ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

   

 هەربژی یادی:

جەواد موراد هەمەوەندی و لەیلا قاسم و هاوڕێکانیان

 شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان

 

رۆژێکیان لەمانگی حوزەیرانی ١٩٧٣دا، لەکاتێکدا کەلە بەغدا وەک جێگری سەرنووسەری (بیری نوێ- الفکر الجدید) کارم دەکرد، نامەیەکم لە مەکتەبی سیاسیی حیزمان، حیزبی شیوعی عێراقەوە پێگەیشت، تێیدا نووسرابوو: "... هاوڕی جەواد موراد کە لەگەڵ قیادەی مەرکەزیی رۆیشتبوو، گەڕاوەتەوە بۆ حیزب و لەگەڵ ئەم نامەیەدا وەرەقەی ترحیلەکەیت بۆ دەنێرین، دوای ئەوەی تەلەفۆنت بۆ دەکات پەیوەندیی لەگەڵ بکەو، لەمەولا تۆ بەرپرسی دەبیت، تا لەپاشدا خۆمان ئاگادارت دەکەینەوە..." ئیتر لە وەرەقەی ترحیلەکەیدا نووسرابوو کە سیفەتی حزبی ئەندامەو ناوی حزبی و وشەی نهێنی بۆ پەیوەندی و باری سەرنجی حیزب لەبارەیەوە نووسرابوو کە هاوڕێمان بووەو لەگەڵ کەرتکارانی قیادە مەرکەزی رۆیشتبوو، هاوڕێیەکی ئازاو پاکە، رەخنەی توندی لەخۆی گرتووە کەلەگەڵ عەزیز الحاج  رۆێشتووە، دڵسۆزەو دەبێ بایەخی پێ بدرێت. 

دوای دوو رۆژ لە گەیشتنی نامەکەی م.س. هاوڕێ جەواد پەیوەندی کردو لە کات و شوێنی یەکتر دیتن ئاگادارمکرد. هەر ئەو رۆژە بۆ ئێوارەکەی لە شەقامی ئەبو نەواس یەکترماندی و یەکترمانناسی. لەو شەقامە لەسەر کورسییەکی چەپەک دانیشتین و، هەرچی هەبوو بۆی باسکردم و منیش هەرچێم هەبوو بۆم باسکردو رێکەوتین کە هەفتە یان دەرۆژ جارێک تەلەفۆنم بۆ بکات و بەتەلەفۆن هیچ شتێکی گرنگ نەڵێت جگە لە داوای یەکتر دیتن، ئەوکاتە پێی دەڵێم لە فڵان رۆژو فڵان کاژێر هەر لە شوێنی جاری پێشوو یەکتر دەبینین بێ ناوبردنی شوێنەکە. بەمجۆرە هەموو دیدارێک لەو شوێنەو لەسەر ئەو کورسییە، زانیاریمان ئاڵوگۆڕ دەکردو هەندێ جار لەوناوەش پیاسەماندەکرد. 

هاوڕێ جەواد گەنجێکی گەشبین و قسەخۆش و نوکتەزان و جەماوەری بوو، خەڵکی زۆر دەناسی، هەواڵ و رووداوی زۆری باسدەکردو، منیش زۆرجار دەمکردە راپۆرتێک و بۆ حیزبم دەناردو هەندێک جار ئەو هەرچی هەبوایە بە نوسراوی دەیدامێ و، مانگانە ئابوونەکەیم لێوەردەگرت و بۆ حیزبم دەنارد. 

بەمجۆرە پەیوەندیمان بەردەوامبوو، یەکدوجار لە قسەکانیدا باسی کیژێکی کوردی کرد بەناوی لەیلاو گوتی لە کوردانی بەغدایەوپەیوەندیی خۆشەویستیم لەگەڵی هەیەو زانیومە کە پاڵێوراوە بۆ ئەندامەتی حیزب. گوتم زۆرئاگاداربە چونکە دامودەزگای ئەمنی بەعس ئافرەت بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردێنن. لە وەڵامدا گوتی خەمتنەبێ زۆر جێگەی باوەڕەو باشی دەناسم،  تا رۆژێکیان لە سەرەتای ئازاری ١٩٧٤دا لەکاتی دیدارماندا وتی: " هاوڕێ جەلال دەمەوێت مەسەلەیەکی گرنگت لەگەڵ باسبکەم، لقی پێنجی پارتی دوای رۆیشتنی بەرپرسەکەی کە مامۆستا ساڵح یوسفییە، پەرشو بڵاوبوونەتەوە، زۆریان دەناسم کە کوردی بەغدان، جائەگەر حیزب رێگەمبدا کۆیاندەکەمەوەو لەناویاندا رؤڵێکی ئەرێنی و باشمدەبێت.." لەوەڵامدا گوتم دەبێ پرسی حیزب بکەین، کەپرسیم هاوڕێکەی م.س. گوتی خۆت باشتردەزانیت، رێگەپێدراویت چونت پێباشە وابکە. لە دیدارێکی ئایندەدا دوای گفتوگۆو تاووتووکردنی باسەکە پێمگوت پێشنیازەکەت باشە بەڵام زۆر ئاگاداری خۆتبە، ئیتردەستبەکاربوو، زۆریانی رێکخستەوە. لەدیدارێکی زۆردواتردا گوتی داوامکراوە بچم بۆ دیداری برادەرێکی سەرکردایەتی پارتی لە بارەگایەکی پێشمەرگە لەوبەری سیروان، واتە لە ناوچەی مەیدانی سەربەقەزای خانەقین. کە گەڕامەوە چی هەبێت بۆت باسدەکەم. گوتم باشە بەڵام لەو سەفەرەو هاتنەوەتدا زۆر ئاگات لەخۆتبێ.!

ئێوارەیەکیان لە تەلفزیۆنی بەغداوە بڵاوکرایەوە کە" باندێکی تێرۆریست لە بەغدا دەستگیرکراون کە تەقەمەنی و چەکیان پێگیراوەو ویستویانە سینەما ئەتڵەس و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بتەقێننەوە! کە ئەمانەن: جواد موراد هەمەوەندی، لەیلا قاسم حەسەن،  ئازاد سڵێمان میران، نەریمان فوئاد مەستی و حەسەن حەمە رەشید"، بۆ رۆژی دوایی رۆژنامەکانی بەغدا لاپەڕەکانیان بە "راستیگوتن- ئیعتیرافەکانی ئەم باندە!" پڕکردبۆوە. ئیتر یەکەوڕاست هاوڕێیانم ئاگادارکردەوە کە هاوڕێ جەوادیشیان لەگەڵەو بۆماوەی هەفتەیەک خۆم شاردەوە تا دڵنیابووم کەهاوڕێ جواد هەڵوێستی باشبووەو ئیعتیرافی نەکردووەو، ناوی منی نەبردووە.

لەڕاستیدا هەر لەسەرەتاوە کە گوێم لە هەواڵ و راگەیەندراوەکەی تەلەفزیۆن بوو، پاشان "ئیعتیرافەکانیان"م لە رۆژنامەکاندا خوێندەوە، گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە ئەمە شانۆگەرییەکە لەلایەن دەزگای داپڵۆسێنەری ئەمن و هەواڵگریی رێژیمی سەدامەوە رێکخراوە، چونکە نە لەبیروبۆچوونی جەواد هەمەوەندی و، نەلە سیاسەتی شۆڕشی ئەیلول و پارتیدابووە کە کاری تێرۆریستی لەدژی جەماوەر ئەنجام بدرێت. هەر رێژیمە دیکتاتۆرەکانی دوژمنانی گەلەکەمان بووە کە کردەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردیان  بەتێرۆرو یاخیبوون و شتیوا تۆمەتبارکردووە!

پاشان دادگا داتاشراوەکەیان بەناوی "دادگای شۆڕش"! بەسەرۆکایەتی جەللادی تاوانکار (جاراللە عەللاف)و ئەندامەتی تاوانکاران عقید یونس رەئوف دوری و عقیدی حقوقی راغب فەخری لە٢٠/٤/١٩٧٤دا دەستیانکرد بە دادگایی کردنی( جەواد موراد هەمەوەندی، لەیلا قاسم حەسەن، نەریمان فوئاد مەعروف مەستی، ئازاد سڵێمان بایز میران و حەسەن حەمەرەشید) ، (شەهید حەسەن حەمەرەشید برای چیرۆکنووس وئەدیبی ناسراو کاک حەمەرەشید فەتاحە کە لە باوکمەوە خزمی ئێمەن) بریاری دادگا داتاشراوەکە بەئاشکرا لە ٣٠/٤/ ١٩٧٤دا راگەیەندراو لەرۆژی یەکی ئایاری ١٩٧٤دا لەرۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە کە هەرپێنجیان لە سێدارە بدرێن تامردن. هەروا "لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویست لەدژی گوناهبارکراوان (سەبری خۆشناوو شیروان رەشید هۆمەری) دادگا بڕیاری دا بەربدرێن". "دەستگرتن بەسەر کەلوپەلی تاوانەکەو پارەی کاش کە پێیانگیراوەو دانانی تاوانەکە بە ئاسایی و ئابڕوبەر" بەشێکبوون لە بڕیاری دادگا داتاشراوەکەیان!.

لەرۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤دا لەناو بەندیخانەی ئەبو غرێب هەرپێنچ تێکۆشەرە قارەمانەکە لەسێدارە دران.

دوای ئەمە تاماوەیەک دایکی لەیلاقاسم لەبەغدا لە هەر پرسەیەکدا ئامادەبووایە بەگریانەوە کراس و تەنورەیەکی سوورو زەردی لەیلای رادەوەشاند.

لەم رۆژانەدا کە ٤٤ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی جەواد هەمەوەندی و لەیلا قاسم و ئازاد میران و نەریمان مەستی و حەسەن حەمە رەشیددا تێپەڕدەبێت، گەلی کورد لەڕیزی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا تۆماری کردوون ویادو قوربانیدانیانی زۆربەرز نرخاندووەو  هەمیشە بەنەمریی دەمێننەوە.

جەللادەکانیش لەنمونەکانی تاوانبار جاراللە عەلافی سەرۆکی دادگا داتاشراوەکەیان  وئەوانیترو سەدامی سەرۆکیان کەوتنەناو کەلاوە کۆنی مێژوو، بەرنەفرەتی گەلی کوردستان وگەلی عێراق و بە دادگاییکردن ولەسێدارەدانی هەندێکیان تۆڵەی گەلیان لێکرایەوە..

هەربژی و پایەداربێ یادی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان و گشت شەهیدانی رێگای ئازادیی چینی کرێکارو گەلە تێکۆشەرەکامان..!

  • 1