ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كێ به‌رپرسیاره‌ له‌م دۆخه‌ی هه‌رێم ؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ جدییه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ لێره‌وله‌وێ هاووڵاتیانی هه‌رێم ئاراسته‌ی یه‌كدی ده‌كه‌نه‌وه‌ ، دواجار له‌گه‌ڵ چه‌ندین وه‌ڵامدا به‌ركه‌وتنیان ده‌بێت . وه‌ڵامه‌كان هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی داڕشتنی رسته‌ییه‌وه‌ جیاوازن به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆك  داو له‌كۆتاییدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌  .

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا زۆرینه‌ به‌رپرسیارێتی ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی  حكومه‌تی هه‌رێم كه‌به‌هۆی مامه‌ڵه‌ سیاسیه‌كانیان له‌نێو حكومدارێتیدا ئه‌م دۆخه‌ی هه‌رێم و گوزه‌رانی هاوڵاتیانیان گه‌یانده‌ ئه‌م ئاسته‌ی كه‌ تێیدا هاوڵاتیان دوچار و ڕوبه‌ڕووی قه‌یرانه‌ سیاسی وئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بونه‌ته‌وه‌  .

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ندێك پێیان وایه‌ سه‌رباری وجودی حیزبه‌ حوكمڕانه‌كان  ، خودی هاووڵاتیانیش به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆرینه‌ هۆكاری په‌یدابوونی ئه‌م قه‌یرانانه‌ن كه‌ له‌ئێستا بونه‌ته‌ مایه‌ی گرفت و كێشه‌ بۆ زۆربه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێم  ،ئه‌م هۆكاره‌ش بۆ بێده‌نگ بوون و ده‌سته‌وه‌ستان و هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرتن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو ناعه‌داله‌تیه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت  .

وه‌ به‌لای به‌شێكی دیكه‌وه‌ شه‌رمنی و نه‌رمی نواندی ئۆپۆزیسیۆن به‌تایبه‌ت ئه‌و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ تا ئێستا وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێك له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات خۆیان پێناسه‌ كردوه‌ ، كه‌نه‌یانتوانیوه‌ شه‌قام بدوڵێنن و به‌شێوه‌ی خه‌باتێكی مه‌ده‌نیانه‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆئه‌وه‌ی بتوانێت لانی كه‌می كێشه‌ وگرفت و داواكانی زۆرینه‌ی هاووڵاتیان جێبه‌جێ بكات .

له‌كۆی سه‌رجه‌م ئه‌م وه‌ڵامانه‌دا دواجار ده‌توانین وه‌ڵامێك ئیختیار بكه‌ین كه‌ بتوانین وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌كاری بهێنین ،ئه‌ویش پێویسته‌ هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌هۆی خراپ مامه‌ڵه‌كردنی كایه‌ سیاسیه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ڕوبه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یران بونه‌ته‌وه‌ و ڕۆژله‌دوای ڕۆژ قه‌یرانه‌كان ده‌بنه‌ مایه‌ی گرفت و كێشه‌ی گه‌وره‌تربۆیان ژیان و گوزه‌رانیان سه‌خت ترده‌بێت .پێویسته‌ئه‌م توێژه‌ ڕۆژێك زوتر ز زیاتر له‌ده‌وری یه‌ك كۆببینه‌وه‌ و خه‌باتی مه‌ده‌نی بكه‌نه‌ خه‌باتی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌م ناعه‌داله‌تیه‌ی به‌رۆكی ژیان و گوزه‌رانیان گرتوون  .

بۆئه‌وه‌ی له‌كۆتاییدا خۆیان نه‌بنه‌ به‌رپرسیارێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی دۆخی ئیستای هه‌رێمیان به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاندوه‌   .كه‌واته‌ به‌پێ ی وه‌ڵام  و ده‌نگی شه‌قام بێت ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی خۆشمان وه‌ك توێژێكی زه‌ره‌ر مه‌ند له‌م ناعه‌داله‌تیه‌ی كه‌ سسته‌می سیاسی هه‌رێم پیاده‌یی ده‌كات  بوینه‌ته‌ به‌رپرسیارێكی جدی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌ ناله‌بار و نابه‌رابه‌ره‌ی ڕوبه‌رومان بۆته‌وه‌   .