ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 له‌ئێستاوه‌ تاوه‌كو ناوەڕ‌ِاستی ساڵ چه‌ند مانگێكی پڕ كێشه‌و ململانێی هه‌ڵبژاردن ده‌بن.به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و كوردستان له‌به‌رده‌مدان و قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرن.لێره‌دا له‌باره‌ی چه‌ند بابه‌تێكیه‌وه‌ راده‌خه‌مه‌روو:

(1)

برله‌دوو رۆژ هه‌ردوو حزبی شیوعی و زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكیان راگه‌یاندوو داوای یه‌ك لیستی حزبه‌ كوردستانییه‌كانیان كرد بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق.

له‌راستیدا ئه‌و داوایه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌موولایه‌ك ده‌زانیین هه‌ڵپه‌ی حزب و قه‌واره‌و لیسته‌ تازه‌و كۆنه‌كان به‌ره‌و به‌غدا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك بۆ هه‌ڵبژاردن له‌و ئه‌وپه‌ری بێ شه‌رمیدایه‌!

هه‌روه‌ها له‌كاتێكدایه‌ به‌ئاشكراو به‌ شاراوه‌یی زۆربه‌ی حزبه‌ كوردستانیی و عێراقییه‌كان به‌سه‌ر ئه‌م تاك و ئه‌وی دیكه‌ی شیعیدا دابه‌ش ده‌بن!به‌تایبه‌تی له‌ كوردستان له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2003 وه‌ تاوه‌كو ئێستا كورد بێ گوتار نه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ به‌غدا!

هه‌ر بۆیه‌ داواكه‌ی شیوعی و زه‌حمه‌تكێشان هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ بكرێت، دواجار له‌و بایه‌خه‌ی كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ دووربینی و دانایی و هه‌ر ئه‌و رێگایه‌ خزمه‌ت ده‌كات. كه‌ یه‌ك به‌ره‌یی و یه‌ك لیستی و یه‌ك گوتارییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ غدا.

شه‌ڕی لیست و نایه‌ك گوتاری پێم وایه‌ ،بابه‌تێكی دیكه‌یه‌ له‌ناوخۆی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ر یه‌ك لیستییه‌ك جۆرێك له‌ قۆرخكاریی له‌ هه‌رێمدا دروست ده‌كات.واته‌ به‌ڵێ بۆ یه‌ك گوتاری كوردستانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق، به‌ڵێ بۆ فره‌لیستی و كێبڕكێ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان.ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ شیوعی و زه‌حمه‌تكێشان له‌كوردستان پێم وایه‌ ده‌بێت قسه‌یان له‌سه‌ر لیستی چه‌پ بێت.بۆ عێراقیش لیستی كوردستانی.

 

(2)

به‌رله‌چه‌ند رۆژێك چه‌ند رێكخراوو چالاكوانێك به‌یاننامه‌یه‌كیان راگه‌یاندبوو،بۆ ده‌ستكارییكردنی یاسای هه‌ڵبژاردن له‌باره‌ی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و پرسی كۆتای كه‌مینه‌كان.

له‌راستیدا به‌یاننامه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌عه‌قڵی نادیموكراسی نوسراوه‌،ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ په‌رۆشی بۆ پرسی دیموكراسی و قوڵكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی هه‌رێم.

ئه‌وان پێیان وایه‌ ده‌بێت سیسته‌مێكی هه‌ڵبژاردن په‌یڕه‌و بكرێت تا رێگه‌ له‌ قه‌واره‌ولیسته‌بچووكه‌كان بكرێت بچنه‌ نێو په‌رله‌مان و رێگه‌ش له‌ كه‌مینه‌كان بگیرێت كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ كۆتایان هه‌بێت نه‌وه‌ك له‌لایه‌ن پارتی و ئه‌وانی دیكه‌ به‌كاربهێنرێن.

له‌راستیشدا ئه‌وه‌ دووكاری زۆر نابه‌جێن كه‌ بكرێن،له‌لایه‌ك رێگه‌ له‌ فره‌یی نێو په‌رله‌مان ده‌گیرێت ،له‌ولاشه‌وه‌ رێگه‌ له‌ گروپه‌ بچووكه‌كان ده‌گیرێت نوێنه‌رایه‌تیان هه‌بێت له‌په‌رله‌مان.دواجاریش له‌وكاته‌ی كه‌ پێم وایه‌ ده‌بێت فشاربكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێزیدی و كاكه‌یی و ئه‌وانی دیكه‌ش نوێنه‌رایه‌تیان له‌په‌رله‌مان هه‌بێت و هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌به‌شێكن له‌م هه‌رێمه‌،ئه‌وانه‌ دێن رێگری ده‌كه‌ن له‌مافه‌كانیان!