ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە دەفتەری یادگاردا

دوای شۆڕشەکەی ١٤ی تەمزی ١٩٥٨بەماوەیەک، گەنجێکی باڵا بەرزم دەدی، لە چالاکیە حیزبیەکاندا، چالاکانە بەشداری دەکرد، ئەم مرۆڤە باڵابەرزەم لە دوکانەکەی حاجی عەلی بەگ و شەریکەکانی لە نزیک بازاڕەکەی شارەوانیی سلێمانی دیبوو، کە لەوێ بە مانگانەیەکی کەم نووسەر، یان حیسابگریانبوو.. پاشان لە کۆمیتەیەکی تایبەتیی حیزبیدا کە بۆ کاروباری جوتیاران پێکهێندرابوو، هەردووکمان بووینە ئەندام، وادێتەوە یادم کە پێش چەند رۆژێک لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەکەدا، ئەو تێکۆشەرە باڵابەرزە لاوازەم ناسی کە شێخ عەلی شێخ حسین بەرزنجەیی بوو...

ئیتر لەوکاتەوە بووینە هاوڕێ و برادەری دڵسۆزی یەکتر..هاوڕێیەکی چالاک، نەترس، خاوەن بڕوا، راستگۆورەوشتبەرز، دووربین و وریابوو. چەند جارێک لە زمانی خۆیم دەبیست، کە هەرچەندە کوڕی خێزانێکی رەوشتبەرزو ئاینپەروەر بوو، دەیگوت "من لە زۆر لایەنی رەوشت و پێگەیشتن و پەروەردەوە، قەرزاری حیزبم، چونکە کاتێک لە هەڵەبجە نووسەر یان حیسابگری بەگبووم، زۆر شتم دەکرد..(خۆی شتەکانی ناودەبرد..) بەڵام پاشان کە هاتمە سەر رێگای تێکۆشان لە ریزەکانی حیزبدا دەستبەرداری هەمو ئەو شتانەبووم...هتد" ئەوکاتە مانای ژیانی راستەقینەم زانی کە تێگەیشتم نهێنیەکانی تێکۆشان کامانەن، هەروا تێگەیشتم نهێنیەکانی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە کامانەن.. خۆ ئەو کاتەی بە چاودێری کرێکاران لەسەر رێگای سلێمانی- ماوەت، بۆ ماوەیەک دامەزرام وکارمکرد،چاکتر لە چەوسانەوەی کرێکارو جوتیار تێگەیشتم..."

پاش ماوەیەکی کورت زانیم کە هاوڕێ شێخ عەلی ئەندامی کۆمیتەی لیوای سلێمانیی حیزبی شیوعی عێراقە، کە ئەوکات بەرەودوا هاوڕێ رەئوفی حاجی قادرو ئەحمەد مەحمودی دەلاک بەرپرسی بوون..دوای ئەوەی لە ساڵی١٩٥٩دا، بە مامۆستای سەرەتایی لە قوتابخانەی چوارتای کوڕان دامەزرام و یارمەتیدەری بەرپرسی کۆمیتەی قەزای شارباژێڕبووم، کەئەودەم هاوڕێ کەریم چنگنیانی بوو بۆم دەرکەوت کەهاوڕێ شێخ عەلی سەرپەرشتیمان دەکات.

لەگەڵ سەرەتای تێوەرگەڕانەوەی قاسمدا، کە کۆنەپەرستان سەریان بەرزکردەوەو لەدیموکراسی درا، یەکێک لەو هاوڕێیانەی زوو بەزوو خۆیان شاردەوەو کەوتنە خەباتی نهێنی، هاوڕێ شێخ عەلی بوو.

لە ماڵی هاوڕێ شێخ عەلیدا، چەند جارێک کۆبوونەوەمان کرد، هەر زوو دایکە جگەر سۆزەکەی و باوکە بەڕێزەکەی و خۆشک و برا تێکۆشەرەکانیمان ناسی...کە دەچووینە ئەو ماڵە، وامان هەست دەکرد لەماڵی خۆمانداین، یان لە بارەگایەکی پچووکی حیزبدا.. هەستماندەکرد کە لەماڵەوە گەورەو پچووک رێزی هاوڕێ شێخ عەلی دەگرن...

زۆر گوێمان بۆ قسەخۆشەکانی دایکی، رەخنە تیژەکانی دایکی و راوێژە بەتامەکانی رادەگرت کە ئافرەتێکی سادەی نەخوێندەواربوو، بە هەموو مانای وشە سیمای ئافرەتێکی ئاسایی کوردەواریی قوڵایی گوندەکانی کوردستانی تێدا دەردەکەوت کە جوانترین نەریتی کوردەواری و میوانداری و دڵسۆزی لای ئەوان پارێزراوە، ئاخ بۆ ئەو رۆژانە، ئەوەی رۆیشت ناگەڕێتەوەو، وەک پێشینانی کورد دەڵێن.. زۆر جار لەو ماڵەی باوکی شێخ عەلیدا، لەنزیک چوخمەکەی سابوونکەران هاوڕێ شێخ بە شێوەیەکی تایبەتی، چوارمشقی لەسەر زەوی دادەنیشت و قاچی دەخستە سەر قاچ و، ئێمەش، هاوڕێیان و دایکی و هەندێ لە ئەندامانی خێزانەکەی بە دەوریدا، هەندێ لەسەر کورسی و هەندێکی تریشمان لەسەر زەوی دادەنیشتین، لە ناکاو قاقای پێکەنینی شێخ سەرنجی هەموومانی رادەکێشا، بەتایبەتی لە گەرمەی قسەخۆشەکانی دایکیدا...

زۆرجار لە ماڵە حیزبیەکەیدا، لە نزیک مەزارەکەی پیرمەسوور"پیرمەنصور" هەر لە سلێمانی، دووقۆڵی چەند سەعات پێکەوە دادەنیشتین، هێندەیتر کەسایەتیی ئەو شیوعییە دڵسۆزەم لە نزیکەوە دەناسی..

هاوڕێ شێخ عەلی ئەگەرچی وەک زۆر لە تێکۆشەران بەهۆی باری خیزانی و، زیاتریش بەهۆی تێکۆشان و خۆشاردنەوەو راونانەوە بۆی نەگونجابوو، پلە بەرزەکانی خوێندن تەواوبکات، بەڵام زۆر حەزی لە خوێندنەوە دەکردو، تا رادەیەکی باش خۆی پێگەیاندبوو، قسەی خۆشبوو، حەزی لە "نوکتە" و"گاڵتەو گەپ" دەکرد، بەتایبەتی کەیفێکی زۆری بە قسەخۆشەکان و"گاڵتەجاڕی " یەکانی هاوڕێی نەمر عوسمان دانش دەهات کە هەندێکیان خۆڕسک و ئاساییبوون.

جارێکیان لەماڵی هاوڕێ (دانش) دانیشتبووین، هاوڕێ شێخ عەلی گوتی: هاوڕێ جەلال با گرەو بکەین: تۆ دەڵێی هاوڕێ عوسمان چەند جووت گۆرەوی لەپێدایە؟ کات پایزبوو..گوتم: دووجووت.! گوتی: نەخێر زیاتر!، هاوڕێ عوسمان بزەیەک گرتی و گوتی: هەر یەک جووت! هاوڕێ شێخ عەلی گوتی دەیژمێرین..کاتێک لەناو پێکەنینی هاوڕێ عوسمان و هەمووماندا ژماردی دەرکەوت کە سێ جووت گۆرەوی بەسەر یەکدا لەپێ کردووە..جارێکیتر هەموو دەستمانکرد بە پێکەنین و هاوڕێ شێخ گرەوەکەی بردەوە..

هاوڕێ شێخ عەلی لەخەباتی نهێنیدا چاونەترس وئازابوو، خاوەنی دەستپێشخەری بوو، حەزی لە خۆدەرخستن نەدەکردو بەچاکی رێوشوێن و نەریتەکانی کاری نهێنیی حیزبی پەیڕەودەکرد.. لەناو جەماوەری هاوڕێیانداو، لەناو خەڵکیشدا خۆشەویستبوو. لە کاتێکدا پیاوخراپ و هەرزەو چەقۆ وەشێنەکانی سلێمانی، لەسەروبەندی شاڵاوی کۆنەپەرستیداو، لەکاتی دەستەڵاتداریی تەنیا کەسی و دیکتاتۆرانەی قاسمدا، کەوتنە کوشتن و لێدانی شیوعیەکان و، هاوڕێی کرێکار حسێن فەرەج شەهیدکراو هەوڵی کوشتنی هاوڕێ ئەحمەد غەفوورو نووسەری ئەم چەند دێڕەو کەسانیتر درا، هاوڕێ شێخ عەلی وەک شیوعیەکی چاونەترس و ئازا رەفتاری دەکرد... رۆژێکیان لەو رۆژانەی کۆتایی ١٩٦١دا، لە نامەخانەی (ئازادی) پێکەوە لەگەڵ مامۆستای شاعیر محەمەد رەسووڵ (هاوار) خاوەنی نامەخانەکە راوەستابووین قسەمان دەکرد، هاوڕێیەکی لێدراو خۆی کرد بە ژوورداو شڵەژانی پێوەدیاربوو، وتی ئێستا تاقمەکەی فڵان و فڵان لەسەر شەقامی کاوە لێیاندام.. هاوڕێ شێخ عەلی گوتی ئەی تۆ چتکرد؟! هاوڕێیەکە گوتی دەستم نەکردەوەو پێمگوتن "سوپاس"! ئیتر وازیان لێهێنام..!

هاوڕێ شێخ عەلی زۆری پێناخۆشبوو، بە پێکەنینێکی گاڵتەجاڕییەوە چەپۆکێکی تێسرەواندو گوتی: "عەمرت نەمێنێ..داوەشێیت، خۆکەڵەشێریش بوویتایە باڵێک و دوو شەقت هەر دەوەشاند..!" هاوڕێیەکە بە شەرمەزارییەوە دەرچوو.

لە ساڵی ١٩٦٢دابوو، کە سەرکردایەتی حیزب بڕیاری گواستنەوەی سێ کەسی دا، لە سلێمانییەوە بۆ کەرکوک، بۆئەوەی لەوێ خەبات بکەن..

ئەو سێ هاوڕێیەش (ئەحمەد بانیخێڵانی و ئەحمەد غەفوور ئەندامانی مەکتەبی لیژنەی لقی کوردستان و شێخ عەلی بەرزنجەیی) کادیری پێشکەوتووی حیزب بوون، بەداخەوە دوای ماوەیەک ئاشکرابوون و لەلایەن جەللادەکانی دارو دەستەی ئەمنی رێژیمەوە هەرسێکیان گیران و بۆ تەوقیفخانە بەدناوەکەی کەرکوک بران.. ئەوەی زانیمان، هەرسێکیان، سەرەڕای ئازاردان و هەڵواسین هیچ نهێنیەکی حیزبیان نەدرکاندبوو، هەر بە ڕێکەوت لە مردن دەربازبوون، چونکە کودەتا شوومەکەی شوباتی ١٩٦٣ بە دوایدا رووی دا، کە ئەگەر هەموویان تائەوکاتە بمانایەو بناسرابانایە ئەوا دەرچوونیان مەحاڵبوو..

ئەوەی لە زاری هاورێیان ئەحمەد غەفوورو ئەحمەد بانیخێڵانیەوە بیستوومە، ئەوەبوو کە هاوڕێ شێخ عەلی لەم جارەشدا خۆڕاگرانەو ئازایانە هەڵوێستی شیوعییانەی گرتۆتەبەرو سەربەرزانە دەربازبووە.

لە ئەیلولی ١٩٦٢دا، بە ئەرکێکی حیزبی نێردرامە دەرەوەی وڵات.. ئیتر لە نزیکەوە لەهاوڕێ شێخ عەلی پچڕام و کاتێکیش هەر لەدەرەوەی وڵات یەکێک بووم لە کارمەندانی رادیۆی نهێنیی(دەنگی گەلی عێراق) دووجار نامەی هاوڕێ شێخ عەلیم پێگەیشت کە زۆری پێ باشبوو ئێستگەکە بەعەرەبی وکوردی وتاربڵاودەکاتەوەو رێژیمی کودەتاگێڕانی فاشیستی(٨)ی شوبات ریسوا دەکات..

بە درێژایی ئەو ساڵانەی کەمن لە ماڵ دووربووم، هاوڕێ شێخ عەلی وەک هاوڕێیەکی بەسۆز سەردانی دایکم و باوکمی کردووەو دڵێداونەتەوەو، ئەمەشم لە خۆیان بیستووە کە لە ریزی پێشەوەی ئەو هاوڕێیاندا کە سەردانی ماڵەوەیان کردووە هاوڕێیان ئەحمەد مەحموودی دەلاک و شێخ عەلی بەرزنجەیی بوون.

شایانی باسە ئەم لایەنە کۆمەڵایەتییە بۆ تێکۆشەران بایەخێکی گەورەی هەیە، کە بەپێی تواناو گونجان لەگەڵ کاری نهێنیدا، هاوڕێیان، کەسوکارو خێزانی تێکۆشەران فەرامۆش نەکەن و سەردانیان بکەن.

کاتێک لەسەر داوای سەرکردایەتی حیزب و بەپێی ئامادەیی خۆم، لە ساڵی ١٩٦٧دا، بەنهێنی گەڕامەوە بۆ بەغدا، سێ رۆژبوو کەرتکارانی سەربە عەزیزی حاجی عەلی حەیدەر، لەحیزب جیاببوونەوە.

دوای گەیشتنەوە سلێمانی و دەستبەکاربوون دژی کەرتکاران و بۆهێنانەوەی هاوڕێیان و رێکخراوەکان بۆ ریزی حیزب، نامەیەکم لە هاوڕێ شێخ عەلییەوە پێگەیشت کە ئەوکاتە لە مۆسکۆ، لە پەیمانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەیخوێند.. بەپێویستی دەزانم تەواوی نامەکەی لێرەدا بنووسمەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوەی کە هەڵوێستی لە کەرتکارانی تاقمی عەزیزی حاجی عەلی دەرکەوێت، دژی هەندێ پڕۆپاگاندەی ناڕەواکە دەیانگووت گوایەمەیل و خولیای بەلای ئەواندا بووە. ئەمە تەواوی نامەکەیە کە تائێستا لەلام پارێزراوە..

"برای زۆر بەڕێز کاک حیکمەت(١)" 

" لە ناخی دەروونەوە هەواڵت دەپرسم، دەستەکانت بەتوندی گەرم دەگوشم، چەند پەرۆشی هەواڵت بووم، جارجار ئەچوومە لای دایکت و باوکت باسیان دەکردیت و باسی نامەیان دەکردیت شاد ئەبووم... تکایە زوو زوو نامەم بۆ بنووسە.. من زۆر سەرسوڕماوم کە ماڵەوە نامەی منیان پێناگات. من لەورووەوە کەمتەرخەمی ناکەم.. هەردەم نامەیان بۆ دەنووسم.. تکایە دەستی باوکت و دایکت ماچکەو سڵاوی گەرمم بگەیەنە بە خوشکەکانت و کاکت.. ئەگەر کاکت ئەمساڵ هەوڵ بدات بۆ دیراسە لێرە.. مومکینە بۆی رێکبکەوێت چونکە میلاکی ٣٠ قوتابی هەیە بەڵام دەبێ لە داخڵەوە جێبەجێیکات.هەرشتێک عائیدی ئێمەبێت لێرە توانای بۆ بەکاردێنین.. 

تکایە سەر لە ماڵی ئێمە بدە... جارجار بەگوێرەی توانات.. سڵاو بگەیەنە بە ماڵی بابە گەورە.. من زۆر قەلەقم لە بارەیانەوە.. بەدووری نازانم لەم زستانەدا هێندێ کەسانی خۆی زۆربڵێ و ترسنۆک و خوێڕی هێرش ببەنە سەر ماڵی بابە گەورەم لە سلێمانی.. بەڵام نازانم توانایان چەندە.. تکایە کەمتەرخەمی مەکەن لە تێهەڵدانیان و، بەدناوکردنیان، چاوەڕوانم ماڵی بابە گەورەم بە هیممەتتان لەم زستانەدا، نەجاتیانبێت لە ناخۆشی و دەروبەڵاو برسێتی و سەرمای زستان.

خۆشیت هەرگیز ئاواتمە. برات: هاشم خالید(٢)

٣٠/١٢/ ١٩٦٧

برای بەڕێز دکتۆر، نهائیا لەمۆسکۆنییەو نەمن ونەهیچ برایەکم ئەیناسن داخەکەم ببورە."

هەر لە سەرەتای شەستەکاندا.. لەسەرەتای تێوەرگەڕانەوەی رێژیمی قاسمدا کە دیکتاتۆریی تاکە کەسیی دەستپێکرد. هەردوکمان لەسەر بڕیاری حیزب چووین بۆ سەرپەرشتیی رێکخراوەکانی حیزب لە ناوچەی قەرداغ کە تا ماوەیەکی درێژ ناوچەیەکی سەربە حیزب بوو..

لە گوندێکی نزیک قەرەداغ خۆمانکرد بەماڵی بەرپرسی ئەو کاتەی ریکخراوی حزبدا لە ناوچەکە.. هاوڕێکەمان لەماڵ نەبوو..خیزانەکەی بە هەزارحاڵ فەرموی لێکردین و ئێمەی ناسی.. چوینە ژوورەوە.. دانیشتین پێش ئەوەی چۆڕە ئاو، یان چایەکمان بۆ بێنێ.. گوێمان لێبوو لەبەر هەیوانەکەدا چەپۆکێکی سرەواندە یەک لە منداڵە گچکەکانی و گوتی: "دەی باوکتان بەکوشت چێ..!!" 

هاوڕێ شێخ عەلی و من زۆرمان پێ ناخۆشبوو، وامان دانا کە لەگەڵ ئێمەی بێ..هاوڕێ شێخ گوتی: " هاوڕێ جەلال ئەم هاوڕێیە خاوەنی ئەم ژنەبێت.. تا سەر بە شیوعی نابێ.. چونکە ئافرەت دەورێکی سەرەکی هەیە لە پێگەیاندنی تێکۆشەری چاکدا..هتد"

دوای گەڕانەوەمان بە ماوەیەکی کورت نامەی هاورێی باسکراو گەیشتەلامان کە واز لە تێکۆشان لەڕیزی حیزبدا دێنێ و خۆی بە دۆستێکی دڵسۆزدەزانێ! ئەمە بەڵگەیەکی زیندووە کە پێشبینیەکەی هاوڕێ شێخ عەلی راست و دروستبوو..

هەر ئەو جارە لە کۆبوونەوەیەک بووینەوە لەگەڵ جوتیاراندا..بەئامادەبوونی هاوڕێی نەمر حەمە سەعیدی لالە، کە هاوڕێ شێخ عەلی لەو کۆبوونەوەیەدا قسەی دەکرد، دوای کۆبوونەوەکە هاورێ حەمە سەعیدی لالەو چەند جوتیارێک داوایان کرد بەتەنیا لەگەڵیان دابنیشم.. دوای پرسی هاوڕێ شێخ لەگەڵیان کۆبوومەوە. تەنیا چوارکەس بوون.. گوتیان ئێمە رێبازی حیزبمان پێ باشە کە هاوڕێ شێخ عەلی بەدرێژی باسیکرد.. بەڵام ئەفسەرێکی پۆلیس بۆ ناوچەکەمان هاتووە کە تازە گوێزراوەتەوە، زۆر دوژمنی شیوعیەتەو زۆر ئازارماندەدا. ئەمە چۆن چاردەکرێ..؟!

هەموو گوتیان "بیکوژین..!" ئێمە خۆمان ئامادەین ئەگەر حیزب رێگامان بدا.. دوای هەندێ گفتوگۆ کە ئەم کارە زۆر نهێنیبێ.. گوتم: پاشان وەڵامتان دەدەمەوە! گوتیان هەر لەم رۆژانەدا پێش گەڕانەوەتان بۆ سلێمانی وەڵاممان دەوێ!

لەگەڵ هاوڕێ شێخ عەلی باسمکرد.. گوتی: " باشە پێیان بڵێ با ماڵی کابرا، لەکاتێکدا خۆی لە ماڵ بێ.. بدەنە بەر گولە بەمەرجێک نەخۆی و نە کەسوکارو منداڵی نەکوژرێن.. تەنیا بۆ چاو ترساندنی.." ئەمەمان کردە بڕیار.

کاتێک بە جوتیارەکانم ڕاگەیاند.. زۆریان پێخۆشبوو.. گوتیان "هەرباشە!".

شەوێک بە چاکی بڕیارەکەیان بەجێگەیاندبوو، بێ ئەوەی کەس پێ بزانێ کێبوون. دوای چەند رۆژێک لە رووداوەکە نامەیەک گەیشتە حیزب کە فەرمانبەرێک نووسیبووی: " شەوی دوای رووداوەکە ئەفسەرەکەی پۆلیس لەیانەی فەرمانبەران زۆرتوورەبووەو گوتوویە تەنیا شیوعیەکان مرۆڤی باشن.. چەند دوژمنایەتیم کردن و خراپەم بەرامبەریانکرد هێچیان بەرانبەرم نەکرد!.. بەڵام فڵانەحیزب تەنیا دووجار جوێنم بە سەرۆکەکەیان دا ویستیان بمکوژن..بۆیە تاماوم دوژمنیانم..!" هاوڕێ شێخ عەلی کە نامەکەی خوێندەوە قاقا دایە پێکەنین.

هاوڕێ شێخ عەلی- وەک دێتەوە یادم- لە ١٩٦٨دا گەڕایەوە کوردستان. بارەگای مەکتەبی هەرێمی کوردستانی حیزب لە گوندی داربەسەری خۆرئاوای کۆیەبوو. رۆژێک هاوڕێ شێخ لەداربەسەر پەیدابوو، هاتنەوەی وقسەخۆشەکانی و باسی دەرەوەی بووە مایەی دڵخۆشی هەموو هاوڕێیان لە بارەگاکەدا، دیاربوو کە ژیانی رەبەندیی دەرەوەی و دنیادیتنی گەیاندبوویانە ئەو باوەڕەی دەبێ بە زووترین کات هاوسەرێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە.. پاشان بە یارمەتیی هاوڕێ (عەلی مەولودی داربەسەر) لەکۆیە هاوسەری خواست.."

لەیەکەم کۆنگرەی رێکخراوی هەرێمی کوردستاندا کە ئایاری ١٩٦٩ لەگوندی دەرگەڵە پێکهات، هاوڕێ شێخ کە لە ١٩٦٤ەوە ئەندامی لیژنەی لقی کوردستان بوو بۆ ئەندامێتی کۆمیتەی هەرێمی کوردستانی حیزب هەڵبژێردرایەوە، لەم کۆنگرەیەدا دەورێکی کاریگەری گێڕا.. هەر دوای ماوەیەک لە ئەیلولی ١٩٧٠دا دووەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعی عێراق لە بناری چیای کاروخ لە نزیک گوندی دەرگەڵە پێکهات و هەردوکمان نوێنەری کۆنگرەبووین، هاوڕێ شێخ عەلی لەم کۆنگرەیەدا بەزۆربەی ٧٦دەنگ لەکۆی ١٠٢دەنگ بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا. لە رۆژانی کۆنگرەدا لە ٢٨ی ئاب تا٤ی ئەیلول بەشدارییەکی باشی کاروباری کۆنگرەی کردو، بە قسەی خۆش بەشێکی زۆری ئەندامانی کۆنگرەی دڵخۆش کردبوو. لای من و چەند نوێنەرێک بارێکی سەرنجی سەلبی دەربارەی ماجد عەبدوڕەزا دەربڕی کە دوای چەندان ساڵ ئەو سەرنجەی هاتەدی" هاورێ شێخ لە دەستنیشانکردنی هاوڕێیاندا توانایەی باشی هەبوو بۆدیاریکردنی هاوڕێیانی چاک وهاوڕێیانی وا کەلە ئاستی پێویستدا نەبن".

دوای کۆنگرە هەردووکمان، لە شاری کەرکوک، لەکۆڕی خەباتی نهێنیدا یەکمان گرتەوە، هەردووکمان لەگەڵ هاوسەرەکانمان، هەر خێزانەی لەماڵێکی نهێنیی حزبیدا دەژیاین.. بەماڵی یەکترمان دەزانی. من و هاوسەرەکەم بەبۆنەی لە دایکبوونی (بینایی)یەوە، لەماڵی خۆیان سەردانمان کردن. لەوپەڕی خۆشی و بەختیاریدا لەگەڵ هاوسەرەکەی، لەماڵێکی یەکجار سادەدا دەژیان، لە حەوشەکەدا چەند رۆژێک کەروێشکێکیان راگرتبوو، زۆر دڵی بە (بینایی)خۆشبوو. خۆیشی ئەو ناوەی بۆ هەڵبژاردبوو، زۆری لا پەسندبوو.

لەهاوینی ١٩٧١دا، حیزب ئەرکێکی نهێنیی پێ سپاردین کە هەندێ کەلوپەل لە شار دەرکەین بەرەوچیا، لەکاتێکدا هەندێ شت وەک(رۆنیۆیەک) پێشتر بە نهێنی لە دەرگەڵەوە گەیەندرابووە کەرکوک. پێش ئەوەی بەهۆی گرتنی دەستەیەک لە هاوڕێیانی پێشکەوتووی حیزب لە بەغدا کە یەک لەوان هاوڕێ(هەژار)بوو، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پێشتر ئەندامی مەکتەبی هەرێمی کوردستان بوو، بە زۆربەی نهێنیەکانمانی لە کەرکوکدا دەزانی و، لەسەر ڕێوشوێنی کاری حیزبی نهێنی دەبوو زۆرشت، ماڵ و جێگاو کەلوپەل ئاڵوگۆڕبکەین. بەسەرکەوتوویی ئەوە ئەنجامدراو، لەمەداهاوڕێ شێخ دەورێکی کاریگەرو نەترسانەی گێڕا..

بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە نوێیەی پێمانسپێردرا لەگەڵ هاوڕێ شێخ عەلی چەند جارێک گفتوگۆمانکرد.

من لەلای خۆمەوە وام پێباشبوو کە ئەو کاتە گونجاو نییە بۆ گواستنەوە. سێ پێشنیازم خستەروو: یەکەم: گواستنەوەی شتەکان بۆژوورێک کە بەکرێی بگرین، ژوورەکە دەستنیشانکرابوو، کرێی چەندان مانگ پێشەکی بدەینە خاوەن ماڵ و لەگەڵ هەندێ شڕەی ناوماڵ شتەکان لەوێ دابنێین گوایە دوای چەند مانگێک بە مامۆستایی دەگوێزرێینەوەو یەکێکمان دێینە ناوی. ئەو کات، پاش چەند مانگیتر بەشێنەیی کەلوپەلەکان دەگوێزینەوە. خاوەن ماڵ نە ئێمە دەناسێ و نەبە شتەکانیش دەزانێ.

دووەم: ماڵی ئەفسەرێکی سەربەحیزبی رێژیم هەیە کە لە سەربان ژوورێکی چۆڵیان هەیە. بەڕێگای ناسیاوی و دۆستایەتی دەتوانین شتەکان لەناو چەند کارتۆنێکدا لەوێ بپارێزین تارۆژی گواستنەوەوهیچ کەس گومان لەو ماڵە ناکات.

سێیەم: جارێ شتەکان هەر لە جێگای خۆیان بمێننەوەو پاشان بە وڵاخ، یان بە ئۆتومبیلی دۆستێک بەڕێگای نهێنیدا بۆ دەرەوەی شاری ببەین و بە پتر لە جارێک جێبەجێی بکەین. 

وادیاربوو پێشنیاری یەکەم لای هاوڕێ لەوانیتر پەسندتربوو بەڵام پێدەچووکە خۆی لەگەڵ هەندێ لە هاوڕێیانیتر هەنگاوی نابێ، بەڵام من لێی بێ ئاگابووم نەبەدرێژی دەمزانی لەگەڵ کێ و چی کردووە، نەبە تەواوی دەمزانی شتەکان هەموویان چین؟... وای بۆ دەچووم کە رۆنیۆو تایپ و چەند پارچە چەکێکبن لەگەڵ یەک ئۆفسێت، لە ئەنجامی گفتوگۆدا هاوڕێ شێخ عەلی گوتی: " هاوڕێ جەلال تۆ خێزانەکەت کە دووگیانەو منداڵبوونی نزیک بۆتەوە بیبەرەوە سلێمانی و کە هاتیتەوە دیسان قسەی لێدەکەین.. کۆتایی مانگی حوزەیرانبوو، وادێتەو یادم ٢٩/٦ بوو،هاوسەرەکەم گەیاندە سلێمانی و دوای سێ رۆژ گەڕامەوە کەرکوک، بەڵێنم لەگەڵ هاوڕێ شێخ عەلی هەبوو کە رۆژی شەمەی رێکەوتی ٦/٧/١٩٧١ لە مەڵی خۆمان لە سەعات ٩تا١٠ی بەیانی چاوەڕوانی بکەم. ئەگەر ماڵەکە پێش ئەو کاتە تووشی مەترسی بوو ئەوا نیشانێکمان دیاریکردبوو کە لە دوورەوە پێدەزانێ ونزیکی ماڵەکە ناکەوێتەوە. ئەگەر ئاسایی بوو، نیشانەکە لەجێی خۆی بوو ئەوا دێتە ماڵ.. لە بەیانییەوە لەماڵ دەرنەچووم و چاوەروانم کرد، تا سەعات دە دیارنەبوو، زۆر نیگەرانبووم کەدەبێ شتێک قەومابێ، تا دوو سەعات دوای کاتی بەڵێن، واتە تا سەعات دوانزەی نیوەڕۆ چاوەڕوانمکرد، دیارنەبوو، زۆر دڵگرانبووم کەدەبی شتێک رووی دابێ.

لە ماڵ هاتمەدەرێ بەرەو شوێنێکی دیاریکراو، کە هاورێیەک ببینم.. بەڵام لەرێگا بەرێکەوت هاوڕێیەکی دوکاندارم دی کە لەگەڵ هاوڕێ شێخ عەلی دەمانناسی و جێگای ناردن و وەرگرتنی پۆستەی حیزبی(مەحەتە) دوکانەکەی ئەوبوو. کە هەواڵ و دەنگوباسم لێپرسی، گوتی: دەڵێن دوێنێ، رۆژی هەینی لەڕێی رەحیماوا دووسێ هاوڕێمان گیراون یەکێک لەوان کابرایەکی باڵابەرزبووە!.

زۆرم پرسیار لێکردو جوڵاندم، لەوە زیاتر شتێکم نەزانی، بەڵام تا رادەیەکی زۆر گەیشتمە ئەوە کە ئەو باڵابەرزە هەردەبێ هاوڕێ شێخ عەلی بێ..لای ئەو هاوڕێیە ناوێکی نهێنی هەبوو.. گوتم فڵان نەهاتووە بۆ لات؟ لەوەڵامدا گوتی نە‌و..تۆبڵێی ئەوبێ گیرابێ؟! گوتم کێ لە دوکانە؟.. گوتی: خێزانەکەم..! ئیتر رامسپارد کە "نەچێتەوە دوکان و نەشچێتەوە ماڵ، یەکەوڕاست بڕوات بۆ کۆیەو لەوێشەوە بۆ گوندی سەروچاوە، لەوێ لە بارەگای پێشمەرگەکان، لای هاوڕێ ملازم ئەحمەدو ئەوان چاوەڕوان بکات تا خۆم وەڵامی بۆ دەنێرم.." زۆریشم دووپات کردەوە کە ئەگەرچی من بەرپرسی حیزبیی ئەونیم، بەڵام دەبێ لەپێناو سەلامەتی خۆی و حیزبدا ئەو ئامۆژگارییەم پەیڕەو بکات.. ئیتر بەڵێنی داو لێکجودابووینەوە.

گەڕامەوە ماڵەوە، کۆمەڵێک شت هەبوو، لەگەڵ هەندێ بەڵگەنامە، هەموویم کۆکردەوەو پێچامنەوەولەگەڵ نوێن و کەلوپەلیتردا ئامادەی گواستنەوەمکردن و بە خێرایی چوومە گەڕاجی کۆیە لە کەرکوک و ئۆتومبیلێکی جێبی گەورە کە یەک نەفەری مابوو گرتم بەکرێ لەگەڵ سەرەوەی جێبەکە، کە دەتوانرا هەموو شتەکانی لەسەر باربکرێن. زەمیلەیەکیش سەوزەم کڕی و هەندێ پێچراوەم تێدا شاردەوەو ئۆتومبیلەکەم برد هەموو شتەکانمان بارکردو یەکسەر بەرەو کۆیە کەوتینەڕێ، لەڕێگا تەنیا لە ناسنامەیان پرسی، بەڵام دایان نەگرتن و تەماشای ناویان نەکردو بە سەلامەتی گەیشتینە کۆیەو شتەکانم جێبەجێکردو خۆیشم چومە ماڵی بەرپرسی رێکخراوی حیزب لە کۆیە هاوڕێ (حەسەن کاکە) و ئەوانیشم ئاگادارکردەوەو ئەویش منی لەگەیشتن و رۆیشتنی هاوڕێی دوکاندار بۆ سەروچاوە ئاگادارکرد، بۆ رۆژی دوایی بەپێ بۆ گوندی داربەسەر کە چوار سەعات لە کۆیەوە دوورە چووم و لەوێ هاوڕێیانم ئاگادارکرد کە دوور نییە هاوڕێ شێخ گیرابێ. وادیاربوو هاوڕی عومەرعەلی شێخ کە لەوێ بوو شتێکی لەڕێی هەولێرەوە لە گرتنەکە دەزانی و بەڵام دڵنیا نەبوو، پاشان هەواڵی تەواو گەیشت کە چەند هاوڕێیەک و هاوڕێ شێخ عەلی و شتەکان گیراون. 

وا دەرکەوت کە دوای رۆیشتنی من بۆ سلێمانی هاوڕێ شێخ عەلی چەند هاوڕێیەکی بۆ کاری گواستنەوەکە خستۆتەکار، لەگەڵ پیکابێک کە ناردوویە لە هەولێرەوە هێناویانەو رابەرێکی بەکارهێناوە کە ماڵێان لە رەحیماوابووەو لەوەو پێش پەیامبەری حیزب بووەو ئاشکرابووەو لەلایەن حیزبەوە لەکار وەستێنراوەو براکەشی چاوی لەسەربووەو ماڵەکەشیان لەژێر چاودێریی پۆلیسی نهێنیدابووە، هاوڕێ شێخ عەلی لەگەڵ هاوڕێ حسێن نادر رێکەوتووە کە ئەو سویچی ئوتومبیلەکە لە شوفێرەکە وەربگرێ وشتەکان باربکات و ئەوجا بەبارکراوی پیکابەکە بداتەوە شوفێرەکەو رابەرەکەو ئەوان بڕۆن و ئەمیش بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، حسێن نادر دەچێ شتەکان باردەکاو عەلی کوڕیشی لەگەڵ خۆی دەبا.. گوایە بێ ئەوەی بڕیاربێ، ئۆفسێتێکیش کە لای ئەو پارێزراوە باردەکات. گوایە ماوەیەک بووە دەزگای ئەمنی رێژیم چاویان لەسەر ماڵەکەیان بووەو بۆ مەبەستی چاودێریی هەمیشەیی گوایە دەزگای ئاسایش نانەواخانەیەکیان بەرانبەر ماڵەکەیان کردۆتەوەو، هەر دوای دەستگیرکردنی برادەران نانەواخانەکەش داخراوە.

کاتێک حسێن نادر بە شتەکانەوە ئۆتومبێلەکە دەباتەوە شوێنی دیاریکراو، لە گۆڕەپانی نزیک مزگەوتی کوەیتی لەسەر رێگای رەحیماوای کەرکوک، لەناکاو دەیان چەکدار بەبەرگی کرێکارەوە لە ئۆتمبیلی شارەوانی دێنەخوارەوەو بەسەرکردەیی جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکوک، دەوریان دەگرن. داخەکەم هاوڕێ شێخ عەلی بۆ چاوەڕوانی گەڕانەوەی حسێن نادر لە کارەکەی دەچێتە ماڵی ئەوان دادەنیشێ ولە تەلەفیزیۆن تەماشای بەرنامەی وەرزش دەکا، هەروا هاوڕێ ئەحمەد رەجەبیش لەدەربەندیخانەوە دەچێ بۆئەو ماڵەی خوشکەکەی کە خێزانی حسێن نادرە.

لەناکاو هێزی ئاسایش دەدەن بەسەر ماڵەکەداو هەردووکیان دەگرن.

دواتر زانیمان کە لە دایەرەی ئەمن لە پەنجەرەی ژوورێکی تاریکەوە یەکێک هاوڕێ شێخ عەلی بە جەللادەکان ناساندووە. دواجار لە بەندییەکانەوە کە بەرەودوا بەربوون، زانیمان هاوڕێ شێخ عەلی براوە بۆ بەغداو، لەوێش بە چەشنێکی دڕندانە ئازاری دراوە، بە درێژایی هەژدە رۆژ ئازاردراوە، بەجۆەها شێوەی ئازاردان، گوایە تەنانەت سەدام حسێن کە ئەودەم جێگری سەرکۆماربوو بەدەستی خۆی چەندجار ئازاری داوە، بەڵام هاوڕێ شێخ عەلیی باوەڕ پۆڵایین تا دوا هەناسە بەرگری لە حیزب و بیروباوەڕەکەی کردووەو بەچەشنێکی بێزەوەر تا مردن ئازاری چەشتووە، بەسکی برسی و بەشێوەیەکی وا ناڕەوا کەلە باسکردن نایەت و تەنیا لە کرداری ئەو فاشیستانە دەوەشێتەوە، ئەم کەڵەپیاوە لە حیزب و گەلەکەی زەوتکراوە، دوا هەناسەی لەبەربڕاوە.. تەنانەی پیاوکوژانیش لە خۆڕاگری و نەبەزی و کۆڵنەدانی ئەم شێوعییە راستەقینەیە سەریان سورماوە.

جەللادەکان زۆر بەداخ و کینەبوون لەم رابەرە نەبەزە، دەیانزانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی عێراقە، دەشیانزانی ماوەیەک لە هێڵی رێکوپێکی حیزب لەسوپادا خەباتی کردووەو سەرپەرشتیی ئەو رێکخراوەی لە کەرکوک کردووە، ئەمەش بەهۆی زانیاریی کۆنیان و لە ئەنجامی روخاندنی هەندێ کەسانی لاوازەوە. بەڵام هاوڕێی نەمر بووە نموونەیەکی زیندووی خۆبەختکردن و چاونەترسی و ئازایەتی و خۆڕاگری.

لەچاوپێکەوتنی هەندێک لە گیراوەکان، لەدوای بەربوونیان، کەلەسەر داوای حیزب چاوم پێیانکەوت و گفتوگۆم لەگەڵکردن، گەیشتمە ئەو راستییە: 

یەکەم: هاوڕێ شێخ لەیەکەم ساتی گرتنەکەیەوە خۆڕاگرو نەبەزانە رەفتاری کردووەو بڕیاریداوە کە تا مردن بەرگری لە حیزب و بیروباوەڕی بکات و دوژمن ببەزێنێ وهیچ نهێنیەکی حیزبی نەدرکاندووە.

دووەم: بەو پەڕی توانای هەوڵیداوە کە هەموو "تاوانێک!" بخاتەئەستۆی خۆی و گوتوویە من خۆم بەرپرسم لەو شتانەی کە گیراون و لە هەموو مەسەلەکەو ئەو کەسانەی کە گیراون هێچ دەورێکیان نییەو بەرپرسنین.

سێیەم: لەمەسەلەی گرتنەکەدا، سەرەڕای هەندێ هەڵەو ناتەواوی کەسانێکی ناپاک و پاشان لە گرتنەکەدا کەسانێکی لاواز هەندێ نهێنیی کارەکەوحیزبیان درکاندووەو، بەڵام هاوڕێ شێخ عەلیی قارەمان بە کردەوە سەلماندی کە لەمردن بەهێزترەو چووە ریزی نەمرانەوە.

شەهیدبوونی هاوڕێ شێخ عەلی هەموومانی دڵگیرکرد، بەوەی کە هاوڕێیەکی بەوەفاو دڵسۆزو برادەرێکی ماندونەناس و برایەکی بەڕاستیمان لەدەستچوو، گەڵ و حیزبەکەیشی تێکۆشەرێکی سەربەرزو قارەمانی دلێریان لەدەستچوو کە مایەی شانازییە بۆ شیوعییەکانی ئێستاو، نەوەکانی ئایندەش دەبێ چێرۆکی ئازایەتی بێسنووری بخوێننەوە.

ئەیلولی ١٩٩٦

پەڕاوێز:

١- حیکمەت، ناوی نهێنی ئەوکاتەی نووسەرە( جەلال دەباغ).

٢- هاشم خالید،ناوی نهێنیی ئەو کاتەی هاوڕێ شێخ عەلی یە. 

٣- هاوڕێ شێخ عەلی برای شاعیری ناسراوی کورد مامۆستا(ع.ح.ب) یە کە ناوی راستی(شێخ محەمەدی شێخ حسێنی بەرزنجەییە) ، بەڵام لەرووی خۆشەویستی و شانازی بە شێخ عەلی یەوە ناوی شیعریی خۆی کردۆتە(ع.ح.ب) شێخ عەلیی نەمر گەلێک لە شیعرەکانی کاکی لەبەر کردبوو، زۆرجار لەبەر بۆی دەگوتین.

* لەکۆتایی شەستەکاندا، لەکاتێکدا هاوڕێ شێخ عەلی لەماڵی هاوڕێ عوسمان دانشدا خۆی لە رێژیمی دیکتاتۆری شاردبۆوەو لەو ماڵەدا هەندێ کەلوپەلی چاپەمەنیی حیزبی هەبوون، چەکدارانی ( بەکرەجۆ) بە سەرۆکایەتی (نەوزاد) ناوێک مەفرەزەیەکیان دای بەسەر ماڵەکەدا، هاوڕێ شێخ عەلی لەوێدا گیراو هەندێ نامەو بەڵگەنامەی حیزبی و دەمانچەکەی پێگیراو شتیتر نەدۆزرانەوە، لەمەشدا هاوڕێ شێخ هەڵوێستی شیوعییانەبوو، پاشان ئەو هێزە سیاسیەی ئەودەم(بەکرەجۆ) یان کردبووە بنکەی خۆیان، دوای پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئەوان ئازادیانکردو نامەو بەڵگەنامەکانیان گێڕایەوە، بەڵام دەمانچەکەیان نەدایەوەو بۆخۆیان بردیان، لەناو نامەکاندا وتارێکیان بەرچاوکەوتبوو، ناوی (مرۆڤ) ی لەسەر نووسرابوو، زۆریان هەوڵدا ئەو مرۆڤ ناوە بناسن، بەڵام نەیانزانی کە هاوڕێ شێخ عەلی خۆیەتی و(مرۆڤ) ناوە حیزبیەکەی بوو. ئەو وتاەشی بۆ رۆژنامەی (ئاڵای کارگەران) نووسیبوو کە بەناوی کۆمیتەی پاریزگای سلێمانییەوە چەند ژمارەیەکمان لێ دەرکردو، نووسەری ئەم چەند دێڕە رۆڵێکی سەرەکی لە دەرکردنیدا پێ سپێردرابوو.

سەرچاوە: لە گۆڤاری (بیری نوێ) ژمارەی ٢٧ ئەیلولی دا٢بڵاوکراوەتەوە٠٠٠

  • 1