ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بازۆر نەچینە دواوە هەر لە دەوروبەرى یان پاش و پێشى ئەنجام دانى ڕیفراندۆم / ەکەوە وەڵامى ئەو پرسیارە بدەینەوە.

پێش ڕاگەیاندنى باسى ڕاپرسیەکە. سەردان و گفتوگۆى تەلەفۆنى و دوانى کاربەدەستانى ئەمریکا وایان پیشان ئەدا بەواتایەکى تر وایان تەفرە دابوین کە ئەمڕۆ یا سبەى حکومەتى سەربەخۆى کوردوستانى عێراق دائەمەزرێ و ئەمریکا هەرێمى کوردوستان بەتاکە بنکەى مسۆگەر بۆ خۆى دائەنێ حکومەتى کۆمارى ئیسلامى ئێران/ یش وەکو ڕاگەیەنرا ئاڵوگۆرى بازرگانى لەگەڵ هەرێم دا گەیشتبوە شەش ملیار دۆلار و کاربەدەستانى ئێران رۆژێک لەتاران و رۆژێک لە سلێمانى و لە هەولێر بوون و ئەم هەرێمە بازارێکى کراوە بو بۆ ئێران.

کاتێک ڕیفراندۆم کاتى بۆ دیارى کرا هەڵوێستى هەردو دەوڵەتە یەکسەر وەرچەرخێنرا بەبارێکى نادروستانەدا. حکومەتى ئێران بەڕەوانى ڕاى گەیاند کە دژى سەربەخۆیى کوردەو لەو ڕوانگەیەشەوە دژى ئەنجام دانى ڕیفراندۆم / ه. ئەمریکایش خۆى و هاوپەیمانەکانى هەوڵى جدیان دابۆ ئەوەى ئەنجام نەدرێ.... کاتێک ئەنجام درا ئێران هەڵوێستى دوژمنانەى خۆى دەربڕى و بەهێزى حەشدى شەعبى کە زوربەى هي خۆیانە پەلامارى کەرکوک و دوزى دا بو بە هاوکارى حکومەتى بەغدادو دەروازەکانى سەرسنورى لە هەرێم داخست. هەتا ئەمڕۆیش هەر پشتیوانى حکومەتى بەغدایە لە گوشارى سیاسى و ئابورى و ئیدارى دا لەسەر کوردوستان!! . ئا لێرەوە ئێران زیاتر وجودى خۆى لە عێراق دا چەسپاند. 

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لە رۆژئاواى ئەوروپا و ناوچەکەدا بون بە پشتیوانى حکومەتى بەغداد وپشتى حکومەتى هەرێم/ یان بەردا!! و ئەم بۆشاییە کورد واتەنى خێرى ئێرانى تێدابو چونکە بەئاسانى هاتە کەرکوک / ەوە بۆ نەوتەکە و لەوێوە بە ئاسانى گەیشتە سوریا!!

حکومەتى ئەمریکا درەنگ بەم هەڵەیەى خۆى زانى و لەو کاتەوە ئەیەوێ کەلەبەرەکە پینەو پەڕۆ بکات و گوشار ئەخاتە سەر بەغداد کە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بکات و کێشەکانى نیوانیان چارەسەربکەن لەبەر ڕۆشنایى دەستور.

حکومەتى ئیران بە وردى دواى ئەم هەڵسوکەوتەى ئەمریکا کەوتوە. هەر لەگەڵ دەست پیکردنى هاتوچۆ لە نێوان بەغداد و هەرێم دالەکە هەفتەى ڕابوردوەوە دەستى پێ کرد ـ یەکسەر بەڕەسمى سەرۆک وەزیرانى هەرێم دەعوەت کرا بۆ تاران و بڕیارە لە ئاستێکى بەرزو باڵادا کۆبەنەوەو گفتوگۆى لەگەڵ بکەن... پێش ئەمەیش بۆ ڕیگە خۆش کردن دەروازەکانى سنوریان کردەوە. هەرچەندە هۆکارى ناوخۆى ئێران/ یش ناچارى کردبوون.

لەم بێنەو بەرەیەدا بە ئاسانى هەوڵ و پێشبرکێ لە نێوان ئەمریکا و ئێران باشتر ئاشکرا دەبێت بۆ ڕاکێشانى هەرێم هەریەکە بەلاى خۆى دا. لە هەردو بوارى سیاسى و ئابورى دا.

هەر لەم ماوەیەدا هەردو لایان خەریکن دەسکەلاى نوێ بۆ خۆیان لە هەرێم دا پەیدا ئەکەن کۆڕو کۆمەڵ و لیستى تازە ئامادەئەکەن, سودیان لە ئاڵۆزیى و چەند بەرەکى نێو هێزەکانى هەرێم وەرگرتوە. هەروەکو بڵێی متمانەیان بەم حکومەتە ئاوەڕوتکراوەى هەرێم نەماوە!! کە لە لاوازترین دۆخ دایە.

بۆیە ئێران ئەم دۆخە بەلەبارو ڕەخساو ئەزانێ کە حکومەتى هەرێم بەلاى خۆى دا بەکێش بکات وگوشاریش بخاتە سەر بەغداد کە هەندێک لە کێشەکانى هەرێم چارەسەر بکات..

گومان لەوەدا نیە ئەم سەردانەى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ ئێران و لەسەر داواى حکومەتى ئێران , ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى ڕانەچڵەکێنێ و هەوڵى بەپەلە نەدەن بۆ بەرپەرچ دانەوەى ئەم دەست پێشخەریەى ئێران بە چەند هەنگاوێک بەم زوانە. 

بەهەر حاڵ هەرێمى کوردوستان دراوسێى دێرینى دەوڵەتى ئێرانەو جۆرەها پەیوەندى و سنورێکى چەند هەزار کیلۆمەترى دەیان بەستێتەوە بەیەکەوە. بێجگەلە پەیوەندى هاونەتەوەیى و ڕەچەڵەکى لەگەڵ کوردى ئێران دا. بەڵام ئەمریکا سەرقافڵەى دەوڵەتە ئیمپریالیەکانى جیهانە و داگیر کەرە.

 

 

  • 1