ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەگەر زۆر نەگەڕێینەوە دواوە. لەپاش هێرشەکەی (حەشد) و سوپای بەغداد بۆ کەرکوک و دەوروبەری. مەسەلەی گفتوگۆ لە نێوان بەغداد و هەولێردا سەری هەڵدایەوە چ لەئاستی ناوخۆ و چ لەئاستی دەرەوە..

لەم بوارەدا حکومەتی هەرێم پەیتا پەیتا پاشەکشێ ئەکات و حکومەتی بەغداد هێرش ئەکات یەک لە دوای یەکتر مەرج و بیانوی نوێ فەرزئەکات!! چونکە تا ئێستا ڕۆژگارەکەی ناوخۆو دەرەوە لەخزمەتی ئەو دایە!!

هەڵوێستی حکومەتی بەغدادوەکو (سەعد حدیسی) ڕایگەیاند بەتایبەتی پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کە ڕاپرسیە گشتیەکە بەنایاسایی دائەنێ و هەڵی ئەوەشێنێتەوە.. نوسینگەی سەرۆک وەزیران گفتوگۆ ئەکات بە دو بەشەوە یان دو قۆناغەوە ئابوری و سیاسی ...

لایەنی ئابوری کە سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزیە بەسەر مەرزەکانی سەر سنوردا. لەگەڵ سامانی نەوت. ئەمە ئەبێ هەنگاوی یەکەم بێت, جێبەجێ بکرێ. ئەوسا گفتوگۆی سیاسی دەربارەی کێشەو گرفتەکانی تر دەست پێ ئەکات!! ئەمەیش مانای ئەوەیە کە بەغداد ئەیەوێ حکومەتی هەرێم لە بواری ئابوری دا لەپەل و پۆ بخات و تەنها و تەنها دەسنگەخواری ئەو پارەیەبێت کەلە بودجەی گشتی دا بۆی دیاری ئەکرێ. کە ئەویش کورد واتەنی (( لە قوڕگی شێر دایە))!!

لەلایەکی ترەوە گریمان حکومەتی هەرێم ملی بۆ ئەم مەرجەیش کەچ کرد. ئاخۆ کێ زامنی ئەوەیە کە بەغداد مەرج و بیانوی تازەتر بۆ ئەو وتووێژە سیاسیەش پەیدا ناکات!! یان ئاخۆ حکومەت ئامادە ئەبێ لەسەر کام لەو کێشانە گفتوگۆ بکات و لەوادەیەکی دیاریکراودا کۆتایی پێ بهێنێت؟

چونکە(سەعد حدیسی) لە دوانەکەی دا (٢٣/١١/٢٠١٧) مەرجێکی تر باس ئەکات. واتە (بەمەرجێک حکومەتی هەرێم ڕێز لە دەستور و دەرهاویشتەکانی بگرێ). ئەم مەرجە وەک دەوار (ڕەشماڵی) جاف وایە. هەزار حیلە و حەواڵەی لە ژێر دایە و هەرکاتێک بیانەوێ بەپێی بەرژەوەندی حزبایەتی و تایەفەگەری بەهۆی دادگای باڵای فیدراڵیەوە. بەڕاست و چەپدا ڕای ئەکێشێ !! ئەو دەستورەی کەلەساڵی ٢٠٠٧ / ەوە مافی کورد پێ شێل ئەکات!! نەک هەر ئەم مەرجە. بەڵکو بەرپرسی سەرۆکی حکومەت ئەڵێ ئەبێ هەردو کێشەی [ هەڵسوڕاندنی کاروباری ئاسایش و پشکی نەوت / یش ] کۆتاییان پێ بهێنرێ .... هتد کورد واتەنی (( ئەم هەویرە ئاو زۆر ئەکێشێ!!))

بەهەر حاڵ هەڵوێستەکانی حزبی دەعوە. لەوکاتەوە کە هێزی (دجلە) ئامادەکرا بۆ پەلاماردانی هەرێم, لەو کاتەوە کە ـ مالیکی ـ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕی. لە هێرشەکەی ١٦ / ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و تا ئەگاتە ئەم دەسی دەسی پێ کردن و بڕو بیانوانەی (حەیدەر عەبادی) یەک لەدوای یەکتر ئەیسەلمێنن کە ئەسڵەن دژی فیدراڵی هەرێمی کوردوستانن و ئەیانەوێ تەنها ناوی بێ ناوەرۆکی بمێنێ!!

بۆ ئەم نەخشەیەش: سودیان لە دوبەرەکی و ناتەبایی و کەلەبەری نێو هێزە سیاسیە سەرەکیەکانی کورد وەرگرتوە. لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و دەوڵەتانی دەوروبەر نواندیان دژی گەلی کورد. ئەمانە بێجگە لەم وەزعە ئابوریە ڕوخاوەی هەرێم ( بێکاری و هەژاری و بێ موچەیی ) کە خەریکە شیرازەی کۆمەڵگاکەمان هەڵئەوەشێنێت.

ئەحمەد حامید