ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
یەکێك لە توێژە ماف خوراوەکان بریتیە لە بەتەمەنە پیربووەکان یان بە ساڵاچووان . هەندێکیان خانەنشینینن هەندێکیان ژیانیان بە جۆرێك بووە کە لە ئێستای تەمەنیان هیچ جۆرێک لە سەرچاوەی داهات و موچەیان نییە. کلتوری کۆمەڵایەتی ئێمە هەندێ ڕەگەزی بەزەیی پیاهاتن وڕێزگرتنی لە پیرەکان تێدابوو، لە ژێر زەبری قەیرانە ئابوریەکان هەلنەگرتنی بەرپرسیاریەتی ، پیرەکانیش بەرەو ڕووی دڵرەقی زۆر دەبنەوە چ لە لایەن سیستەم چ لە لایەن کۆمەڵگە. چەندین جار لە تیڤی و لە سۆشیال میدیا بینیومانە کە نەوەکان دەچن باوك ودایکی پیربووی خۆیان لە شوێنی دوور، لە شارێکی تر ، لەسەرجادەیەك فڕێ دەدەن، ئەم دڵڕەقیە بەر لەوەی عورفی کۆمەڵایەتی بێ، ئەنجامی بێ بەها کردنی مرۆڤە بە گشتی لە لایەن مۆدیلی حوکمڕانێتی. بە ساڵاچووان بە پیری لە هەسارەیەکیتر نەهاتن بۆ ناو کۆمەڵگە،ئەوان تەواوی عومری خۆیان لە خزمەت کردن، کارکردن، تەحەموڵ کردنی مێژووی نەهامەتیەکانی ڕابردوو سەرف کرد. پرسیاری ئەوەی چی لە بەتەمەنەکان بکەین ؟ پێش ئەوەی پرسیارێکی ئابوری، سیاسی، کۆمەلایەتی بێت ، پرسیارێکی ئەخلاقی پتەوی مرۆڤ بوونتە. لە کوێ دەتوانی کونجێکی وەڵامەکەت چنگ کەوێت درێغی لێ مەکە. ئەگەر ئیمزا بۆ مافەکانیان کۆ دەکەیتەوە، ئەگەر خۆت لە ژیانی کۆمەلایەتیدا بەرپرسیاریەتیت هەڵگرتووە، ئەگەر بەتانیەك دەبەخشیتە خانەی بە ساڵاچووان، ئەگەر لە ڕیزی حیزبێك بزوتنەوەیەکی سیاسی دایت و بەرگری لە مافەکانیان دەکەیت، کۆی ئەمانە تەکان دەدا بە ڕاچلەکینی کۆمەڵگەو بێداربوونەوەی. بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر بە تەمەنەکان، خانەنشینان، یەکێکە لەو ئەرکە یاسایانەی کە حکومەت وسیستەم دەیەوێ شانی خۆی بە تەواوی لێ خاڵی بکات. بە هەمان ڕیتمیش بەشێك لە نەوەکان لەبەر هەر هۆیەکی ئابوری، کاڵفامی، بێ باکی و دڵڕەقی بێت لاسایی سیستەم دەکەنەوە، ئەگەر تۆ یەکێکی لەوانەی لاسایی سیستەم دەکەیتەوە ، بەر لەوەی بە جانگی حکومەت بێیتە خوارێ، تفێك لە چارەو نامرۆڤ بوونی خۆت بکە!