ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 (شکستناسیی)

بەشی حەوتەم

تێپەڕاندنی ژێر خان/ سەرخانی ماركس

لێرەدا، لە قسەوباسان لە سەر نەست، ئێمە زیاتر یۆنگمان بۆ گرنگە تا فرۆید؛ گرنگیی یۆنگ لە گرنگیدانیەوە دێت بۆ نەستی کۆمەڵایەتی و دەستەجەمعی، وەستانی یۆنگە لە سەر ڕەمزو کەڵەکەبوو و نیشتووەکان لە سەر ئاستی گروپی و دەستەجەمعی. پەڕینەوە لە ئۆدیپی خێزانیی و سێکوچکەی باوک، دایک، مناڵ، بۆ ئۆدیپی کۆمەڵایەتی و دەرکەوتنی لە ناو سۆسیۆسەکاندا. نەستی گروپێک کە شاراوەیەو، هەڵگری هاپیتوسێکی کۆمەڵایەتییە کە دەتوانێت گەمە بکات، خاوەنی یاساو ڕێسای تایبەت بە خۆیەتی لە پارێزگارییکردن و خۆ هێشتنەوەو خۆ درێژکردنەوە. پێویستە لێرەدا تەواو بە پێچەوانەی مارکسەوە باس و خواسی ئێمە لە سەر ئەوە بێت کە پەیوەندی ژێرخان و سەرخان لێرەداو، لە ناو خێڵ و هۆزو گروپی ناـ مۆدێرن، کۆمەڵگەی پێش سەرمایەداریدا تەواو پێچەوانەیە. وەک فەیلەسوفی فەڕەنسی ڕیژیس دوبرێ دەڵێت ؛ هەڵەی گەورەو کڵۆڵی مارکس لەوێدایە کە نەیتوانیوە ئەو لۆژیکە بە پێچەوانەوە وەر بگرێت. واتە تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە. یاخود وەک ئەنترۆپۆلۆگی فەڕەنسیی لە ناو توێژینەوەو گەشتەکانیدا باس لە جۆرێک لە یەکێتیی ئیمانێنتی نێوان ژێرخان و سەرخان دەکات کە تەواو جیاوازە لەو تێگەیشتنەی مارکس و ئەم دابەشکارییە بوونی نییە. یان پییەر بوردیۆ و سەر لەنوێ پێناسەکردنەوەی چینەکان لە ناو کەبیل و خێڵەکانی جەزایرو تەنانەت کۆمەڵگەیەکی جوتیاریی فەڕەنیسی. یاخود هەردوو سۆسیۆلۆگی فەڕەنسی : پییەر کلاستر، ژۆرژ بالاندیێ. لێرەدا ئێمە هاوڕێی میراتێکی گەورەو دەوڵەمەندی سۆسیۆ ـ ئەنترۆپۆلۆژیداین کە تەواو دژ و نەیار بە مارکس، چینەکان، پەیوەندی سەرخان/ژێرخان، وشیاری کۆمەڵایەتی/بوونی کۆمەڵایەتیداین. نەستی خێڵ لەو دیو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانەوە، ستراتیژی کارکردنی جیاوازە. لە گەڵ خێڵدا ئێمە هاوڕێی کۆمەڵگەیەکی پێش کاپیتالیستیین، خێڵ و دەرکەوتەکانی و شێوازی خۆ بەرهەمهێنانەوە لە ناو نەست و خەیاڵدانێکدا کە سەر بە سەرچاوە و ژێدەری ئیپیستیمی نین، بەڵکو سەر بە بڕوا، باوەڕکردن، بڕوا پێهێنان. ئێمە دەرگیرین بە کۆمەڵگەو گروپگەلێک کە لە ناو ئەدەبیاتی سۆسیۆلۆژی هاوچەرخدا بە گربوونەوەو گروپ و کۆمەڵگەی پێش سەرمایەداری ناسراون. لە ناو جەبرو زاڵبوونی نەستدا ئێمە سەروکارمان لە کەڵ کۆمەڵێک ڕاستیدایە، نەبوونی تاک، دەسەڵاتێکی هیراکی، مەنزومەی بەهایی و مۆراڵی جیاواز، خەیاڵدان و خەیاڵکراو و وێناکردن و وێناکراوی جیاواز، پێناسەکردن و پۆلێنکردنی جیاواز، جەبرو فشاری کۆلێکتیڤی و غیابی ئۆتۆنۆمی و کەس و تاک و تاکایەتی. ئێمە لە ناو پەیوەندیەکی کۆلێکتیڤیداین کە کاری بەرهەمهێنانەوەی بوونی کۆلێکتیڤییە و خۆیشیان بەرهەمی ئەم پەیوەندییانەن. نەستێکی کۆمەڵایەتی تایبەت کە زیاتر بەرمەبنای غەیبانییەت و ناـ ماتریالی بیناکراون و سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی نا ماتریالییەکانن. نەستی دەستەجەمعی و کۆمەڵایەتی لێرەدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی خێڵەکییە لە ناو تەواوی دونیابینی و ڕەفتارو ئەکتی کۆمەڵایەتی تاکەکاندا. چەمکێکی دیکەی پەیوەست بە نەستی کۆمەڵایەتییەوە، خەیاڵدانی کۆمەڵایەتییە؛ چەمکێکی سۆسیۆ ـ ئەنترۆپۆلۆژی کە گوزارشتە لە کۆمەڵێک لە وێناکردن و نواندنەوەو پێوەرو ئامرازی پێناسەکردن و پۆلێنکردنی ڕێکخراو و ڕێکخەر، بە دیدی پییەر بوردیۆ بیناکەرو زیناکراو، بیناکراوێک، بونیادێکی بونیادنەر، بونیادێکی بونیادنراو و بیناکراو لە ڕێگەیەوە جڤاکێک، کۆمەڵگەیەک، خێڵێک، گروپێکی کۆمەڵایەتی خۆی بەرەەمدێنێتەوە. خەیاڵدانێک کە لە ڕێکەیەوە گروپ و ئەندامەکانی خۆیان دەناسنەوە، کاری دابەشکردای ناسنامە، ڕۆڵ، پێگە، شوێنگەکانەو گوزارشتە لە خواستە کۆمەڵایەتییەکان و ئامانجە دیاریکراوەکان. لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێین کە کۆمەڵگە مۆدێرنەکانیش وێنەی کۆمەڵگە پێش سەرمایەدارییکان، یاود کۆمەڵگە زارەکی و نەنووسراوەکان، خاوەنی خەیاڵدانی خۆیانن و بەرهەمهێنەرن، لە ڕێگەیەوە خۆ پێناسەکردن و خۆ بە دیارخستن ئەنجام دەدرێن و خۆو ئەویتر دەسنیشانکراون، بەهاو ڕەمزەکان تێیدا تەعریفکراون. خەیاڵدانی کۆمەڵایەتی کاری ناولێنان و بەخشین و پێدانی مانایە بەو هەبوانەی کە هەن، وە تەنانەت ئەوانەیشی کە بە ڕێگەوەن ببن بە هەبوویەک. بەرهەمهێنانی ماناگەلێک، دەلالەتگتلێی خەیاڵکراوی کۆمەڵایەتی کە بوون و فۆرمیولەبوونەکانی بە دیار دەخەن. هەموو کۆمەڵگەیەک بۆ خۆی و بۆ ئەوانی دیکەش هەمیشە لە بەرچاوە و لە دەرکەوتندایە وەک بوونێکی کۆمەڵایەتی و کۆلێکتیڤیی، لە ڕێکەیەوە وێنەیەک لە سەرخوی بەرهەمدێنێت لە ڕێگەیەوە ئەویتر دەردەخات و حوکمی بە سەردا دەدات، جا ئەو ئەویترە دوژمن بێت، هاوپەیمان، بەربەری، مەدەنیی و شارستانیی، مسوڵمان، کافرو بێباوەڕ. ئەم نواندن و وێناکردنانەی ناو خەیاڵدان لە بوونێکی نەستیی نا وشیارییدا خۆی مومارەسە دەکات، ئەم خۆ مومارەسەکردن و خۆ پراتیککردنە تەنیا لە ناو وێناکردن و نواندنەوەکاندا نییە، بەڵکو لە ناو کردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیشدایە. لێرەوە خەیاڵدانی خێڵێک، حەیاڵدانی ئێمە ئەو کونە ڕەشەیە کە پڕ و لێوانلێوە لە سەرمایە، کەلەپور، پاڵەوانەکانمان، چیرۆک و حیکایەتەکانمان، تراژیدیاو ئازارەکانمان، شکست و سەرکەوتنەکانمان. درزێکە کە کۆمەڵێک سیمبۆل و ڕەمزی خۆماڵیی تێدایەو پارێزگاری لێدەکات و لە کوێیشدا پێویست بێت لە لەبیرچوونەوە دەیانپارێزێت، لەوێدا کە پێویستە دەیهێنێتەوە بەرچاو و ئامادەیان دەکاتەوە. کەواتە نەستی کۆمەڵایەتی و خەیاڵدانی کۆمەڵایەتی ئەو هابیتوسە بوردیۆیەیە کە پێشوەخت شتەکان و پەیوەندییەکانی یەکلاکردۆتەوەو، پێناسەی کردون، پۆلێنی کردوون، خاوەنی یاساو ڕێسا و ستراتیژ و میکانیزمی بەرهەمهێنانەوەی خۆیەتی، و بەرهەمهێنانەوەی ئەویتری خۆی.

لێرەدا ئەوەی بۆ تێگەیشتن و خۆێدنەوەی شیکارکردنی کۆمەڵگەو جڤاکێکی وەک ئێمە؛ چاوخشاندنەوەیە بە ئەدەبیاتی مارکسیی و خودی مارکسە لەوێدا : تێگەیشتنی سەرحان ژێرخان بە کەڵکی کۆمەڵگەی نایەت، پاشان پەیوەندی سەرخان و ژێرخان لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییدا یەکانگیرو بە یەکداچون، وە لە ناو ئابووری سیاسییدا ناحوێنرێنەوەو تەواوی ڕەگەزە کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی.. بە یەکداچون و لە هەناوی یەکدیدان. تەنانەت ستایل و تەرزی بەرهەمێنانی ئاسیایی مارکس و ئەنگلیزیش دەبێت پێیدا بچینەوە و تێیپەڕێنین، ‎حەتمییەتی مێژوویی، ستەمكاریی ڕۆژهەڵاتی.....

‎لەمبارەوە، لە بارەی نەپێكانی ماركس لە بەرانبەر فاكتە سۆسیۆ- سیاسییەكانی دونیای ئێمەدا لە جێگەیەكی دیكەدا بە درێژی دەچینەوە سەری

 

بوون لە کاردا، دەرکەوتن لە ئەکسیۆندا (کردار)

هانا ئارێنت، فەیلەسوفی سیاسی ئەڵمانی ـ ئەمریکی لە کتێبی هەلومەرجی مرۆڤی مۆدێرندا، باس لە سێ کاتیگۆری بوون و دەرکەوتن دەکات؛ کار، جێدەست، کردار. ئەوەی بۆ ئارێنت گرنگە لە ناو ستراتیژی جڤاک و کۆمەڵگەیەکی سیاسییدا، بوونە لە کردەو کردادردا (ئەکسیۆن). هەرچی بوونە لە کاردا زیاتر کاری جەستەیەو مرۆڤ ئاژەڵێکی کارکەرەو سەرقاڵی خۆ بەرهەمهێنانەوەیە لە ئاستی بایۆلۆژیادا، مناڵخستنەوە و بژێوی ژیان ئامادەکردن. ( لێرەدا هانا ئارێنت کۆمەڵگی پرۆلیتاریا و سۆسیالیزمی مارکس لە ناو کاتیگۆری کاردایە، کاتیگۆرییەک کە سیاسیی نییەو سەر بە کارکردنە، ئینسان لە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستیی و کۆمۆنیستییدا ئاژەڵێکی کارکەرە،ئاژەڵێکی زەحمەتکێشە نەک بوونێک بێت لە کرداردا). بوون لە ناو ئەکسیۆن و کرداردا، بوونێکی سیاسییە. بەڵام ئەم بوونە سیاسییە پێویستی بە پێش مەرجە؛ فەزای گشتی و دەرکەوتن. ئەڵبەتە دەرکەوتن و بوون لە ناو فەزای گشتیدا لە ڕێگەی قسەکردن و زمانەوەیە، وە دەبێت ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی و تاکەکان بوونیان هەبێت. ئەگەر ورد لە تاکبوون و تاکایەتی و جیاوازی ئینسانی شار بڕوانین، تێدەگەین ئەم ئیندیڤیدوالیزمە برهەمی پرۆسێسیوسی درێژخایەن و ماوە درێژە لە شارستانیەتی ڕۆژئاوادا، بوونێکە دەرئەنجامی ڕیفۆرمی ئاینیی، ڕۆشنگەری و ئەقڵانیەتە. بوونێکە لە ناو بە سەنتەرکردنی مرۆڤدا سەری هەڵداوە. بوونێکە لە ناو بە ئۆتۆنۆمیکردنی تاک وتێپەڕاندن وڕوخانی فۆرمە دەستەجەمعی و کۆلێکتیڤییەکان. چرکەساتێکی ئیپستیمی و کۆمەڵایەتی دوورو درێژەو سەر به جاکێکی سیاسی و مۆدێرنە. تاک کە دێتە ناو فەزای گشتی و ناو پەیوەندیی و بەرکەوتنی لە گەڵ تەواوی ئەندامانی جڤاکێکدا، دەکەوێتە ناو گشتێکەوە کە هاوبەشە بە بێ دەسبەرداربوون لە ناسنامەی تاکایەتی خۆی. ئەگەر لێرەدا باس لە نەستی کۆمەڵایەتی و خەیڵدانی گروپێک بکەین لە ناو فەزای گشتیدا، دەگەڕێتەوە سەر سەرچاوەی ئیپیستمی و بوون لە دیالۆگ و دیبەیت و گفتوگۆدا، تەواو بە پێچەوانەی نەست و خەیاڵدانێکی خێڵەکیی و سەرەتایی بیناکراو لە سەر بڕواهێنان. باوەڕ، بیروباوەڕ، ونبوون لە ناو فشارو جەبرو ناسنامەی کۆلێکتیڤیدا. لێرەدا تاک و تاکایەتی هەیە، نەک دەرکەوتنێکی گروپیی. فەزای گشتی پانتایی ئەکتە لە ناو قسەکردن و زماندا، لە ناو سەربەخۆیی تاکەکان و پانتایی ژیانی گشتی و قسەوباس لە چاکەی گشتی. فەزایەک بۆ گشتێکی جیاوازو نا چونیەک. لێرەدا پێشمەرجێکی دیکە دەرکەوتن و بەرچاو بوونە. واتە بونێک لە جیهان و لە بووندا کە بەرمەزنای بەرچاویی و ئامادەیی بناکرابێت. هەر لێرەوە ئارێنت ڕەخنە لە تێگەیشتن و فەهمێکی ئاینیی و تێۆلۆژی دەگرێت کە بوونێک نییە لە دەرکەوتندا، بەڵکو بوونێکە لە کاتی چاەکردن و کاری خێرخوازیدا لە ناو ورع و خۆشاردنەوەدایە لە ترسی ڕیاو ڕووپامایی و ترسێک لەوەی کارەکە بۆ خودا نەبێت. کارو کردەوەیەک لە فەزای گشتیدا، بۆ خەڵکەو لە لایەن ئینسانەوەیەو پەیوەندی بە ئینسانەکانەوە هەیە. خێڵ سەر بە دەرکەوتنی دستەجەمعی و کۆێکتیڤییە. خێڵ ئەندامی سەربەخۆ و ئۆتونۆمی نییە. ئەوەی لە خێڵدا دەرکەوتووەو بە میکانیزمی جیاواز دەردەکەوێت، سەرۆکی خێڵ و چینێکە لە شێخ، ئاغا، دەرەبەگ. دەرکەوتنی چینگەلێک کە سەرمایەو کرێدی دەرکەوتنیان هەیە. ئەم دەرکەوتنەی سەرۆکی خێڵ و ئەندامانی بنەماڵەکەی لە جێگەیەکدایە کە لە ناو ستراتیژی بەرهەمهێنانەوەی خێڵ و هیرارکییەت و دەسەڵاتی خێڵدایە. دەرکەوتنی سەرۆکی خێڵێک، شێخێک، بەگێک، ئاغایەک.. لە فۆرمی دەرکەوتنی ئەندامێکی سادەو ساکارو ڕەشۆکی گروپەکەیدا نییە. دەرکەوتنی سەرۆک خێڵێک لە نا ستایل و شێوازی قسەکردن، ڕەفتار، جوڵە، جل و بەرگ، بەرکەوتن، لە گەڵ کێدا وێنە بگرێ، چۆن بووستێت بۆ وێنەگرتن....واتە دەرکەوتنەکە لە پانتاییەکی گشتیدا بۆ خۆ بەرهەمهێنانەوەیە و بۆ تیژکردنەوەو تۆخکردنەوەو شان و شەوکەت، هەیبەت و کاریزمایی خۆیەتی. ئەگەر لە شوێنێکدا ئیمکانی دەرکەوتنی ڕەشۆکییەک هەبێت، ئەوا ناچارە بەوەی بە ناوی سەرۆکی گروپەکەوە دەرکەوێت و مەبەست لێی بەرهەمهینانەوەی فەزیلەتەکانی سەرۆک،خێڵەکەیەتی، نەک بۆ خۆیی و لەپێناو خۆیدا.ئەو دەرکەوتن وپێشچاوبوونەی ئارێنت لە سەر خۆبوون و بەرمەبنای خۆیەتییەک بیناکراوە کە خاوەنی دیدگاو دونابینی خۆیەتی و لە ناو سەلماندن و بەڵگە هێنانەوەو ئەرگیومینتسازییدایە. نەک بڕواپێکردن و ئیمان و باوەڕ پێکردنێکی ئیمانیی.

بوون لە مافدا

ماف لە ناو تێگەیشتن و مەنزومەی چەمکیی فەلسەفیی و فەلسەفەی سیاسییدا هەر لە گریکەوە بۆ هۆبز، ماکیاڤیلی، ڕۆسۆ... تاوەکو فوکۆ و دولوز و ژۆرژیۆ ئاگامبیندا، چەمکێکە لە ناو بێنەوبەردەو ئیشکال و کێشەی زۆر لە ناو تێگەیشتن لە دۆخی سروشتی/ دۆخی مەدەنی، مافی سروشتی/ مافی مەدەنی. بە هەرحاڵ لە گەڵ ماف و مافی سیاسیی و ماف لە سیاسەتت ویاسادا ئێمە مێژوویەکی درێژی بەریەککەوتنێکی تودنو زبی تیۆلۆژیا و ئەقڵمان هەیە. درێژبوونەوەو بەردەوامیی گفتوگۆو دیبەیتێک کە لە ئێستاشدا باس و خواس لەوەیە بوونێک لەیاسادا بوونێکی ناتەواو فشۆڵە، وە دەبێت یاسا وفۆرمیولەبوونی بوونی یاسایی فراوان بکرێت و جێگە و پانتایی زیاتر بە دەرکەوتن ودەرکەوتەی بوونێک بدەین. واتە تەعریف و پێناسەی ماف و بوونێک لە مافی یاساییدا نوقسانەو دەبێت یاساکان دابڕێژرێنەوە. بوونی ماف لە نەست و خەیاڵدانی خێڵدا، واتە لە ناو بوونێکی کۆلێکتیڤیی و دەستەجەمعیدا، بوونێک نییە لە مافی یاسیایی و قەزاییدا. بوونێکی قەزایی و یاسایی بوونێکە لە تاک وتاکێتیدا، بوونێک لە ناو زیهنییەت و ئەقڵییەتی خێڵ وقەبیلەدا بوونێکە لە پێناو ئەوانیتردا، نەک بوونێک لە پێناوی خۆت و بۆ خۆت. ئەڵبەتە ئەم بوونە کۆلێکتیڤییە دەرئەنجامی غیاب و نەبوونی بە ئیشکالکردنی مرۆڤ و دەسەڵات و خواست و کەڵکەڵەو تواناو کاراییە فەردییەکانێتی. ئێمە هاوڕێی بوونێکین لە ناو کارو جەستە بە مانا ایۆلۆژییەکەی، بۆیە ماف لە خێڵدا تەنیا لە مناڵخستنەوەو هەندێک کاری دیکەی پێناسەکراودایە لە خەیاڵدانی خێڵدا.

خێڵ بە ماسکی جیاوازەوە

لە پاش داگیرکردی بەرزایی و گردەکان وەک نیشانەو هێمای خۆ جیاکردنەوەی نوخبەیەکی نوێ لە ڕەشۆکی و هێشتنەوەی هیراکییەتێک کە سەریکێشاوە بۆ جوگرافیاو تۆبۆگرافیا، واتە چینەکان لە دونیای ئێمەدا لە بری ئەوەی لە ناو ئابوری سیاسییدا بن، لە ناو بەرهەمهێنانی کاپیتاڵی ڕەمزی و کۆمەڵایەتی و کولتوریدان. گردو بەرزاییەکان نیشانەن بۆ کارکردنی هێزێکی سونەتی و خێڵەکی کە کۆمەڵێک ئیمتیازات و ستایڵی ژیان بەس نییە تا جیایان بکاتەوەو ئەم جیاکاریی و جیاوازبوونە هەمیشەو بەردەوام بەرهەم بهێننەوە. گردو بەرزایەکان ڕێک ئەو دیوەخان و تەکیەیەن کە دەبێت لە ستایل و هەڵکەوتەی گەڕەکە ڕەشۆکییەکان جیاواز بن. من نازانم سلێمانی چۆنە، بەڵام هەولێر کە تەختاییەو تۆبۆگرافیای بەرزو نزمی نییە، دەبێت جیابوونەوەو خۆ جیاکردنەوەکان بە شێوەو شێوازی دیکە بێت؛ باڵەخانە بەرزو چەند نهۆمییەکانی هەولێر گواستنەوەی دیوەخان و تەکییەکانی سەر گردو بارزاییەکانن بە شێوازێک کە هەمان نیشانە بە دەستەوە دەدەن. سەرکردایەتی و قیادەی هێزە سیاسییەکان لە هەولێرداو، بە تایبەتتر قیادەی پارتی، لەوەی هەرکەسەو بە خێرایی هەڵپەی خاوەندارێتییکردنی هۆتێل یان مۆتێلێکەو بووە بە دیاردە، ئێمە هاوڕێی دەرکەوتنی بزنس و بزنسمانێکی نوێ نیین کە جۆرێکی تر لە بازاڕو پەیوەندی مۆدێرنانەی ئابوری و کاردا بین، بەڵکو درێژبوونەوەی نا ئاگایانەو نا کۆنەستی خێڵەکییە کە هێشتاکە دەسبەرداری دیوەخان و تەکیە نابێت. هۆتێل و مۆتیلە چەند ئەستێرەییەکان و خزمەتگوزاریی تێیاندا، فۆرمێکی نوێی کۆ نەستێکی کۆمەڵایەتین کە بە ماسکی دیکەوە دەردەکەونەوە. هوتل و مۆتێلی بەرپرسەکان هەمان کەڵکەڵەو خەیاڵدان و ستراکتوری دیوەخانێکی باشتر و ئاوەدانتر و بە خزمەتترە لە ناو فۆرمێکی مۆدێرندا. لێرەوە تێدەگەین خێڵ دەتوانێت مۆدێرنیتێش بخاتە ژێر بارو لە ناو ستراتیژی هەیمەنەو ستراتیژی لە دەستنەدانی هەژموونیدا بیهیڵێتەوەو یاری بکات.

زانکۆ و ئەکادیمیاوپەیمانگاکان بەم فۆرمە نوێن و دەرکەوتەی ناو مۆدێرنیتێن. لە ناو خۆ ڕاکێشان و خۆ درێژکردنەوەو ترسی توانەوەو ئاوابوونی مەنزومەی بەهایی و سەرمایەکانیان، خێڵ دێنە ناو ئەم ناوەندو کایەی ئەکادیمییەوە. بڕوانامە بەدەستێنن، لە باشترین زانکۆی دونیاو ناوخۆدا دەخوێنن، ئەمە لەناو ستراتیژی خۆ بەرهەمهێنانەوەو بەردەوامبووندایە لە ڕووبەڕووبوونەوە بە مەیدانازییەکی مۆدێرن کە لە سەر ڕوخاندن و وێرانکردنی فۆرمە کلاسیکی و سونەتییەکان بیناکراوە. کوڕی شێ، ئاغا، دەرەبەگێک کە دەخوێنێت بۆ ئەوەیە تا لە ڕێگەیەکی دیکەوە بێتەوەو، پاشان ماڵییکردن و بەرهەمهێنانەوەی فۆرمێکی دەرکەوتن کە نابێت لە دەست حێڵ دەر بچێت. تەنانەت خۆیندای ئەو ڕشتەو بەشانەی کە لەناو هیراکییەتی بەها بەرزو نزمەکاندا گرنگییان زیاترە. خێڵ کوڕەکانی دەنێرێتە ناو یاساو زانستی سیاسیی تا لەوێوەو، بە کرێدی و شەرعییەتی نوێوە بگەڕێتەوەو، سێنتراڵبوون و لە سەرەبووننی هەرەمەکە ون نەکات. پزیشک و ئەندازیارو.... ئەو بەشە بە هەند وەرگیراوانەی ناو هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی ئابووری دیاریکراو، دەبێت بە دەست خێڵ و سەرانی خێڵەوە بێت. زمان فێربوون. شێوازی جل و بەرگی مارکە.... تەواوی ئەم ستایلانە لە ناو ستراتیژی خۆ ڕاکێشان و خۆ درێژکردنەوەدان.