ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئومێد قەرەداخی / عه‌فرین و چه‌ند پرسیارێك له‌ ویژدانی پیاوانی فتوا

( سه‌ید ئه‌حمه‌د و عه‌لی قه‌ره‌داخی به‌ نموونه‌)

رێك 124 ساڵ به‌رله‌ ئێستا ، ده‌وڵه‌تی عوسمانی پرۆژه‌ی جینۆسایدكردنی ئه‌رمه‌نه‌كانی خسته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌ فتوای موفتی گه‌وره‌ی خه‌لافه‌ت ده‌ستیپێكرد و ، موفتی رایگه‌یاند كاتی ده‌رهێنانی ده‌ماری نیفاقه‌ له‌ جه‌سته‌ی ئومه‌تی ئیسلامدا، دواتر هه‌موو ئیمامی مزگه‌وته‌كانی قوسته‌نتینیه‌ له‌ نوێژی هه‌ینیدا سوره‌ی فه‌تحیان خوێند وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی شه‌رێكی گه‌وره‌، تێكرای مسوڵمانان له‌ دوای ئیمامه‌وه‌ ده‌ستیان به‌رزكرده‌وه‌ و دوعا خێریان بۆ سه‌ركه‌وتنی سوڵتان كرد له‌م كاره‌ خێره‌دا، راسته‌وخۆ له‌دوای نوێژی هه‌ینی ده‌نگی شه‌یپووری توركه‌كان بیسترا و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ په‌لاماری هاوڵاتی ئه‌رمه‌نی بێ چه‌ك و بێ به‌رگری درا ، هه‌ر دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ هه‌ڵمه‌ته‌ كه‌ پێنج هه‌زار پیاوی ئه‌رمه‌نی كران به‌سه‌ره‌ نێزه‌ سه‌ربازه‌ توركه‌كانه‌وه‌ ، ژماره‌یه‌كی زۆر ژن و مناڵی ئه‌رمه‌نی له‌ ترسدا په‌نایان بردبوو بۆ كه‌نیسه‌ی به‌ناوبانگی ئورفا ، به‌ ئومێد ئه‌وه‌ی به‌هۆی پیرۆزیی كنیسه‌وه‌ په‌لاماریان نه‌درێت، به‌ڵام پێش خورئاوابوون سه‌رجه‌م ژن و مناڵه‌كان كه‌ ژماره‌یان له‌ سێ هه‌زار كه‌س زیاتر بوو كران به‌ خه‌ڵوز، له‌ كۆی گشتیدا و له‌ قۆناغی یه‌كه‌می هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا نزیكه‌ی 100 هه‌زار ئه‌مه‌نی له‌ نێو بران

دوای سه‌د و بیست و چوار ساڵ ، دوای گۆرانی سه‌رده‌م و ئیدیعای گه‌وره‌ی مافی مرۆڤ و ئازادی، سوڵتانه‌كه‌ی كۆشكی چانكایه‌ ، سوڵتان ئه‌ردۆغان، ئه‌یه‌وی له‌ رێگای په‌لاماردانی عه‌فرینه‌وه‌ به‌رنامه‌ی له‌ناوبردنی كورد جێبه‌جێ بكات، بۆ ئه‌مه‌ش فتوا له‌ موفتی گه‌وره‌ وه‌ر ئه‌گرێت و ، موفتی گه‌وره‌ی فتوای دا شه‌ری عه‌فرین جیهاده‌ و غه‌زایه‌كه‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌یكات، تێكرای ئیمامه‌كانی په‌نجا هه‌زار مزگه‌وتی توركیا سوره‌تی فه‌تحیان خوێند و ده‌ستی ده‌ست به‌ده‌ستنوێژیان بۆ ئاسمان به‌رزكرده‌وه‌ و دوعای سه‌ركه‌وتنیان بۆ سوڵتانكرد له‌ كاره‌ خێره‌دا، ره‌نگه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ نێوان دین و ده‌سه‌ڵاتی فاشیزم بۆ زۆمان زۆرمان روون بێت ، هه‌ر كاتێك ده‌سه‌ڵات تێكڵاوی دین كرا، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات دین ئه‌خاته‌ خزمه‌ت ئه‌جێنداكانی خۆیه‌وه‌ و چۆنی بوێ ئاوا مۆبێلیزه‌ی ئه‌كات، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی دینی نیه‌ به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆ دینی ته‌وزیف نه‌كردبێت، رێگای راسته‌قینه‌ش بۆ رزگاربون له‌م دۆخه‌ ، رزگاركردنی دینه‌ له‌ چ‌نگی ته‌ماعكاری ده‌سه‌ڵات و ناساندنی ده‌سه‌ڵات وه‌ك دامه‌رزاوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی كه‌ ئه‌بێت هه‌موو ساتێك له‌ ژێر چاودێریدا بێت، ناساندنی دینیش وه‌ك په‌یامێكی رۆحی .

ئه‌وه‌ی لێره‌دا پرسیاره‌ پتر هه‌ڵویستی ئیسلامیه‌كانی كورده‌ به‌ تایبه‌ت ئیخوانه‌كان به‌رانبه‌ر به‌م فتوا و مامه‌ڵه‌ی ئه‌ردۆغان ؟‌ كورده‌ ئیخوانه‌كان له‌ چ هه‌ڵویستێكدان؟ عه‌لی قه‌ره‌داخی و مه‌لا سه‌ید ئه‌حمه‌د و هاوشێوه‌كانی له‌ چ خانه‌یه‌ك پۆلێن بكه‌ین؟ بۆ من ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ عه‌لی قه‌ره‌داخی و سه‌ید ئه‌حمه‌د و هاوشێوه‌كانیان به‌شێكن له‌سیاسه‌تی ئیخوانی ده‌ولی و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر، ئه‌وان له‌ ژێر كاریگه‌ری ئایدۆلۆژیای ئیسلامگه‌رایی و سیاسه‌تی ئیخوانی ده‌ولی و ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر ، جاشایه‌تی و پاشكۆبوونیان بۆ ئه‌ردۆغان هه‌ڵبژاردوه‌ نه‌ك پشتیوانی گه‌لی خۆیان، ئه‌وان له‌گه‌ڵ زوڵم و فاشیزمان نه‌ك گه‌لێكی ئاشتیخواز و بن ده‌ست، ئایدۆلۆژیای ئیسلامگه‌رایی به‌رچاوی گرتوون و كۆیله‌یی به‌ ئه‌ركێكی ئاینی ئه‌زانن ، به‌ڵام بۆ رونكردنه‌وه‌ی ئه‌و نیفاقه‌ سیاسه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ خۆیان به‌ به‌شێك له‌ كورد و خه‌باته‌ ئازاخوازه‌كه‌ی ئه‌زانن ئه‌كرێت لێیان بپرسین ، كوا فتوای ئاینیتان بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی فتواكه‌ی ئه‌ردۆغان؟ بۆ ناپرسن چۆن شه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كی مسوڵمان و گه‌لێكی ئاشتیخواز به‌ غه‌زا و جیهاد له‌قه‌ڵه‌م ئه‌درێ؟ چۆن بۆ له‌ناوبردنی گه‌لێكی ئاشتیخوازه‌ سوره‌تی فه‌تح ئه‌خوێنرێ و دوعا بۆ كه‌شتنی هاوڵاتی مه‌ده‌نی ئه‌كریت؟ بۆ تورك خاوه‌نی چه‌ندین ده‌وڵه‌ت بێت به‌ڵام كورد خۆبه‌رێوه‌به‌رییه‌كی له‌ شارێكی بچووكدا پێ ره‌وا نه‌بینن ؟ خێره‌ بۆ ناشتنی سه‌ربازه‌كانی ئه‌ردۆغان ئه‌گه‌نه‌ ئه‌نقه‌ره‌ و بۆ كوژاوه‌كانی میانمار و فه‌له‌ستین و كشمیر فتوا و به‌یاننامه‌ ده‌ر ئه‌كه‌ن ؟ به‌ڵام بۆ له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت و ئاشتیخواز نه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی راشكاو نه‌ فتوایه‌كی پێویستان نیه‌؟ خێره‌ له‌ هه‌ر شوێنیك مسوڵمانێكی سوونه‌ بكوژرێت هه‌ڵویستن ئاماده‌یه‌ به‌ڵام به‌ مه‌رجێ ئه‌و مسوڵمانه‌ گوژراوه‌ كورد نه‌بێت ؟ ئه‌مه‌ چ نیفاقێكی ئه‌خلاقی و ئینسانی گه‌وره‌یه‌؟ به‌راست ئایدۆلۆژیا وایلێكردوون ویژدانی ئینسانیتان هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كتان له‌گه‌ڵ نه‌كات كاتێك به‌ چاوی خۆتان ئه‌بینین كه‌ ئه‌ردۆغان و سوپاكه‌ی بێ هیچ پاساوێكی شه‌رعی و یاسایی و ئینسانی په‌لاماری عه‌فرین ئه‌ده‌ن؟ رێگه‌ به‌ خۆیان ئه‌ده‌ن شار و وڵاتی تر داگیر بكه‌ن و خه‌ڵكه‌كه‌ی بكوژن؟ ئایا هه‌ست به‌ تاوان ناكه‌ن؟ هه‌ست ناكه‌ن ده‌ستان له‌ خوێنی هه‌ر مناڵێكی عه‌فرین و هه‌ر كچ و كورێكی كوردایه‌ كه‌ سوپاكه‌ی ئه‌ردۆغان خوێنیان ئه‌رێژێت؟ به‌راست شتێكتان ماوه‌ به‌ ناوی ویژدان؟

  • 1