ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە دەستپێکی شەرێ ناوەخۆی سوریەوە، بە تایبەتیش لە کاتی هێرشی دڕندانەی داعش، موریدەکانی ئاکەپەی ئۆردۆگان بۆ سەر کۆبانێ، کە تێکشکاندنی ئەو هێرشە داڕندانەی داعشی ئۆردۆگانیی هەموو سەربازیی و سیاسەیە بەدکارییەکانی ئۆردۆگان بوو بۆ لەناوبردنی ئیرادەی رۆژئاڤا، تورکیا هەرچی لە دەستی هاتبێت بە دژی کوردی رۆژئاڤا بەکاری هێناوە، بەڵام تا ئەمڕۆ ئەو خەونەی مردار بوونە. هات و هووتی تورکیا لە دەستێوەردانی سوریە، هیچی لە پێناو خەڵکی سوریە و شەڕکردن نەبووە و نییە بە دژی داعش، بەڵکو تەنێ، بە قەولی ئۆردۆگان، "ئەمنی قەومی تورکیا" بووە، کە ئەمەش بە مانای لەناوبردنی خەونی ئازادی کورد بووە لەو بەشەدا، نابێت ئەم راستییەش بۆ کەس سەیر بێت، کە ئەمەش درێژدانی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت-نەتەوەی کەمال ئەتاتۆرکە.

 ئێستا دوای بەرەو بە کۆتاهاتنی داعش و نەمان و لاوازبوونی هێزە تێرۆریستەکانی تری سەر بە تورکیا و هەڵکشانی پایەی سەربازیی و سیاسیی یەپەگە لە سوریە بە هۆی ئیرادەی خۆیان و پشتگیریی هاوپەیمانان، تورکیا، دوای فەشەلهێنانی زۆربەی هەوڵەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و رووسیادا بۆ دەستهەڵگرتن لە پشتیوانی کوردی سوریە، ناچارە بە خۆیی و بە هاوکاری مورتەزیقە و دابەستییەکانی بەناو سوپاسی ئازادی سوریە دوا کەرایەتی خۆی بە هێرشکردن بۆ سەر عەفرین تاقیبکاتەوە، بەمەش مەبەستییەتی خەونە نەخۆشەکانی دژ بە کورد و لە جیهانی ئاڵۆزی سیاسیی سورییە و جیهانیدا بخاتە رۆژەڤێ.

 ئۆردۆگان لە سەروبەندی شازدەی ئۆکتۆبەردا بە زمانە خەلیفایەتییەکەیەوە رایگەیاند، کە لێناگەڕێ ریفراندۆم سەربکەوێت، بەمەش وای نیشاندا کە بەشدارە لە شکستپێهێنانی ریفراندۆم و پشتیوانی حکومەتی عێراق، بە تایبەتیش بە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک، (بۆ زانیاری زیاتر لەسەر قسەکانی ریفراندۆم، بگەڕێنەوە بۆ بەرنامەکانی رووداو تیڤی، کە بە راستەوخۆ قسەکانی ئۆردۆگانی دەکورداندن)، ئێستاش دەخوازێ بە هەمان زمان کەفی رقەکانی بە دژی عەفرین هەڵدەڕێژێت، بەڵام دەشزانێت گرتنی عەفرین وەک کەرکوک کارێکی ئاسان نییە. وێدەچێ ئۆردۆگان لەوە غافڵل بێت، کە عەفرین لە ئەزموونی خیانەتی خێڵیی بەدەرە.

 من دەزانم سیاسەتی ئەمەریکە و رووسیە و پاشکۆیەکانیشیان، تژییە لە ساختەیی و بەدفەڕیی، ئەمەریکە لە هەموو مێژووی خۆیدا، نەک هەر جێگەی متمانە نییە، بەڵکو بێشکۆترین ئیمپریالیزمی سەردەمەکانە، لەوەش زیاتر، ئینگلیز و ئەمەریکە سەر بکەن بە هەر وڵاتێکدا لە ئاژاوە و ئاڵۆزیی زیاتر هیچی دیکە بەو وڵاتانە نابەخشن، بەڵام دەزانم ئەمەریکە بە ئاسانی دەستبەرداری یەپەگە نابێت، ئەمەش چونکە بەژەوەندی سیاسیی، ئابووریی و سەربازیی لەگەڵ ئەواندا هەیە، نەک لەبەر ئەوەی هاوسۆزیی یەپەگەیە. ئەمەریکە دەزانێت ئەگەر پشت لە یەپەگە بکات، ئۆردۆگان بە بوونی دەستەڵاتی لە عەفرین و سورییەوە، دیسان هێزگەلی تێرۆریستی لە سوریا دروست دەکاتەوە، ئەمەش لەگەڵ خواستی ئەمەریکە نییە، چونکە دەزانێت تورکیای ئەکەپە گوایە بۆ ئاساییشی سنووری خۆی دەیەوێت هێرش بۆ سەر عەفرین بکات، بەڵام راستییەکەی بە بەخێوکردن و هاندانی هێزگەلی وەک جەبهەت النوسرا و هاووێنەکانی ئاساییشی دونیا ئاڵۆز دەکەن. رووسییەش بە هۆی تێگەیشتن لە تورکیا، کە دەزانێ راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ دورستکەری گروپە تێرۆریستەکانە، بۆیە مەگەر بەومەرجەی ئۆردۆگان واز لەو گروپە تێرۆریستانەی بە ناوی بەرهەڵستکاری سوریە بێنێت و ئیدلب رادەستی رژێمی ئەسەد و رووسییە بکاتەوە، ئەوکات لە بری ئەوە رازی دەبێت هێرش بۆ سەر عەفرین بکات.

 راستە تورکیا بە هۆی ئەو دۆخە سیاسییەی کە لە سورییەدا هەیە، کە دابەشبووە بۆ سەر زلهێزی دەرەکیی و هەرێمیی، لە رووی سەربازییەوە توانای ئەوەی هەیە خۆی وا نیشانبدا کە هەڕەشە لە عەفرین بکات، تەنانەت بتوانێت بەشێکی زۆریش لە دەوروبەری عەفرین داگیربکات، رەنگە ئەمەریکە و رووسیا و رژێمی ئەسەدیش، بە هۆی ئاڵۆزی بەرژەوەندیی و ململانێی سیاسیی ئەمەریکا و رووسیاوە، بێدەنگیی لێ بکەن، لێ دەزانم تورکیا لە عەفریندا، وەک یەپەگە بە پەیمان و ئیرادەی بەرگرییوە رایهێناین، رووبەرووی بەرخۆدانێکی کۆبانێ ئاسا دەبێتەوە، کە ئەمەش، لە رووی سەربازیی و سیاسییەوە، دیسانەوە تۆمارکردنی داستانێکی دیکەیە، کە یەپەگە دوای کۆبانێ بۆ ساڵی ٢٠١٨، لە دۆخی داڕمانی بەهایەکانی مرۆڤایەتیدا، رووحی جیهان رابچڵەکێنێت. ئەمەش لە رووی ئەخلاقی بەرگرییەوە، لە ئاستی کوردییدا تۆڵەکردنەوەیە لەو لەکەی خیانەتکارییەی کە مێژووی کورد تا کەرکوک کەڵەکەی دەکات.

 دواجار دەبێ رێکخراوە مرۆڤدۆست، مەدەنیی و بگرە زلهێزەکانیش ناچار بکەن، بە دژی ئۆردۆگان بوەستنەوە. بەمجۆرە ئەمەش دەبیت بە دوا بزمار لە دارەمەیتی خەونی کەرایەتی تورکیا بە دژی مافی رەوای کورد لە سوریەدا.

  • 1