ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کەناڵی کوردسات بڕیاری ڕاگرتنی هەموو دراما تورکیەکانی داوە، ئەم بڕیارە بڕیارێکی بوێرانەیەو گرنگە ؛ئەم بڕیارە تا کۆتایی بێت و کاتیی نەبێت،دووەم تەلەفزیۆنەکانیتریش هەمان بڕیار بدەن.

بە چاوپۆشین لە پەلاماری عەفرین،درامای تورکی تەنیا شایەنی قەدەغە کردنە.چونکە بە مانای ووشە دراماکان بەتاڵن و پڕن لە ئاماژەکانی گەمژە کردن و شاردنەوەی ڕاستیەکانی ژیانی واقیعی لە تورکیاو لەو کۆمەڵگایانەی کە هاوشێوەی کۆمەلگەی تورکین.

درامای تورکی مرۆڤی هۆشیار نە پێ ی هەڵدەخەڵەتێ و نە سەیری دەکا، چونکە ئەم جۆرە لە دراما مرۆڤی ڕوکەشی دەروون ناجێگیر دروست دەکەن،مرۆڤێك دروست دەکەن نەمۆدێرن نە کۆن، مرۆڤێك کە ئایدیۆلۆژیای جۆراو جۆر لەسەر دیالۆگ و هەڵوێستەکانی بارکراوە، کە لە کۆتاییدا کردەوەکانی یان کۆنەپەرستانەیە یان سوپەرمانێکی فاشیستیە.

دونیای دروستکراوی نێودراماکان، بۆ ئەو بینەرانە دروست کراوە کە بەشی زۆریان لەبەر هەر هۆیەکی ئابوری کۆمەڵایەتی یا کلتوری بێت، دوورن لە دیدی خۆ هۆشیار کردن و دۆزینەوەی خود لە کردەوەی کۆمەڵایەتی واقیعی، بوونەتە دیلی دەستی دونیایەکی دروست کراوی لە خشتەبەر، دونیایەك کە لە تورکیاش دەست ناکەوێ! درامای تورکی توێژێك لە بینەری دروست کردووە کە هۆن هۆن بە دیار پاڵەوانی دراماکان دەگری، بەڵام تراژیدیا و کارەساتی ژیانی ئێستای خۆی نە بەرەو هەڵوێستێکی دەبا نە دەیگرینێ! 

ئەو کەناڵانەی درامای تورکی لێدەدەن زۆربەیان موڵکی هەمان ئەو دەسەڵاتە سیاسیەی کوردستانن، کە پێوستیان بە گەوجاندن بێ مێشك کردنی بینەری کوردە. ئەگەر تۆ ڕێز لە بوونی خۆت دەگری ڕێز لەوە دەگری مرۆڤێکی پێگەیشتوویت فامی ڕەش و سپی دەکەیت، لە ڕیمۆتی تیڤیەکەت کەناڵێك داگرە کە زانیاری سیاسی ومەعریفیت زیاد بکات، ئەگەر کەناڵێکی لەو بابەتە دەستت نەکەوت تیڤیەکت خامۆش کە، کتێبێك بخوێنەوە!

ئەگەر ناتوانی دەست بەرداری سۆزی فریو دەر بیت هەر حەز لە گریان و خۆخواردنەوەی دەبەنگانە دەکەیت، ئەوە بە دیار درامایەکی سوك مەگری، بەڵکو بە دیار مەینەتی خۆت، درواسێکەت،گەڕەکەکەت، هاوچینەکانت بگری. پرسیارکە ؛ لە جیاتی گریان دەتوانی خۆت فێری نەفرەت و تف وەشاندن بکەیت ؟

  • 1