ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گومان لەوەدا نیە کە تەنها نەتەوە نەیتوانیوە سود لە ئاینی ئیسلام وەوربگرێت،نەتەوەی کوردە.

ئیسلام بوتە خێر بۆ فارس تورک عەرەب و تاد. ئەم نەتەوانە ئیسلامیان بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان بە باشترین شیوە تەوزیف کردوە.

کورد نەک هەر نەیتوانیوە سود لە ئاینی ئیسلام وەربگرێت، بەڵکو زیانیشی پێگەیاندوە. هەرچی تورک و فارس و عەرەب هەن بۆ یەک چرکەش ئامادەنین لە پێناوی ئایندا دەستبەرداری بەرژەوەندیەکانی نەتەوەکەیان ببن،بەڵکو زۆر جار ئاینیان کردوەتە بەردەباز بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانیان و سەرکەوتووش بوون تێیدا..

بەڵام موسوڵمانی کورد جگە لەوەی کە زۆر پەرۆشە بۆ ئاینەکەی و بە پاکی وەری گرتووە،هەرگیز بیری لەوەنەکردوەتەوە کە وەک نەتەوەکانی دراوسێ سود لە ئاین وەربگرێت، نەک هەر ئەمەی نەکردوە بەڵکو خۆی زۆر زۆر بە کەم و بچوک خزمەتکاری موسوڵمانانی فارس و تورک و عەرەب زانیوە .هەردەم موسوڵمانی کورد وای بیرکردوەتەوە ئەوان موسوڵمانی ڕەسەنن و خۆیان ناڕەسەن، ئەوان براگەورە و خۆیان برا بچوک، ئەوان پیرۆزتر و لەپێشتر و خۆیان گومڕا . ئەم تێڕوانینە خۆبەکەم زانینە لەلایەن موسوڵمانی کوردەوە بەرامبەر بە موسوڵمانی تورک و عەرەب و فارس،وایکردوە چاوپۆشی لە تاوانەکانیان بکەن،هەڵەکانیان بۆبپۆشن،یا زۆر جار ڕوویداوە بەرژەوەندی نەتەوەکەیان کردووەتە قوربانی هاوئاینی ساختە.

پێدەچێت موسوڵمانانی کورد هێشتا دەرکیان بەو حەقیقەتە نەکردبێت کە موسوڵمانانی باڵادەست چ تورک چ عەرەب ج فارس،هێندە موسوڵمانیەتی کوردیان قەبوڵە تا بۆ سودی خۆیان بەکاریان دەهێنن،دەنا هەرچی دڵسۆزی و پاکی موسوڵمانی کوردە بەفلسێک ناکڕن،چونکە لە دیدی ئەوانەوە لە کۆتایدا هەرچی بێت ‌هەر کوردە و حسابی کوردی بۆدەکەن نەک ئاین. دیارە کوردیش وەک نەتەوە لە کن ئەوان دوژمنەو شایانی ژیان نیە.

لەهەر قوژبنێکی ئەم گەردوونە،موسوڵمانێک یا گروپێکی موسوڵمان با هەزارەها کیلۆمەتر دووربووبێت لە کوردستانەوە، گەر دووچاری چەوساندنەوە بووبێت، ئەودەمە بۆ پاڵپشتیان زۆربەی مەلای مزگەوتەکان، وتارخوێن و حیزب و ناوەندە ئیسلامیەکان شیوەنیان گێڕاوە،میدیاکانیان لێ پڕ کردوە،خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ڕێكخستوە، کە بێگومان ئەو موسوڵمانە دوورەدەستانە نە ناوی کوردیان بیستووەو نە دەشزانن کوردستان بوونی هەیە.

بەلاکەی دیکەدا ئەوەتە لە ئێستادا بەشێک لە نەتەوەکەمان لە شارێکی نزیک لەباشور بە ئاشکرا لەلایەن ڕژێمێکی فاشی بەناو ئیسلامەوە ئیبادە دەکرێت،ئەمان مێشێک میوانیان نیە. نەک هەر ئەمە بەڵکو لەڕابردوودا و تا ڕۆژی ئەمڕۆش نەماندی ئەم کەسایەتیە ئیسلامیانە، ناوەندو حیزبە ئیسلامیەکان،گچکەترین هەڵویستیان دەربڕیبێت بەرامبەر بە چەوساندنەوە، سوکایەتی، گرتن و لەسێدارەدان، کوشتن ویرانکردنی شاروگوندی کوردەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان کە بەناوی ئیسلامەوە،لەلایەن برا گەورەکانیانەوە ئەنجام دەدرێن. بەڵێ ئەمانە هیچ پەرچە کردارێکیان نەبووە، نەبەوتار نە گردبوونەوە نە بە بەیاننامەیەک،تەنانەت دوعاو پارانەوەیەکیشیان پێ ڕەوا نەبینوون.

من دڵنیام لە ئیستادا زۆرێک لە موسوڵمانە کوردەکان پڕبەدڵ هیواخوازن ئەردۆغان سەرکەوێت و کوردی ڕۆژئاوا تەفروتوونا ببێت،چونکە لە دیدی ئەوانەوە [ئەردۆغان موسوڵمانێکی چاک و لە خواترسە]، بێ ئەوەی دەرک بەوە بکەن کە هەر سەرکەوتنێکی ئەردووغان لەهەرکوێ بێت،دەچێتە گیرفانی تورکەوە وەک نەتەوە،نەک ئاینی ئیسلام.

بەڵێ ئەردۆغان موسوڵمانەو بەڕواڵەت موسوڵمانێکی [24] عەیارە،توانیویەتی زۆرێک لە موسوڵمانانی جیهان بەوجۆرە لە خشتە ببات و زیرەکانە ئاینی ئیسلام نەک هەر لە وڵاتەکەی خۆیدا،بەڵکو لە کوردستان و زۆر وڵاتی دیکە بخاتە خزمەتی پرۆژە فاشیەکەیەوە. ئەردۆغان لە ناخیدا وەک فاشیەک وەک ناسیۆنالیستێکی قێزەوەن ڕەفتار دەکات، کۆپیەکی ئەتاتورک و هیتلەرو موسولۆنیە.

ئاخر گەر ئاینی ئیسلام لە خزمەتی فاشیەتی ئەردۆغاندا نەبێت بە چ لۆژیکێک وەک دەڵین لە [90] هەزار مزگەوتەوە لە تورکیا فەتوای غەزا دژ بە گەلێکی ئاشتیخوازی وەک کورد دەدەن و بۆ سوپا فاشیەکەیان دەپارێنەوە کە لەم [فەتحەدا] سەرکەوون؟

ئومێدەوارم ئەم کارەساتەی عەفرین خاڵی وەرچەرخان بێت لە هەڵویستی موسوڵمانەکانی کوردستاندا،بە تایبەت یەکیتی زانایانی ئیسلام و پێشنوێژان و ئیخوانەکان وهەموو تاکێکی موسڵمانی کورد . 

گەر ئیمانداری دەکەن بۆ خۆتانی بکەن نەک بۆ تورک و عەرەب و فارس .ئیمانداری جێگەی ئەوەشی تێدادەبێتەوە کە جاروبار دوعایەکی خێر بۆ قەومەکەت بکەیت و هیوای سەرکەوتنی بۆ بخوازیت.

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا،لەتورکیادا مەلاکان فەتوای جیهاد دەردەکەن دژ بە کوردی موسوڵمانی عەفرین، کەچی لە باشور یەکدو مامۆستای ئاینی لێدەرچێت کە هەردەم خاوەن هەلوێستی جوانن،ئەوانی دیکە بێدەنگیان هەڵبژاردووە . 

هیوادارم چیتر کوردە موسوڵمانەکان کوری خۆیان نەکەن بە قوربانی کچی کەس. با لە پاڵ ئیمانداریەکەیاندا بڕێک بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەکەیان بکەنەوە. با خۆیان لەگەڵ ناوەندە ئیسلامیەکانی ئەو وڵاتانە بەروارد بکەن و بزانن ئەوان چۆن ئاینەکەی خۆیان بۆ داکۆکی لە بەرژەوەندی نەتەوەکەیان بەگەڕخستووە.

 

  • 1