ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 راستەوخۆ لەدوای شۆڕشە پیرۆزەکەی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ لە کتێبخانەی بیری نوێ لە سلێمانی خەرێکی هاریکاری هاوڕێی بەرپرسی کتێبخانەکەبووم، هەندێ هاوڕێ لە دەورمانبوون، هێندەمزانی مەلایەک بەجلی کەواو سەڵتەو جامەدانییەکی سپی بەسەرەوە خۆیکرد بە ژووردا، کتیبخانەکە لەسەر شەقامی مەولەوی بوو، لەنزیک ئەو شەقامەی کەبەرەو مزگەوتی گەورە دەچێت ، هاتەپێشەوەو دەستی گوشێن و خۆی پێناساندین، ئیتر ئەو مەلا تێکۆشەرەمان ناسی کە لەدوورەوە ناویمان وەک تێکۆشەرێکی ناو جوتیاران و بەشدارێکی کاریگەری راپەڕینی جوتیارانی وارماواو هۆرێن و شێخان بیستبوو.

لەسەرەتادا لەدڵی خۆمدا گوتم ئەم مامۆستایە چی هێناویەتی بۆ ئێرە، بەڵام کە زانیم ئەمە مەلا ئەحمەدە کە شیوعیەکی چالاکەو لە گوندێکی ناوچەی وارماواو دەربەندیخانەوە هاتووەو، بۆ یەکەمجار بەدیداری شادبووم، زۆر دڵخۆشبووم بە ناسینی و بووینە هاوڕێ و برادەری یەکتر، ئیتر ساڵانێکی دوورودرێژ هاوخەباتبووین.

مەلا ئەحمەدی بانیخێڵانی لە چاوە گچکەو زیتەکانیدا زیرەکی و دڵسۆزی و وریایی و نەبەزین رەنگیاندەدایەوە، کاتێک حیزب داوای مۆڵەتی کاری ئاشکرای لە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم کردو بەپێی یاسا چەند ناوێک ئەو داوایەیان پێشکەشکرد ناوێکیان هاوڕێ ئەحمەدی بانیخێڵانی بوو.

ساڵی ١٩٦١ کەمن بوومە ئەندامی کۆمیتەی ناوخۆیی سلێمانی (مەحەلی) ئەو ئەندامی کۆمێتەکەبوو، هاوڕێیان رەئوفی حاجی قادر، ئەحمەد مەحموود حەلاق (کەمال) و ئەحمەد غەفور بەرەودوا بەرپرسبوون. ئینجا پاشان پێکەوە بووینە ئەندامی چەندان لیژنەی حیزبی وەک: لیژنەی تەنزیمی فەلاحی سلیمانی (لتفس) کە ئەو بەرپرسبوو، هاوڕێیان شێخ عەلی شێخ حسێن وعەلی باراوی وشێخ محێدین بەرزنجەیی و نووسەری ئەم بیرەوەرییانەو هاوڕێیەکیتر ئەندامیبوون، هەروا لە لیژنەی لقی کوردستان و، لیژنەی هەرێمی کوردستان و کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراق و لە زۆر شوین و پلەی حیزبییتردا پێکەوەو لەنزیکەوە خەباتمان کردووە، لەبەر ئەوەش ئەمانە باسدەکەم کە هاوڕێی نزیکبووین و هاتوچۆی خێزانیمان هەبووەو بەباشی شارەزایبووم کە هاوڕێیەکی دڵسۆزو پاک و چالاک و ئازاو نەترس و قوربانیدەرو هەمیشە ئامادەی ئەنجامدانی هەموو ئەرکێکی حیزبی بوو چەند پڕمەترسیش بووایە، لەخەباتی بێکۆڵدانیشیدا هاوسەرە بەڕێزەکەی، نەجمە خانم (دایکی سەرباز) باشترین هاوکارو یاریدەدەریبوو، میوانداری ئەو هەموو میوانانەی ماڵەوەو پەروەردە کردنی منداڵەکان و زۆرجار ئەنجامدانی پەیامنێریی حیزبی و لە زۆر ئەرکیتردا کارو تێکۆشانی هاوڕێی ئاساندەکرد.

هاوڕێ بانیخێڵانی لای زۆربەی هاوڕێیان و کۆمەڵانی خەڵک خۆشەویستبوو، بەڵام شتێکی ئاساییبوو کە بەزۆری دوژمنانی حیزب خۆشیان نەدەویست و کەسانێکی کەمیش هەبوون لەناو حیزبدا هەڵەکانیان لێ گەورەدەکرد، لەکاتێکدا کەسێک کارنەکات هەڵەش ناکات.! باوەڕی تەواوی بە بیروڕاو تێزەکانی مارکسیزم- لێنینیزم هەبوو، هەروا رەخنەو رەخنە لەخۆگرتنیشی بە باوەڕێکی گرنگ دەزانی بۆ پێشخستنی حیزب. لە شۆرشی ئەیلول و تا دوایی تێکۆشانی چەکداری گەلی کوردمان سەرکردەیەکی پێشمەرگە ئازاکانی حیزبی شیوعی عیراق و کوردستان بوو. سەربازی کوڕی لە٣١/٣/١٩٨٢ دا لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعیماندا لە شەڕێکی قارەمانانەدا بەدەستی تەحسین شاوەیسی سەرۆک جاشی تاوانکار شەهیدکرا، هەروا دایکی سەربازیش لە رووداوێکی داخداردا لەناوچەی ناوزەنگ شەهیدبوو.

بێگومان باسی ژیان و تێکۆشانی ئەم تێکۆشەرە گەورەیە بە چەندان وتار تەواو نابێت و چەند کتێبێکی پێویستەو خۆی کورتەیەکی لە بیرەوەرییەکانیدا باسکردووە.

هاوڕێ بانیخێڵانی لەساڵی ١٩٢٥دا لە گوندی فەقێجنەی قەزای دەربەندیخان لەدایکبووەو لە ٥/٤/ ٢٠١٣ دا کۆچی دوایی کرد و لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا لە گوندی بانیخێڵان بە خاک سپێردرا.

هەزار سڵاو لەیادی ئەم سەرکردە شیوعییەی هەتا مردن بە پاکی ئاڵای سووری تێکۆشانی بەرز راگرت..!

  • 1