ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 زۆر زەحمەت دەتوانیت هەژارى و سادەیى ژیان جیابکەیتەوە، خودى هەژارى ماناى نەبوونى دەگرێتەوە، سادەیى ژیانیش هەر نەبوونیە.

هەردووکیان هەر نەبوونیە، نەبوونى ئەو شتانەى هەن و یان هێشتا پەیدا نەبوون.

بەڵام لەکاتێکدا....

هەژارى ئازارمان دەدات، دڵتەنگمان دەکات، ڕەشبینمان دەکات،

دیمەنى هەژارەکان فرمێسکێک دەخزێنێتە چاوەکانمان،

ڕەشبینمان دەکات و دەمانتۆرێنێت لەژیان،

کەچى سادەیى ژیان بەختەوەرمان دەکات، دڵشادمان دەکات، گەشبینمان دەکات،

دیمەنەکانى سادەیى ژیان زەردەخەنە دەخەنە سەر لێومان،

گەشبینمان دەکەن و لەگەڵ ژیان ئاشتمان دەکەنەوە.

لە هەژارى دەترسین، بگرە تۆقیویشین، بەرەوڕووى دەبینەوە، لەبەرى ڕادەکەین،

هەست بەمیهرەبانى سادەیى دەکەین، ئاواتەخوازیین، بەرەوپیرى دەچین، بگرە بەدواشیدا وێڵین.

ئەوەى هەژارى و سادەیى جیادەکاتەوە، تەنها دادپەروەریە

ئەو ساتانەى تۆ لەناو زبڵ و خاشاکى کۆمەڵگایەکدا بۆ پاروە نانێک دەگەڕێیت،

یان لەناو ئەو هەموو بازاڕە پڕ کالایەدا بەدەستى خاڵى دەگەڕێیتەوە ماڵەوە،

یان ئەوە تەنها ماڵەکەى تۆ و ئەوانى وەک تۆن کە ڕووت و قووتن، 

ئەوکاتە تۆ هەست بەنەبوونی جۆرى هەژاریى دەکەیت، تۆ موچڕکێکى ئازاروى بەجەستەدا تێدەپەڕێت، لەیەک کاتدا ڕقێک خۆى دەخزێنێتە مشتتەوە و گریانێک ئەوک(قوڕگ)ت دەگرێت.

ئەوکاتە هەست بەبێ دەسەڵاتیەک دەکەیت، نەک بەرامبەر بە سرووشت، بەڵکو بەرامبەر نادادپەروەریەک لەکۆمەڵگاکەتدا، لەنێوان مرۆڤەکاندا،

چونکە تۆ مرۆفێکى بە فیترةت هەست دەکەیت ئەوەى هەیە بەرهەمى هەمووانە و فەزڵى ڕەنجى هۆش و هێز و بازووى هەمووانە،

بەفیترةت خۆت پێ یەکسانە لەگەڵ هەمووان، هەست بەشکانى کەرامەتت دەکەیت و ئازار دەکێشیت.

(هەست کردن بەکەرامەتى مرۆڤانە) ئەو نیعمەتەى کە خواوەند بەیەکسانى بەهەموومانى بەخشیوە، ئەو نیعمەتەى سەرچاوەى هەموو شۆڕش و ڕاپەڕین و هزر و فەلسەفەى مرۆڤ دۆستانەیە.

هەژارى ئەو ساتە وەختەیە کە هەست بەنادادپەروەرى دەکەین بۆیە هەموو شتێک لەبەرچاومان تاریک دەبێت.

بەڵام ئەوساتانەى تۆ لەناو پاشماوەى سرووشت دایت، یان دەستت خاڵیە، یان لەناو چواردیوارى ڕووت و قووتى ژیانێکى سادەدایت،

هەست بەبێ دەسەڵاتى ناکەیت بەقەت ئەوەى هەست بەڕەزامەندى یان هیوا دەکەیت،

ئەمە یان بە وویست و هەڵبژاردەى خۆتە، کە دەتەوێت لەکونجێکى ئەم سرووشتەدا ، بەدەنکە خورمایەک، لەتە سێوێک، ڕێواسێکى بن بەردى، کنگرێکى قوڕاویى، سەموونێکى خوساو رۆژ بەسەر بەریت.

یان ئەوە حوکمى سرووشتە، بەڵام هیوایەکت هەیە چونکە بۆت دەرکەوتووە کە سرووشت چەند میهرەبانە، دەست واڵاو بەخشندەیە، ئەمڕۆ نا بەیانى، بەیانى نا مانگى دابێ، ساڵى دابێ، دەرگاکانى بەخشندەیى خۆى دەخاتە سەر گازەراى پشت و نووقمى لەزەتى ژیانت دەکات، بەبارن دەتشواتەوە، زەویت بۆ دەتەقێنێت و چى بەروبوومى تەڕ و بڕى هەیە دەیخزێنێتە نێو لەپى دەستت، دەیترنجێنێتە ناو دەمت.

سادەیى واتا هێندەى بەدواى دەرفەتدا دەگەڕێیت، هێندەى وات لێ دەکات بیربکەیتەوە، هێندەى بەهیوات دەکات، بەختەوەر و گەشبینت دەکات، هێندە بێئومێدت ناکات، 

چونکە هەست بەنادادپەروەرى ناکەیت.

دادپەروەرى بزووێنەرى ژیانە، بگرە تاکە ئامانجى ژیانە.

دادپەروەرى گەوهەرى ژیانە، بگرە خودى ژیانە.

  • 1