ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی : د.چواس حسن

ئەگەر من لەم ووڵاتەدا بۆیاخچیبام، 

لەبەر ئەوەی رۆژانە پارووی دەمی منداڵەکانم بە ڕەنجی شانی خۆم پەیدا دەکرد، دەبوایە زستانان بۆ پەیداکردنی نانی حەڵاڵ، دوعایەکی پێچەوانەی نوێژە بارانە فێرببم، تا کەمتر باران ببارێت، نەکا ڕێبوارەکان لەترسی قوڕوچڵپاوی سەرجادەکان وابیر بکەنەوە: کەی ئەمە رۆژی پێڵاو بۆیاخ کردنە؟!! ئاخر ئەوان بێخەبەرن کە سفرەی ئێوارانم، جانتای منداڵەکانم، کرێی خانووەکەم، تەنانەت دەرمانی شەکرەکەشم لەچاوەڕوانیی رۆژێکی ساماڵدان، رۆژێک خۆر تەواو تەواو تیایدا هەڵبێت و گەرمی و رووناکی پەخش بکات، وەها تین باوێت کە ڕێبوارەکانی سەرشەقامەکان وابزانن ئیتر ئاسمان چۆڕەی لێ بڕاوە و یەک دەنک بارانی پێ نەماوە، تا خوابکات چەند جووتە پێڵاوێک بۆیاخ بکەم، جوان جوان بیانبریقێنمەوە و ژیانی خۆم و خانەوادەکەم لەنوێ بۆ رۆژێکی دیکە بنووسمەوە.

ئەگەر من لەم ووڵاتەدا بۆیاخچیبام، 

ئەورۆژەی کە هەڵایەکی گەورە لەسەر ئەوە پەیدابوو کە چۆن دەبێت مامۆستایەکی هونەرمەند دوای ئەوەندە ساڵ خزمەتە ببێتە بۆیاخچی؟!! دەبوایە بزانم کە من پێڵاوەکانی ڕێبوارەکان بۆ شایی و پیاسە و سەردانی شوێنە گرنگەکان، پاک دەکەمە و دەڕازێنمەوە، و وامزانیوە پیشەیەکی بەڕێز و حەڵاڵ و سەربەرزانەم هەیە، ئیتر تێبگەم کە بەچ چاوێکی کەم و نزمەوە سەیری خۆم و پیشەکەم دەکەن، بایی ئەوەندەی ئەگەر هەرکەسێکی تر جگە لەمن پێێ هەڵسێت ئەوا نیشانەی ئاخیر زەمان و داڕمانی ووڵات و کڵۆڵی و بەدبەختی کەسەکەیە. ئەوسا دەبوایە لێتان بپرسم ئەگەر من هێندە کڵۆڵم بۆچی تا ئێستا کەسێک پێی تاوان و بەدبەختی نیە کەمن ئەو پیشەیە ئەنجام دەدەم؟ چما منیش هاووڵاتیەکی ئەم ووڵاتە نیم؟! بۆ دەبێت پێتان ڕەوا بێت من ئەو کارە بکەم بەڵام بۆ مامۆستا فڵان ڕەوا نیە؟! چما منیش بەقەولی فەلسەفەی یەکسانی خوازیی و عەدالەت خوازیی ئێوە، یەکسان نیم بەئێوە؟!

ئەگەر من لەم ووڵاتەدا بۆیاخچیبام، 

دەبوایە لەدوای ئەو هەڵایەی لەسەر دەرکەوتنی وێنەی مامۆستایەک بەکاری بۆیاخچێتیەوە (کە مامۆستا بەڕێزەکە مەبەستی نەبووە سووکایەتی بەپیشەی بۆیاخچێتی بکات)، ئەوێ رۆژێ کە دەگەڕامەوە قوڕنە خانووەکەم، داوای لێبوردن لە دراوسێکانم بکەم کە بۆیاخچیەکی نزم و خاوەن پیشەیەکی سووک لەکۆڵانەکەیانە و دراوسێیانە، داوای لێبوردن لە منداڵەکانم بکەم کە باوکیان بەپارەی حەڵاڵی بۆیاخچێتی بەخێویان دەکات، گەورەیان دەکات، بۆ ووڵاتیان پێ دەگەیەنێت، داوای لێبوردن لەدایکم بکەم کە نەمتوانی بەشیرە حەڵاڵەکەی کارێکی بەرز بکەم، داوای لێبوردن لەهاوسەرەکەم بکەم کە من لەبری سەری هاوشاریەکانم پان بکەمەوە، کەچی پێڵاوەکانیان بۆ دەسڕم.

تۆ بزانە من کارێکی کەم ونزم ناکەم، ئەوە تۆیت، لەگەڵ ئەوەی بەناو پسپۆری حەقخوازی و یەکسانی و مرۆڤدۆستیت، لە پیرۆزیی پیشە و کار تێناگەیت، لە گەورەیی مرۆڤ تێناگەیت، هیچ پێوەرێکت پێ نیە تا ڕووداوەکانی پێ بپێوویت.

ئەوە تۆیت، تووشی نەخۆشی خۆبەزلزانینێکی بۆش و بێ بنەما هاتوویت، بەپارەی مفتی نەوتی دەرهێنراو، کە هیچ ڕەنجێکت پێوە نەکێشاوە و تەنانەت ئەگەر ئەوروپیەکان نەبونایە یەک ملیۆن ساڵی تریش لەژێر خاکەکەت بوایە نەتدەزانی ئەوە چیە و بۆچی بەکاردێت؟ بگرە وات دەزانی لە فیعلی شەیتانە یان غەزەبی خوایە. بۆیە هەموو کارێک بەشایستەی خۆت نازانیت، بگرە مرۆڤەکانیشت کردوون بەدوو بەشەوە، ئەوانەی بۆ کاری بەرز دەشێن و ئەوانی بۆ کاری نزم دەشێن. 

باش بزانە ئەوە تۆیت، بێپەروا هەموو شتێک بەحکومەت و سیاسەتەوە دەبەستیتەوە، چونکە نازانیت سیاسەت چیە و بۆچیە؟ بەرنامەیەکی دروست و راستەقینەی هەڵقوڵاوی ژیانت پێ نیە تا داهاتووی پێ ببینی و کۆمەڵگا و رووداوەکانی پێ هەڵسەنگێنی و ڕاست و چەوت لەیەکتری جیابکەیتەوە، بۆیە پڕ بەهەموو شتێکدا دەکەیت و بێ خەبەر قسە دەکەیت.

باش بزانە ئەوە دڵسۆزی و یەکسانی خوازی و مرۆڤدۆستیت نیە، بەڵکو پتر سەرلێشێوان و بێئاگاییتە بەحەقیقەتی شتەکان، لەوشوێنەی دەبێت تووڕەببیت تۆ بێدەنگیت، لەوشوێنەی کە دەبێت بگریت تۆ پێ دەکەنیت، لەو شوێنەی کە دەبێت ستایش بکەیت تۆ ڕەخنە دەگری و لەو شوێنەشی ڕەخنە بگریت تۆ ستایش دەکەیت.

باش بزانە ئەوە تۆیت، لەکەم ئەزموونی خۆتەوە، لەشێواز و مانای گەورەیی مرۆڤەکان تێ ناگەیت، پێتوایە مرۆڤی گەورە تەنها ئەوانەن کە رۆژانە لە باڵاخانە گەورەکان دەژین و دەوام دەکەن.

با بەڕێگەی چیرۆکێکەوە بۆت ڕوون بکەمەوە کە دەکرێت مرۆڤ بۆیاخچیش بێت و زۆر مەزنیش بێت :

ئه‌لبێرت لێكسی پیاوێكی بۆیاخچیه‌، له‌به‌رده‌م نەخۆشخانەیەکی منداڵان له‌ ووڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكادا كار ده‌كات.

له‌ساڵی 1981 ه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و به‌خششانه‌ی (ته‌نها به‌خششه‌كه‌ كه‌ 1 بۆ 2 دۆلاره‌ نه‌ك پاره‌ی بۆیاخ كردنه‌كه‌ كه‌ 5 دۆلاره‌) كه‌ له‌ بۆیاخكردنی پێڵاوەکان وه‌ری گرتووە، وه‌ك كارێكی مرۆڤ دۆستانه‌، پێشكه‌شی کردووە به‌و نه‌خۆشخانه‌یەی له‌به‌رده‌میدا كار ده‌كات. له‌ماوه‌ی 32 ساڵیشدا ته‌نها (200000 دۆلار، واتا 20 دەفتەر دۆلاری) پێشكه‌ش كردون. 

ئتر ئەوەش بۆیاخچیە و ئێمەش خاوەن پیشەی مەزن، تۆبڵێی کاممان ئەوەندەی لێکسی بەخشندە و گەورەبین؟!!!

بۆیە ئەگەر من لەم ووڵاتەدا بۆیاخچیبام، 

لەدوای هەڵاکەی وێنەی مامۆستاکەوە، سندوقی بۆیاخچیێتیەکەمم دەپێچایەوە و سەری خۆمم هەڵدەگرت و دەچووم بۆ ووڵاتێکی تر، چونکە ئێوە شایستە نین تا پێڵاوەکانتان پاک بکەمەوە.