فەسادێکت کردبێ بە یەکجار چوونە حەج پاک دەبیتەوە!!! دەرگای بەهەشتەت بۆ دەکرێتەوە!! یان بچی بۆ کەربەلا و یان مەرقەدی ئیمام رەزا و هەزار ساختەجێتی دیکە... ئەو بیرە گەوجانەیان بۆ خەڵک کردووە بە قانوونی یەزدانی. چما؟ ئاشکرایە کە پارەی سەرفکراوی حەج و کەربەلا و مەشهەد و دیدی و بۆدی تر دەچێتە گیرفانی مەلا و شیخەکانەوەوە....

لیرەدایە کە لاوازیی هەستی نیشتمانپەروەریش دەور دەگێڕێ. دەسەڵاتدارەکانی ئەو کۆمارە لەبەر ڕاووڕووت تەنانەت مسقاڵیکیش هەستیان بۆ نیشتمان نییە. حەتا رەزا شا کە گەمژەیەکی ملهور و پیاو کوژ بوو و بەریتانیا کردی بە پاشای ئێران، بە نەخوێندەواری خۆی کاتی چێکردنی پردی ڕیگای ئاسن لە قەتور، دەستوریدا کە ئەندازیارە بیانیەکە و خێزانەکەی لەبن پردەکە ڕاگرن پاشان قەتار بەسەریدا بڕوا. ئەو بە عەقلیەتی خۆی دەیەویست لە دروستکاریی پەیمانکارەکە دڵنیا بێ. واتە هەستێکی بۆ وڵاتی خۆی هەبوو. بەداخەوە ئەو لاوازییەی هەستی نیشتمانپەروەری دەسەڵاتدارەکان، پەیمانکار و ئەندازیارەکانی خۆماڵیشی گرتۆتەوە. ئایا ویژدانیان بە دیتنی دیمەنی تێکقرماوی ئەو شۆقانەی کە بەرزیان کردۆتەوە ڕادەچڵکێ؟

بەداخەوە هەتا ئێستا ڕێژەی قوربانیەکان دیار نییە. بەسەتان گوندی کوردستان هێشتا بەسەر نەکراونەوە. ئەو کارەساتە سروشتیەش بۆتە سەرباری کارەساتی ژیانی بندەستی کوردستان و خەیانەتکاری و خاکفرۆشی. هەڵبەت ئاکاریی پەیمانکار و ئەندازیارە گەندەڵکارەکانیش چەشنێک خەیانەت و جاشایەتیە. 

حەسەن ماوەرانی 

١٤.١١.٢٠١٧