ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕاپه‌ڕين، له‌ مێژووى مۆدێرنى كوردييدا ده‌رگا بوو بۆ زۆر شت، بۆ زۆر ئيمكان و ئه‌گه‌رى نوێ؛ به‌ڵام بكه‌ره‌كان نه‌يانتوانى ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ هه‌ڵگرنه‌وه‌ و پرسى نوێ دابێنن. ڕاپه‌ڕين ته‌نيا ڕووداوێكى سياسى نه‌بوو، به‌ڵكو ڕووداوێك بوو كه‌ زۆر پنتى له‌ خۆيدا ته‌قانده‌وه‌: گه‌شه‌كردنى زمانى كوردى، بيركردنه‌وه‌ له‌ وه‌رگێڕان، مامه‌ڵه‌كردن به‌ ميدياى نوێوه‌، به‌ده‌زگاييبوونى دين، ده‌رهێنانى نه‌وت و ده‌ركه‌وتنى سوبێكتيڤيته‌يه‌كى تايبه‌ت به‌ نه‌وت، قه‌يرانى ئابورى و هتد. ته‌نانه‌ت ئه‌و نيهيڵيزمه‌ى كه‌ ڕاپه‌ڕين بۆ خه‌ڵكى درووستكردووه‌، به‌رهه‌مى ڕاپه‌ڕين خۆيه‌تى. شتێكه‌ لكاوه‌ به‌ جه‌وهه‌رى ڕاپه‌ڕين خۆيه‌وه‌. واته‌ به‌رهه‌مى چاوه‌ڕوانى بوو‌ له‌ ڕاپه‌ڕين كه‌ ڕاپه‌ڕين به‌رده‌وام و به‌رده‌وام "نايهێنێته‌دى". "نه‌هێنانه‌دى" وه‌ك فرمانێكى نه‌رێنى، ئاماژه‌يه‌ بۆ درێژبوونه‌وه‌ى ڕاپه‌ڕين. واته‌ ڕاپه‌ڕين هێشتا له‌ ڕووداندايه‌ و هه‌ر تووڕه‌ييه‌كى زياتر ده‌رهه‌ق به‌ ڕاپه‌ڕين ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه چ چاوه‌ڕوانييه‌كى گه‌وره‌ به‌م ڕووداوه‌دا هه‌ڵواسراوه‌. ته‌نانه‌ت هاتنى ئۆپۆزسيۆنيش خۆى يه‌كێك بوو له‌ ئيمكانه‌كانى ڕاپه‌ڕين، بۆيه شكستى ئۆپۆزسيۆنيش شكستى ڕاپه‌ڕين بوو. بۆيه‌ ‌كاتێك ئۆپۆزسيۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت، هه‌موو ده‌گه‌ڕێينه‌وه‌ خاڵى سه‌ره‌تاى ڕاپه‌ڕين و ديسان كۆى مێژووه‌كه‌‌ پێكه‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێننه‌وه‌. كاتێكيش پرسياره‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ى پاش ڕاپه‌ڕين تێكڕا پرسيارى نيوه‌ناچڵ و پڕ له‌ دڵه‌ڕاوكێن، ئيدى له‌وه‌ دڵنياده‌بينه‌وه‌ كه‌ ڕاپه‌ڕين ڕووداوێكى ئاڵۆز و ئاوس بووه‌. ئه‌و پرسيارانه‌ چين؟
ئايا ڕاپه‌ڕين هيچى له‌باردا ماوه‌، بۆى دانيشين و ته‌واوى بكه‌ين؟ ئايا هه‌موو ئيمكانه‌ ڕزگاريخوازه‌كانى ڕاپه‌ڕين چركاون و پووچه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌؟ هابه‌رماس ده‌رهه‌ق به‌ مۆدێرنه‌ ده‌ڵێت، مۆدێرنه‌ پرۆژه‌يه‌كى نيوه‌ناچڵ و ته‌واونه‌كراوه‌ و ده‌بێت ته‌واوبكرێت، به‌ڵام ئايا ڕاپه‌ڕينيش پرۆژه‌يه‌كى ته‌واونه‌كراوه‌ يان به‌سه‌رچووه‌؟ گه‌ر به‌سه‌رچووه‌، بۆچى ڕاپه‌ڕينى دووه‌مى خه‌ڵك ڕوونادات؟ گه‌ر به‌سه‌ريش نه‌چووه‌، بۆچى هه‌جوى ته‌واوى ئه‌م ڕووداوه‌ ده‌كه‌ين؟ پرسيارێكى تر ئه‌وه‌يه‌، ئێمه‌ هێشتا سه‌ر به‌ نه‌ريتى شاخين يان شار؟ گه‌ر سه‌ر به‌ نه‌ريتى شاخين، بۆچى گوتارى شۆڕشگێڕانه‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌؟ گه‌ر سه‌ر به‌ نه‌ريتى شاريشين، بۆچى له‌ نه‌ستى خه‌ڵكدا ئه‌و هه‌مووه‌ چاوه‌ڕوانييه‌ له‌ بكه‌ره‌كانى شاخ هه‌يه‌؟ گيرسانه‌وه‌ له‌ به‌ينى دوو ڕاپه‌ڕين‌دا، گيرسانه‌وه‌ له‌ به‌ينى شار و شاخدا ته‌عبيره‌ له‌ چى؟ ئه‌ڵته‌رناتيڤى سياسيى نوێ له‌م به‌ينه‌وه‌ له‌دايكده‌بێت.
مێژووى پاش ڕاپه‌ڕين، مێژووى دوو جۆر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ش بوو. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌يه‌كى سياسى و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌يه‌كى ڕۆشنبيرى‌ش. له‌ يه‌كه‌مدا، بكه‌ره‌كانى ڕاپه‌ڕين، هه‌موو ئيمكانێكى ڕزگاريخوازانه‌يان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. له‌ دووه‌ميشدا، گوتارێكى ڕۆشنبيرى هات كه‌ ديسان له‌جياتيى بنياتنان، هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌موو شتێكى ده‌دا. ئه‌م دوو جۆره‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌يه له‌ يه‌ك قۆناغدا بێ‌په‌يوه‌ندى ‌نه‌بوون: ‌هه‌ردووكيان ڕۆڵيان هه‌بوو له‌وه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ كاتێك به‌ر سيسته‌مى سه‌رمايه‌داريى جيهانى و به‌ها جيهانييه‌كان و فه‌زاى مه‌جازى ده‌كه‌وين، زه‌ربه‌يه‌كى توند بخۆين و هه‌ستێكى قووڵى نيهيڵيستى دامانبگرێت و نه‌توانين به‌هاى نوێ دابهێنين.
چوارچێوه‌كانى ڕاپه‌ڕين هێشتا ئاماده‌يه‌ و بۆ داهاتوويه‌كى تريش له‌پێشمانه‌وه‌يه‌. جگه‌ له‌وه‌ى بۆ ڕابردوويه‌كى دوورتر له‌ ڕاپه‌ڕينيش هه‌ر درێژده‌بێته‌وه‌: له‌خۆڕا نيه‌ له‌ مێژوونوسيى پاش‌ڕاپه‌ڕيندا، هه‌ڵمه‌تێكى پشكنينى مێژوويى ده‌ستپێده‌كات و زۆركه‌س به‌ ئه‌كاديمى و نائه‌كاديمييه‌وه‌ چه‌ند هه‌زارساڵێك ده‌گه‌ڕێنه‌ دواوه‌وه‌ و ده‌يانه‌وێت بيسه‌لمێنن كورد ميله‌تێكى سه‌ربه‌خۆيه‌ و به‌شێكه‌ له‌ شارستانيه‌ت و ته‌نانه‌ت لانكه‌ى شارستانيه‌تيش بووه‌.
 
  • 1