ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەلبژاردن  و دامەزراندنی پارلمانێکی کارا و کارناس ، تاقە ڕێگای دەرباز بوونی باشورە لە قەیران!

هەریمی کوردستان بە تەواوەتی لە لێکترازان دایە. پاش نزیکەی ٢٥ ساڵ دەسەڵاتداری لەسەر  بنچینەکانی فیفتی  فیفتی و پاشان دەسەڵاتی شەراکەتی هەر پێنج حیزب، لەکاتێکدا ٩٣ لەسەتی خەڵک دەنگیان بە ڕیفڕاندۆمێکدا کە پشتی داگیرکەرەکانی کوردستانی چەماندەوە، حیزبەکانی ناو دەسەڵاتی باشور بە ناوچەگەری و شەڕی کورسی و خۆبەستنەوەیان بە بیانی، کارەساتێکی گەورەیان قەوماندوە کە خەریکە دەسکەوتێک بە نێوی باشور بسرێتەوە و هەمدیسان کورد بەرێتەوە ژێر پۆستاڵی عەرەب.

گەندەڵکاری حیزبەکان، نفوزی داگیرکەرەکانی کوردستان لە زۆربەی  حیزبەکاندا، نەبوونی بەرنامە، نەبوونی پرۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ دەرچوون لە قەیران، ملکەچ کردنی رۆژ بە ڕۆژ پتری دەسەڵاتی هەریم لە ئاست بەغدا، تێکڕا بوونە هۆی بەڕەڵایی و بۆشاییەکی سیاسی پڕ لە مەترسی. ڕاکە ڕاکەی حیزبە جیاوازەکان بەرەو بەغدا، نەک بە مەبەستی خێرخوازانە بۆ گەڵ، بەڵکو بۆ چەسپاندنی  دەسکەوت بۆ خۆیان، پێوەندیگرتنی جیاواز بە وڵاتانی  ڕۆژئاوایی، ئەویش نەک بە مەبەستی پەیدا کردنی لۆبێک بۆ پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد، بەڵکو بۆ ناوڕزاندنی یەکتر، توانای  کارا بوونی سیاسیی لە باشور بڕیوە.  ڕاست لەو کاتەدایە کە عەبادی کلک دەخاتە سەر پشت و پێکهاتەی هەریم  بە هیچ ناگرێ. بەغدا بە هەموو پرش و بڵاویی حیزب و مافیا دینیەکانیەوە، بە یەکدەنگی دژی باشور رادەوەستێ. مەیلی گەڕاندنەوەی مێژوو و خولیای داگیرکاریی سەربازی دەسەڵاتی ناوەندی دادەگرێ.

باشور تووشی پەرتەوازەیی، ڕاڕایی و شەڕی سیاسیی خێلەکی و ناوخۆیی تەنانەت لە ناو حیزبەکانیشدا هاتووە.  لەڤهەر حیزبێکدا چەند خێڵێک و کەسێک  خەونی ڕاوڕووت دەبینێ و کەسایەتیەکانی ناو حیزبەکەش لە ژێرەوە لە دژی یەکتر کار دەکەن.

ئاشکرایە لە وڵاتێکی وەک باشوری کوردستان، حیزبایەتی بە شێوازی زانستی پێک نەهاتووە و پتر لە لەبەرچاوگرتنی  پێوانەکانی زانستی، کەسایەتی و خێڵ، دەوریان گێڕاوە.  یەکێتی نیشتمانی پاش کۆچی دوایی مام جەلال، ئیتر بوو بە مەیدانی ڕمبازێنی چەندین دەستە و تاقم کە بەداخەوە خۆ گرتنەوەی دژوارە. پارتی لە مێژووی خۆیدا بارزانیەکان بڕبڕەی پشتی بوون و هەتا ئێستاش سەقامگرتووتر ڕاوەستاوە. بەڵام ئایا پارتی بە نەمانی بەڕێز مەسعودی بارزانی هەر ئەو هێزە دەمێنێ؟ ئایا گۆڕانکارییەکانی ئەو سێ دەیە، کارتێکەریان لە سەر یەکگرتوویی بارزانیەکان کە لەسەر بنەمایەکی هاوپەیمانیی عەشیرەیی و ئایینی دامەزراوە، نەبوە؟ بێگۆمان بارزانیەکانیش ئیتر ئەو بارزانیانە نەماون کە بە فەرمانی خودان خۆ بە ئاو و ئاگر داکەن. پێکهاتنی توێژێکی بازرگان و گەندەڵکار، وەک کرمی ناودار، یەکگرتوویئ ئەوانیشی خستۆتە مەترسیەوە. بەڵام  کەسایەتیی  بەڕێز مەسعود بارزانیە کە هەتا ئێستا بەرگریی لە ئاشکرابوونی جموجۆڵی ئەو سەوداکارانە گرتوە کە وەک لایەنەکانی دیکە خەریکی خۆبەستنەوە بەم و بەو داگیرکەر بن. گەرچی هەوڵی بۆ دەدەن و لە ئاستی پێوەندییەکانی پارتیش بە تورکیە و ئێرانەوە ئەو هەوڵەی سەوداگەرە نوێ پێکهاتووەکانی ناو پارتیش بەرچاوە. لە ئاستی مێدیایشەوە دەبینین کە چۆن  ئەردۆغان کە لە مێدیای دنیادا بۆتە وێنەی دڕندەیی و تاوانکاری، ئەستێرەیەکی  بەشێک مێدیاکانی ناوچەی پارتیە.

حیزبە سکۆڵارەکانی کە هەتا ئێستا بە گشتی بەشدار و شەریکی هەموو چاک و خراپەکانی ئەو دەسڵاتەبوون و بەشێکیان پێیان وایە بەدانی دروشمی زڵ ئەو بەشدارییە پاک دەبێتەوە، کە بریتین لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و حیزبە نوێەکەی بەرهەم، کە ڕاستیشدا هەر پارتی و یەکێتین بە ڵاباڵە جیاوازەکانیەوە، چاویان لە مەترسیەکی گەورەی پەنادەستیان کە سێ ڕەوتی ئیسلامین و باشور لەداهاتوودا تووشی مەترسیەکی گەورە دەکەن نووقاندوە. یەکگرتوو کە بە پاڵپشتیی ئەردۆغان  پەرەی گرت و تەنانەت بە هۆی دڵداریی پارتی و تورکیە بەشێکی گەورە لە حکومەتی هەریمی کوردستاندا بوو بە پێنج وەزیرەوە، بە هێزترین  حیزبی ئیسلامیە. بزوتنەوە کە سەر بە سعودیەیە  و لەگەڵ کۆماری پەت و سێدارەش پێوەندی دیرینی هەیە، یەکی تریانە. کۆمەڵی ئیسلامیش کە بە ئاشکرا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دروستی کردوون و پیاوکوژ و سیخوڕی ناسراو عەلی باپیر  ناوی ئەمیری کۆمەڵی لە خۆی ناوە سێهەمینیانە. هەم پارتی و هەم حیزبە سکۆڵارەکانی دیکە نەک تەنیا چاوپۆشی دەکەن لە پێوەندییەکانی ئەو حیزبانە تەنانەت یارمەتیان دەکەن بۆ ژاراوی تر کردنی زەینی خەڵکی ئاسایی باوەرمەند بە ئایین.

تەنانەت گؤڕان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و زەربە لێدان لە پارتی بۆتە هاوپەیمانی ستراتێژیی کۆمەڵ و حیزبە نۆیەکەی بەرهەمیش ئەو هاوپەیمانێتیەی مۆر کرد.

لەڕاستیدا ئێستا ئیتر باشور دووبەشە و دەستور و فەرمانەکانی دەسەڵاتی هەریم هەرلە  ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی حوکی دەڕوا. سنوورەکانی ناوچەی سەوزیش نەلە ژێر دەستی پارتی و نە یەکێتی دان. بەڵکو لەڕاستیدا بنەماڵەی تاڵەبانی بەسەریاندا حوکم دەکەن و بە چاوەدێریی سیخوڕەکانی سپای پاسداران بوونە ڕێگای دزینی نەفتی کەرکوک.

دەرچوون لەم بارودۆخە، پێویستیی بە یەکلا کردنەوەی دەسەڵاتە! یەک لاکردنەوەی دەسەڵاتیش تەنیا بە هەڵبژاردن و دانانی پاڕلمانی نوێی بەدەسەڵات دەکرێ. هەڵبژاردنێک بە چاوەدێری خۆبەخشانی  نێوەنەتەوەیی کە لە ئەنجامیدا لایەنی سەرکەوتوو، بە تەنیا یان بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنی تر ببێتە دەسەڵاتدار و ئەوانیتر ئۆپۆزیسیۆن.

لەم حاڵەتەدایە کە دەسەڵاتداران و حیزبەکانی ناو حکومەت، ناتوانن بە مەیلی خۆیان  گەندەڵکاری بکەن وەک سەردەمی فیفتی فیفتی و حکومەتی  شەڕاکەتی مافیای ئابوری پێکبێنن و کور جێگای باب بگرێتەوە  و یان مووچەی خەیاڵی بە ناو ئەم و ئەو دا دابەش بکرێ.

وەدوا کەوتنی هەڵبژاردن بۆ هەر ساتێکیش تەنیا خزمەت بە بێگانە دەکا و هەریمی کوردستانیش بەرەو فەوتان دەبا. واتە ئاواتی عێراق و تورکیە و ئێران بەجێدەگەیەنێ.

  • 1