ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(1)

له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2003 وه‌ گه‌لێك جار چوومه‌ته‌ به‌غدا.ئه‌مجاره‌ هه‌ر وه‌ك جاری یه‌كه‌م زۆر جیاواز بوو!ئه‌مجاره‌ش له‌به‌غدا خه‌ون وخه‌یاڵ و قسه‌ زۆره‌.گه‌لێك له‌و قسانه‌ په‌یوه‌ستن به‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد و پرسی دیموكراسی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی. ئه‌و قسانه‌ ئه‌مجاره‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عێراقه‌وه‌(سه‌ندیكاكان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و چالاكوانان وگروپه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێن).ئه‌وان ئه‌و كاته‌ له‌ساڵی 2003 بوونیان نه‌بوو،یان كه‌ ناوێكی مێژوویی بوون و هێشتا ناوه‌ڕۆكێكیان په‌یدانه‌كردبۆوه‌.ئه‌وان ئێستا بوونێكیان په‌یداكردووه‌و زۆرێكیان به‌دوای (عێراقێكی دیكه‌دا!)ده‌گه‌ڕێن،عێراقی ئاشتی و مافی مرۆڤ و پێكه‌وه‌ژیان. ئه‌و گروپانه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌تییه‌كانی شه‌قامی عێراقیشدا رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌و هه‌یه‌.روانینێكی تایبه‌تیان هه‌یه‌ بۆ مه‌ده‌نیه‌ت و پێشكه‌وتنخوازی.له‌نێویاندا گروپی گه‌نجان وژنان و چالاكوانی مافی مرۆڤ و كه‌مینه‌كان و سه‌ندیكاكان.ئه‌وان به‌و شێوه‌یه‌ كاربكه‌ن وبه‌رده‌وام ببن رۆژێك دادێت ده‌بنه‌ ژماره‌یه‌كی به‌هێز له‌ نه‌خشه‌ی بڕیار له‌ عێراقدا.ئه‌وان "كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق"ن. به‌نده‌ له‌مێژه‌ به‌دواداچوون بۆ بزوتنه‌وه‌ كومه‌ڵایه‌تییه‌كانی جیهان ده‌كات,له‌گه‌ڵ گه‌لێكیشیان له‌ئاستی جیهان به‌شداربووم.ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌وه‌ی عێراقیش له‌ ئاستی تیوه‌ریدا هه‌ر له‌دروستبوونی بیرۆكه‌كه‌یه‌وه‌ به‌شداربووم،له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2007 وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوڕێمدا له‌چوارچێوه‌ی تیۆریدا كارمان بۆ كردووه‌و چه‌ندین نامیڵكه‌مان له‌وباره‌یه‌وه‌ خسته‌روو.یه‌كه‌مین كفتوگۆش له‌باره‌ی كۆڕبه‌ندی عێراقییه‌وه‌ له‌شاری هه‌ولێر بوو له‌ساڵی 2007.بێگومان ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كاتێك كه‌ كۆڕبه‌ندی عێراقی به‌رله‌چوار ساڵ ده‌ستی به‌كاركرد و گه‌نجان وتێكۆشه‌رانی عێراق دایانمه‌زراند وێرشای ده‌ستخۆشیمان بوویان,به‌ڵام هه‌ستمان به‌ گرنگی دامه‌زراندنی كۆڕبه‌ندی كوردستانی كرد و له‌و كاته‌وه‌ كاری بۆ ده‌كه‌ین و ئه‌مساڵ رۆژانی 9-10/12/2017 یه‌كه‌مین كۆڕبه‌ندی كوردستان كاره‌كانی له‌شاری هه‌ولێر گرێده‌درێت.

(2)

كه‌ له‌به‌غدابووم ئه‌مجاره‌یان له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا به‌شداری 4 كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ بووم تایبه‌ت به‌ (داهاتووی گفتوگۆی كۆمه‌ڵایه‌تی،دیالۆگی كوردی –عه‌ره‌بی،ئازادی راده‌ربڕین،مافی پێكهاته‌كان و ناسنامه‌ی نیشتمانی).زیاتر له‌ 200 كه‌س له‌وانه‌ به‌شداربوون.له‌ زۆربه‌یاندا پرسی كورد و راپرسی ئاماده‌بوو.پرسیاره‌كانیش راسته‌وخۆوناڕاسته‌وخۆ روو له‌ئێمه‌ بوو.چ ئه‌وانه‌ی له‌ كۆڕوكۆبوونه‌وه‌كان یان ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌یان.ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ دوو خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان تێكڕای ئه‌و بۆچوونانه‌ هه‌بوو: یه‌كه‌م: هه‌موو خوێندنه‌وه‌كان ئابووریانه‌ بوون.واتا پرسی مافی چاره‌نووسی كورد له‌رووانگه‌یه‌كی ئابووریانه‌وه‌.به‌دیاریكراوی پرسی ریفراندۆم و ئابووریی به‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت پرسه‌كه‌ی گرێدابوو به‌ بازاڕی شیخه‌ڵڵاو كاریگه‌ری ریفراندۆم له‌سه‌ر چینی هه‌ژاری كوردستانی.بێگومان ئه‌مه‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌په‌كانه‌ یان خوێندنه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری چه‌په‌كاندا كه‌ به‌نده‌ش خۆی به‌به‌شێك له‌ ره‌وتی چه‌پ و چه‌پگه‌را زانیوه‌و ده‌زانێت.به‌ڵام پێم وانیه‌ مافی بڕیاردانی چاره‌نووس ته‌نها بتوانرێت له‌رووانگه‌یه‌كی ئابووریانه‌ی رووته‌وه‌ بخوێندرێته‌وه‌و فاكته‌ره‌كانی دیكه‌ وه‌لابنرێت. له‌ولاشه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ چه‌په‌كان هه‌میشه‌ رێگه‌یان به‌خۆیان نه‌داوه‌ كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر پرسێكی دیكه‌ بده‌ن كه‌ حزبێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وان له‌ناوچه‌ی ئه‌و پرسه‌ هه‌بووبێت یان هه‌مان سیاسه‌تی ئه‌ حزبه‌یان وه‌رگرتووه‌.به‌نموونه‌ چه‌كانی عێراق هه‌مان سیاسه‌تی چه‌په‌كانی فه‌له‌ستینیان هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌ پرسی فه‌له‌ستینی.ئه‌وه‌ بۆ سوودان و لوبنان و سوریاش هه‌روا بوو.بۆیه‌ پێم وایه‌ ده‌بوو چه‌په‌كانی عێراق ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی هاوتاكانیان له‌كوردستان په‌یڕه‌و نه‌كرد له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه‌،ده‌بوو لانی كه‌می سیاسه‌تێكی هاودژیان په‌یڕه‌و نه‌كردبایه‌،هه‌رچه‌ند كه‌ من له‌وه‌ تێده‌گه‌م له‌شه‌ڕی كورد-شیعه‌دا ،چه‌په‌كان زیانمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن،به‌و پێیه‌ی بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانیان له‌ریزی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌یه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م.ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێت گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێت تا نه‌گه‌یه‌ندرێته‌ ئاقارێكی مه‌ترسیدار! دووه‌م: ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێو چالاكوانانی عێراقی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌بیانییه‌كانیشدا بۆ گواستنه‌وه‌ی شوێنی چالاكییه‌كان له‌ شاری هه‌ولێره‌و به‌ره‌و شاری سلێمانی.مه‌ترسییه‌ك دروستكراوه‌ كه‌ گوایه‌ ناتوانرێت هیچ چالاكییه‌كی مه‌ده‌نی له‌شاری هه‌ولێر ئه‌نجام بدرێت.ته‌نانه‌ت كاتێك ئێمه‌مانان كاتێك كه‌ ده‌ڵێین له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتووین به‌چاوی گومانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ین! دیاره‌ لێره‌دا ئه‌م رووانینه‌ دوو لایه‌نه‌یه‌: لایه‌نی یه‌كه‌م: فاكته‌رێكی ناوخۆییه‌و به‌هۆی ئه‌و رێگرییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌چالاكییه‌كان ده‌كرێت له‌شاری هه‌ولێر و په‌لاماردانی ئه‌و كۆڕوئه‌و گردبوونه‌وه‌و چالاكی رێكخراوه‌كانه‌ ته‌نانه‌ت له‌ شوێنه‌ داخراوه‌كانیش .سزانه‌دانی تۆمه‌تبارانی پێشێلكارییه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین و رێگریكردن له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان و..تد.به‌ڵام ده‌بێت له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا بڵێم له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1991 تاوه‌كو ئێستا به‌نده‌ كاری رێكخراوه‌یی خۆی له‌چوارچێوه‌ی رێكخراوه‌یی جیاجیا و كه‌ناڵی راگه‌یاندن ئه‌نجام داوه‌و هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ و ناره‌زایه‌تیمان نوسیوه‌وگوتووه‌ و هه‌میشه‌ داوای باشترمان كردووه‌. دووه‌م: فاكته‌رێكی ده‌ره‌كییه‌.روانینیكی سیاسییه‌.پێی وایه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هۆكاری سه‌ره‌كی ریفراندۆم بووه‌ و دژی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه‌.یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هاوپه‌یمانی ئێرانه‌ و دۆستی شیعه‌و عێراقه‌ و بگره‌ هاوپه‌یمانن له‌وه‌ته‌ی پاش ریفراندۆم.لایه‌نگرانی ئه‌م دیده‌ پێیان وایه‌ به‌گواستنه‌وه‌ی ئه‌و چالاكیانه‌ ناوبانگی هه‌ولێر ده‌زڕینن و به‌شوێمێكی مه‌ترسیداری ده‌خه‌نه‌ روو بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.له‌ولاشه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ئابڵووقه‌ی ئابووری و نایانه‌وێت جووڵه‌ی پاره‌ بخه‌نه‌ هه‌ولێره‌وه‌!