ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕوونه‌ كه‌ حزبى سياسىه‌كان پێشبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ست هێنانى زۆرترين كورسى په‌رله‌مانى و وه‌رگرتنى زۆرترين پشك له‌ حكومه‌ت ئه‌گه‌ر نيازى چونه‌ ناو حكومه‌تيان هه‌بێت ، هه‌شه‌ ده‌بێته‌ ئۆپۆزسيۆن . هه‌يانه‌ حزبى مێژوويين به‌و مانايه‌ى كه‌  مێژووى دامه‌زراندنيان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغێكى دوور ، هه‌شه‌ دوورتر ، هه‌شيانه‌ له‌هه‌ردووكيان نزيكتر ، من ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ مێژووى دامه‌زراندنيان بۆ قۆناغێكى دوور ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌رده‌واميشن له‌ خه‌باتى سياسى و مه‌ده‌نى ‌ ئه‌گه‌ر بكرێت ناويان ده‌نێم ( حزبى مێژوويى ) ، به‌جۆرێك هه‌يانه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ مێژوو دروستى كردووه‌ ، ئه‌ويش ده‌ستى هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنى سه‌روه‌رى و شانازيه‌ مێژوويه‌كان بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ى  .به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ گرنگه‌ سه‌ره‌تا بۆ ژيانى ئه‌و حزبه‌ سياسيه‌ و دواتريش بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ، بريتيه‌ له‌ به‌رده‌وام بوون له‌ پێشبڕكي و داڕشتنى به‌رنامه‌يه‌كى تۆكمه‌ى جوان بۆ بردنه‌وه‌  كه‌ به‌سودى كۆمه‌ڵگه‌ ته‌واو ببێت . وه‌كو ئاماژه‌م پێدا حزبى سياسى هه‌ن مێژووى دامه‌زراندنيان دێرينه‌ و له‌ هه‌موو قۆناغه‌ مێژووييه‌كانيش هه‌ر به‌رده‌وامن له‌ خه‌باتى سياسى و قه‌باره‌شيان هه‌ر له‌ هه‌ڵكشان بووه‌ ‌ ، هه‌شيانه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ قه‌باره‌يان له‌ داكشان بووه‌ به‌ به‌راوورد به‌ و حزبه‌ تازانه‌ى كه‌ تازه‌تر دامه‌زراون و كه‌م ئه‌زموونتربونه‌ و دره‌نگتر هاتونه‌ته‌ گۆڕه‌پانى خه‌باتى سياسى . نمونه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م جۆره‌ حزبانه‌ له‌ جيهانى گه‌وره‌ و جيهانى عه‌ره‌بى و ئيسلاميش گه‌لێك زۆرن ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئاماژه‌يان پێ بده‌ين . وه‌ ده‌شكرێت له‌ ده‌زگا ئه‌كاديميه‌كان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ لێكۆڵينه‌وه‌ى ئه‌كاديمى ووردى له‌سه‌ر بكرێت و ئاماژه‌ به‌ ناوى حزبه‌كان  هۆكارو قۆناغه‌كانيش بكرێت . به‌ڵام من له‌م ووتاره‌دا و له‌م ده‌رفه‌ته‌ كورته‌دا هه‌ر به‌ شێوه‌يه‌كى خێرا ده‌پرژێمه‌ سه‌رى .خۆى له‌ خۆيدا حزبه‌ مێژويه‌كان پڕترن ،چونكه‌ پڕ ئه‌زموونن ، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وان مێژوو و داهاتوو به‌يه‌كه‌وه‌ گرێ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌وان حزبى مێژوويشن ، حزبى داهاتووش بن ، پێويسته‌ زوو زووكار له‌ سه‌ر خۆ نوێ كردنه‌وه‌ و نوێ بوونه‌ بكه‌ن و سه‌روه‌ريه‌كانى ڕابڕدوو گرێ بده‌ن به‌ دونيا بيني و داهاتوو بينى و نوێ بينى . چونكه‌ مێژوو تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ پيرۆزه‌ كه‌ ڕووناكيه‌ك بێت بۆ داهاتووش ، ده نا ئه‌گه‌ر ته‌نها مێژوو خۆشه‌ويست بێت و داهاتووش گرنگى پێ نه‌درێت ، دابڕانێكى مێژوويى ڕووده‌دات و شانازيه‌كان له‌ڕووى قه‌باره‌وه‌ به‌رده‌واميان نابێت ، نه‌وه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى حزبى سياسى ، بگره‌ له‌سه‌ر ئاستى ده‌وڵه‌تانيش ، نمونه‌ دوێنێى يۆنان و ميسر و كوردى ماديش ، ئێستاى ئه‌م سێ ميلله‌ته‌ . بۆيه‌ پێويسته‌ هه‌ميشه‌ ڕابردوو به‌ داهاتوو گرێ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى شانازيه‌كان به‌رده‌وام بن . جگه‌ له‌وه‌ش پێويسته‌ حزبى سياسى مێژوويى عه‌يبى تێدا نيه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ده‌ستكارى ئه‌و فه‌لسه‌فه‌يه ش‌ بكات كه‌ له‌سه‌رى دامه‌زراوه‌ تا ده‌گاته‌ گۆڕانگارى كردن   له هه‌ندێ ‌به‌ر نامه‌ و په‌يڕه‌و پڕۆگرامى ناو خۆى خۆى بۆ ئه‌وه‌ى له‌ قاڵبێكى سه‌رده‌ميانه‌ خه‌بات بكات  ، جگه‌ له‌و پڕه‌نسيپ و ئه‌ركه‌ ‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌ نه‌گۆڕانه‌ى كه‌ هه‌ميشه‌ به‌ پيرۆزى ده‌مێننه‌وه‌ و نابێت به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ده‌ستكارى بكرێن .  ئه‌و حزبه‌ مێژوويانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ ئه‌زموون ، بۆيه‌ پێويسته‌ سود له‌و ئه‌زموونانه‌ وه‌ربگرن  و هه‌روه‌ك چۆن له‌ دوێنێدا كاره‌كته‌رى نه‌خشاندنى مێژوو بوون ، به‌هه‌مان شێوه داهاتووش پڕ بكه‌ن له‌ سه‌روه‌رى و شانازى و فه‌راهه‌مكردمى ژيانێكى خۆش و ئاسوده‌ بۆ گه‌له‌كه‌يان .

 

 

 

  • 1