ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پارەی سندووقی خانەنشینان لەوەتەی دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمەوە تا ئێستە دەخورێت و کەس خاوەنی نییە. ئەوە بابەتێک نییە کە پێوەست بێت بە ساڵانی قەیرانی داراییەوە، بەڵکو لە زۆر پێشترەوە، بە بەردەوام ئەو بڕە پارەیەی لە گێڕانەوە لە مووچەی فەرمانبەرانەوە هاتووەتە ناو سندووقی خانەنشینی، راستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بە ناسایی دەستی بۆ بردراوە و خوراوە. لەبەرئەوە لە یاساکانی بودجی ساڵانی زۆر پێشترەوە، بەشێک لە داهات بۆ مووچەی خانەنشینان تەرخان کراوەتەوە، خۆی ئەگەر حکوومەت ئەو پارەیەی نەخواردبووایە، پێویستی نەدەکرد لە داهاتی گشتیدا، مووچەی خانەنشینان دابین بکات.

کاتێکیش قەیرانی دارایی دروست دەبێت، بارودۆخەکە خراپتر دەبێت، کە ئێستە حکوومەت مووچەی ساڵێکی خانەنشینان قەرزدارە، چونکە پێشتر پارەکانی ئەوانی خواردووە و هیچ پارەیەکیش بەردەست نییە لە شوێنی دابنێتەوە.

لە کوردستاندا نزیکەی ٢٥٠ هەزار خانەنشین هەیە، بەلام یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار مووچەخۆری حکوومەت هەیە، کە مانگانە رێژەی ٧٪ی موچەکانیان لێدەگێڕدرێتەوە بۆ سندووقی خانەنشینی کە ساڵانە دەیان ملیار دینار دەکات.

لە راستیدا حکوومەتی هەرێم تەنیا داهاتی سندووقی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی نەخواردووە، بەڵکو داهاتی سندووقەکانی خانەنشینی کرێکاران و پارێزەرانیشی خواردووە.

لە هەرێمی کوردستاندا، نزیکەی یان زیاتر لە ٨٠ هەزار کرێکار بەشدارییان لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کردووە، بەشداری هەر کرێکارێک لەو سندووقەدا نابێت بە مووچەی کەمتر لە ٢٨٥ هەزار دینار بێت، گریمانەی ئەوە بکە کرێکاران یان کارمەندانی کەرتی تایبەت بە گشتی لەسەر بنەمای ٣٠٠ هەزار دینار بەشدار بوون، کە دەبێت مانگانە ١٧٪ی ئەو پارەیە بە سندووقەکە بدەن، ئەوەش دەکاتە ٥١ هەزار دیناری مانگانە بۆ هەر کرێکارێک.

کەواتە لە هەر مانگێکدا لانی کەم زیاتر لە (٤) ملیار دینار دەچێتە سندووقی خانەنشینی کرێکارانەوە و ئەو بڕە پارەیە لە ساڵێکدا بۆ نزیکەی (٥٠) ملیار دینار بەرز دەبێتەوە و حکوومەتی هەرێم دەیخوات.

هەروەک حکوومەتی هەرێم داهاتی سندووقی خانەنشینی پارێزەرانیشی خواردووە، کە لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی (١٤) هەزار پارێزەر بەشدارییان لە سندووقی خانەنشینی پارێزەران کردووە و جگە لەو پارەیەی دەیدەن، سندووقەکە داهاتی پوولی پارێزەران و ناسنامە و ... هتد هەیە و بەکۆی گشتی بە ملیار دینار دەکات.

  • 1