ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ساڵەهایە ئاسوودەنیم

ڕۆژانە تاوێک ناسرەوم

شەوانە ئارام ناخەوم

خودایە ئیمە کەی پشوو دەدەین؟

کەی بێترس دەژین؟

کەی ئارامی دەبێتە میوانمان؟

شاعیری نیشتمانپەروەری بانەیی کاک[کەریم دافعی ] ، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە مەراسیمی ڕێزلێنانیدا بەو چەند پەیڤەی سەرەوە گوزارشتی

لە ژیانی سەختی کوردبوونی خۆی کرد، گوزارشتێک کە پڕە لە ئاهو حەسەرەت. پەیڤەکانی دەربڕینی خەمێکی قوڵی ناخی ئەو مرۆڤانەیە کە وەک ئەو بۆ نیشتمانەکەیان سووتاون . کاک کەریم لە بری ئێمە بەزمانێکی سادە بەڵام پڕ مانا ،دیرۆکی پڕ ناڵەو هاواری کوردی بەشمەینەتی دەر بڕیوە.

هاواری کاک کەریم ، ئەوانە ناگرێتەوە کە بێغەم {سەردەنێنە سەرسەرین} ، بەڵکو ڕوو لەئەوانەیە کە فیکرو هۆشیان لای نیشتمانە.

پێدەچێت کورد وەک نەتەوە بۆ ئەوە هاتبێتە ژیانەوە تا تاڵی و ناسۆری بەشی بێت ،تا هەرچی نەهامەتی و تراژیدیایە لە گەردوندا ،بەسەریاندا بڕژێت ،بۆ ئەوەی هەرچی نادادپەروەری جیهانە لەواندا تاقیبکرێتەوە.

نەتەوەیەک کە ئاشقی ژیانبێت، ئارەزووی ئارامی و ئاشتی و پێکەوە ژیانبیت،نەتەوەیەک تەعدای لە کەس نەکردبێت دەستی بۆماڵی کەسی دیکە درێژ نەکردبێت ،نەتەوەیەک هەردەم بە دیدیێکی نادوژمنانە لە زاڵم و ستەمکارانی ڕوانیبێت ، ئیدی بۆ دەبیت قەدەری بەم شیوەیە بێت؟

ئاخر ئەستەمە میللەتێک بە درێژایی مێژوو لە ژێر زوڵم و چەوەساندنەوەو جینۆساید و نکولی لێکردنی شوناسی ژیابێت و هەر بەو جۆرەش درێژە بەژیان بدات.

بە چ هەقێک ڕەوایە کوردێک لەسەدەی 21 دا لە چەقی ژیانی شارستانیدا بۆی نەبێت بەزمانی دایکی گوزراشت لە خۆی بکات ؟

ئەمە چ دادپەروەریەکە گۆرانی گووتن بە زمانی دایک ببێتە پڕوپاگەندە بۆ تەرۆر؟+

باوڕم نیە نەتەوە هەبێت هێندەی کورد ئازاری وناسۆری چەشتبێت ،ساڵەهایە ڕۆژ دەدەینە دەست ڕۆژ بە ئومیدی باشتر ،لێ ئەوباشترە بووەتە سەراب و هەرگیز نایگەینێ. 

من نازانم کورد چۆن بەرگەی ئەم هەموو نەهامەتیە دەگرێت؟ بەڕاستی سەرم سووڕماوە ،پێدەچێت هۆکارەکەی ئەو تروسکاییە بێت کە لەئاسۆوە جاروبار بەدیار دەکەوێت. یا ئەو ئومێدەبیت کە لە شەوەزەنگدا ڕوناکی دەبەخشێت ، دیارە ئەوەش خاڵێکی گەشە ،دەنا قەهر هەموومانی دەکووشت.

وامان لێهاتوە بە تراژیدیا ڕاهاتووین سەراپا ژیانی تەنیوین،هەربۆیەش دەمێک ڕووداوێکی دڵخۆشکەر دەبیستین ،پانتاییەک نەماوە بۆدڵخۆشبوون تا پێی دڵخۆش بین .لەوە دەترسین بەدوویدا کارەسات بێت ، کە زۆر جار هەرواش بووە. 

با زۆر نەگەڕێینەوە بۆ دواوە ،بیهێننە بەر چاوی خۆتان ، هەر لە ماوی ئەم چەندساڵانەی ڕابردوودا ،چەندین تراژیدیا بەرۆکی گرتین ،هەریەکەیان بۆ ماوەیەک پانتاییەکی بەغەم و ترس و دڵەڕاوکێ ،لە ژیانمان لە هەست و هۆشمان داگیر کرد.

* داگیرکردنی دەڤەری شەنگال لە لایەن داعشەوەو کارەساتی قەتڵوعامی کوردە ئێزیدیەکان.

* ترس لە داگیرکردنی هەولێر و دەڤەری دیکەی کوردستان، لەلایەن داعشەوە.

* بینینی دیمەنی سەربڕینی چەند پێشمەرگەیەک بەدەستی داعش.

*کووشتنی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن ڕژێمی ئاخوندەی دواکەوتووی ئیرانەوە.

* لە سیدارەدانی شۆڕشگێرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە لایەن هەمان دەسەڵاتەوە .

* .نەناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق و ذڵەڕاوکیی مووچەخۆران.

* خۆپیشاندانی خەڵکی کوردستان دژ بەدەسەڵاتی گەندەڵ و لێکەوتنەوەی شەهید و بریندار. 

* لەدەستدانی کەرکوک و زۆرێک لە دەڤەرکانی کوردستان لە ئاکامی ڕیفراندۆمدا.

* پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆران و بڵابوونەوەی هەژاری و بێکاریی لە باشوور .

* هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانی.

* کارەساتی ڕۆبسکی لە باکوور.

*وێرانکردنی زۆرێک لە باژێرو گوندی باکوور لەلایەن سوپای فاشی تورکیاوە.

* زیندانیکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپەو چەندین پەرلەمانتارو سیاسەتمەداری ئەو حیزبە لەلایەن ئەردۆغانی فاشیەوە.

*زەمینلەرزەی ڕۆژهەڵات و باشور و ماڵ ویرانی ودەربەدەری خەڵک.

* هێرشی سوپای ئەردۆغان بۆ سەر عەفرین .

* نوێترینیشیان دەسبەسەرکردنی بەڕیز ساڵح موسلم لە براغ، کە ئەمە نووێترین چیرۆک بوو ئیمەی کوردی هەم غەمبارو هەم تووڕە کرد. 

خۆشبەختانە بەڕێز ساڵح موسلم ئازاد کرا و پلانی ئەردۆغان پووچەڵکرایەوە، 

بەڵام نازنم داوای ئەمەچی دێت و دەبێ قەدەر چی بۆ ئامادەکردبین؟

بەڵێ کورد بوون سەخت و تاڵە ،وەک بەڕێز ئاپۆ دەڵێ [کوردبوون تاڵە بەڵام ڕاکردن لێی نامەردیەوە].

سەرنج/+

هەفتەی پێشوو لە یەکێک لە ماڵپەڕەکاندا هەواڵێکم خویندوە دەڵی :

پۆلیسی تورک لە ئەستەنبوڵ باوکێکیان دەستبەسەر کردوە بەهۆی ئەوەی لە زەماوەندی کورەکەیدا گۆرانی کوردیان چڕیوە ،ئەمەش لەکن پۆلیس وەک پروپاگەندە بۆ تەرۆر پێناسە کراوە .

  • 1