ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وشكبوونەوەی زەوی و ئاوابوونی گەواڵەكانی نیسان قوربانیی تێپەڕینی ئەو هەورە بێ‌ بارگاویانەن كەلە هەفتەكانی ئەم مانگەدا دووبارە دەبنەوە، دەڵێن 30 ساڵە هەر هەورێك لە بیابانەوە دێ‌ و بێرەدا بەسەر پێدەشتەكانی ئەم نیشتمانەدا رەتدەبێ‌ بروسكە و ناڵەیەكی ئاگرینی لێ‌ هەڵدەستێ‌، وردە بارانێكی پێیە هەر لە فرمێسكی جووتیارو گریانی ژن و منداڵ و ئەولاوە وشك بوانە دەچێ‌ كە30 ساڵ لەمەوبەر خوێنیان پژا، دەڵێن ئەم نمە بارانە سوورباوانە هەر بۆ ئەو گوندانەن كە ئەوێ‌ رۆژێ‌ خاپوركران، ئەو رۆژانەی گرمەی تۆپ و زریپۆشەكانی سوپای ئەنفال هەورە بارگاوییەكانی شەق دەكردو وڵاتێكی نغرۆی تاوان دەكرد، ئیلهامیان لە كتێبە ئاسمانییەكان وەردەگرت بۆ دەسكەنەكردنی گیانی منداڵە گوناهەكان و ئەولاوە خێر لە خۆ نەدیوانەی ئەنجن بەئەنجن كران، پێیان وابوو مرۆڤەكانی ئێرە هەر هەموو یاخییەكانی خێڵە لماوییەكانی ئەوێن و دەبێت بچنەوە ژێر ئەو بیابانەی رەتبوونی گەواڵەكانی لێیە.

ئەو رۆژانە 30 ساڵ لەمەوبەر بوو، كەویژدانی مرۆڤایەتی لەگەڵ گەواڵەكاندا بێرەدا رەتبوون.هیچیان پێنەبوو جگە لە رق، جگە لە وەراندنی گیانی 182 هەزار مرۆڤ و بە دوای خۆیدا وشكە ساڵیان بەخشی ،هەر لەو كاتانەدا ئەو دەمامكانەیان لێ‌ بەربۆوە كە رووخسارە ناشیرینەكانی وەك خۆی و بە نهێنییەكانی ئەنفالیش ناساند.

رەتبوونی گەواڵەكان لەم مانگەدا، جووتیارەكان تووڕە دەكا، گەورەیی گوڵەكان دەباو قوربانییەكان دەبارێنێ‌، ئێستا ئیسقانە وردو خاش بووەكان و جل و بەرگە كون كون و ڕزیوەكانی ژێر لمە داغ بووەكەی ئەوێ‌ لە نامۆبوونیاندا ئێمەیان ونكردووەو بە ئازادی ئێرە نازانن، گیانەكان لە هەفتەكانی ئەم مانگەدا بێرەدا ڕەت دەبن‌وچیرۆكی رووداوەكان بە گەواڵەكان دەسپێرن: ئەو گەواڵە وشك‌و بێ‌ بارگاویانەی تەڕمان ناكەن, بایەكی لەگەڵ دایە هەر لە هەناسە ساردەكانی دایكان دەچێ‌‌و خۆیان بەكۆشك‌و تەلارە هەڵچنراوەكاندا هەڵدەواسن‌و ئاهو نووزەیان هەموو ساڵێ‌ لە هەفتەكانی ئەم مانگە دێتە بەر گوێ‌, ئێستاش لەپاشی زیل‌و رستەی چەكدارە بەرگ مغاویریەكان دەترسن‌و پێیان وایە ئەو مەرگەساتانەی 30ساڵ لەمەوبەر ئەوانی وەراند دووبارە بوونەوەی هەیە, ئێسقانە هەڵاتووەكان دەڵێن كردەكانی ئەنفال ئەوانەی ئەوێ‌ رۆژی ئێمەیان سوتاند هەر ماون! ئێستا لەپەناوپەسێی وڵاتە پڕ لە لم‌و هزرە ژەهراوییەكاندا پلان بۆ ونكردنی ئێمەو ئەو زیندووانە دەگێڕن كە لەوێ‌ لە ناوی ناوەوەی ئەو شوێنەی بڕیاری ئەنفالی لێدەرچوو هەوڵی تێكەڵكردنەوەی سنوورەكان دەدەن, دەیانەوێ‌ جیاوازییەكانی ئێرەی چیا‌و ئەوێی بیابان تێكەڵكەنەوە, ئێمە بە مێژوو ئێوەش بە قەدەرێك بسپێرن كە هەر لەو هەورانە دەچن كە بێرەدا ڕەتدەبن, بەئاسمانی ئەم ووڵاتەدا دێن‌و چاوویان لەو چیایانە بڕیوە كەبەسەر ئەواندا دەڕوانن هەر هەموو ئێوەیان ناوێ‌, ئەوان پاشماوەی كردەی ئەنفالن‌و ئایندەی ئەم ووڵاتە لەنەخش‌و هزرەكانی كتێبە ئاسمانیەكاندا هەڵدەهێنجن, هەر بۆیە هەموو ساڵێ‌ لە هەفتەكانی ئەم مانگەدا گەواڵەكان بێرەدا ڕەتدەبن.


  • 1